ئاوات ئەحمەد سوڵتان
(5)
گومانگەرایی
قەت لە خۆتت پرسیوە چی دەزانیت؟ یاخود ئایا دڵنیایت لەوەی شتێک دەزانیت؟ تۆ ئێستا دانیشتوویت و لە مۆبایلەکەتەوە، ئەم وتارەی من دەخوێنیتەوە. باشە! دڵنیایت لەوەی خەون نابینیت و لە خەونەکەتدا خەریکی خوێندنەوەی وتارێکیت کە وادەزانیت سوڵتان نوسیوێتی؟
رەگێکی گومانگەرایی دەچێتەوە ناو ئەکادیمیاکەی ئەفلاتون! ئەو بەردەوام جەختیدەکرد لەسەر ئەوەی، هەستەکانمان فریومان دەدەن، ناتوانین پشتیان پێ ببەستین، دەبێت بەردەوام گومانیان لێ بکەین
چۆن؟ بەبڕوای تۆ رێی تێدەچێت خەون ببینیت و تێیدا لە مۆبایلەکەتەوە وتارەکەی من بخوێنیتەوە؟ بێگومان ڕێی تێدەچێت! ئەمجۆرە خەونانە رۆژانە دەبینرێن. دەی باشە، کێ دەڵێت ئێستا تۆ لەگەرمەی خەونبینیندا نیت؟ بە شێوەیەکی دیکە: دەتوانیت بیسەلمێنیت لە ئێستادا بێداریت و نەخەوتوویت؟ دەبینیت؟
شتێکت پێ بڵێم! ئەو وشەیەی ئێستا لە زمانی ئینگلیزیدا بۆ گومانگەرایی بەکاریدەهێنن، واتە (سکێپتسیزم) لە ئەسڵدا لە وشەی(سکێپتیکۆس) ی یۆنانییەوە هاتووە مانای پرسیارکردن یان گومانکردن دەگەیەنێت. بەڵام خۆ گومانکردن هەر لە سروشتی مرۆڤ خۆیدا هەیە، لە ژیانی ڕۆژانەماندا زۆرجار گومان لە شتێک، ڕووداوێک، کەسێک .... هتد دەکەین. دەی باشە! هەر ئەمە چۆتە ناو فەلسەفەوە و پەرەی پێدراوە. چۆن؟ تۆ ڕەنگە گومان لەشتێک بکەیت، یان لەبەشێکی دڵنیا نەبیت؛ بەڵام ئەرگومێنتە فەلسەفییەکان زۆر لەوە گشتیترن، ئەوانە گومان لە جۆر و چەشنەکانی بەڵگەهێنانەوەکان دەکەن: وەک بەڵگە هەستییەکان، گەواهییەکان، بگرە تەنانەت بەڵگە لۆجیکییەکانیش.
رەگێکی گومانگەرایی دەچێتەوە ناو ئەکادیمیاکەی ئەفلاتون! ئەو بەردەوام جەختیدەکرد هەستەکانمان فریومان دەدەن، ناتوانین پشتیان پێ ببەستین، دەبێت بەردەوام گومانیان لێ بکەین. نموونەیەکی خۆشت لەمبارەیەوە پێ بڵێم؟ لەشارێک شەش کەسی نابینا دەبرێنە لای فیلێک و دەڵێن هەریەکەتان بۆتان هەیە دەست لە جێگایەکی بدەن و دوایی پێمان بڵێن شێوەی فیل چۆنە. یەکەمیان دەست لە کلکی دەدات و دەڵێت فیل وەک ‹گوریس› وایە. دووهەمیان لە لاتەنیشتەوە دەست دەدات لە لەشی و دەڵێت لە ‹دیوار› دەچێت، سێهەم تەنها دەست لە کەڵبەکانی دەدات و دەڵێت هاوشێوەی ‹خەنجەر›ە، چوارەمیش دەستی بەر خەرتومەکەی کەوت و وتی دەڵێیت ‹مار›ە، پێنجەم گوێچکەی گرت و وتی ئەڵێی ‹باوەشێن›ە شەشەمیشیان دەستی بەر قاچێکی کەوت و وای زانی لە ‹قەدی درەخت› دەچێت.
یانی! بەڵگە هەستییەکان بەس نین بۆ ئەوەی زانینی دروستمان دەربارەی جیهان پێببەخشن.
وتاری هەفتەی پێشومت خوێندەوە؟ بەڕاست تۆ چۆن دڵنیا دەبیت لەوەی ئەم وتارەش هەر من نوسیومە؟ یاخود ئایا من هەر هەمان ئەو کەسەم کە وتارەکەی دوو هەفتە پێش ئێستای نوسیوە؟
کێ ناڵێت قسەکەی جەمال پیرەی هاوڕێم ڕاست نیە، کە بۆ قۆشمەیی دەڵێت «تۆ هاوسەرەکەت کارەکانت بۆ دەکات و بەناوی خۆتەوە بڵاویان دەکەیتەوە.» بەڕاست تۆ چووزانی ئەم وتارە یان ئەوەی پێشوو هاوسەرەکەم نەینووسیوە؟ تەنها ئەوەندە بەسە سەیری وێنەیەک بکەیت لە ژێریدا نوسراوە سوڵتان؟ یاخود ڕەنگە خەونت بینیبێت و لەوێدا وتارەکەت خوێندبێتەوە، کێشەیەک لە یادەوەریتدا هەبێت، جۆرە هەڵەیەک کە من نازانم چیە، ڕوویدابێت! ئەمانە ڕێیان تێناچێت؟ئەمەندە بۆ ئەفلاتون بەسە.
فیرۆنی ئیلیسی بە فەیلەسوفی گومانگەرایی ناسراوە، پرسەکەی بردە ئاستێکی باڵاترەوە، بە بڕوای ئەو ئێمە دەبێت گومان لە هەموو شتێک بکەین، هەموو شتێک بخەینە بەر پرسیار و گومان تەنانەت لە خودی گومانکردنیش بکەین و نابێت هەرگیز بە دەرەنجامێک ڕازی ببین کە پێی دەگەین، چونکە پرۆسەی گومانکردن بێکۆتاییە. بەڵام فیرۆن دەپرسێت: بەڕاست! ئایا زانین خۆی شیاوە؟ واتە ئایا ئێمە دەتوانین بزانین؟ جا لە ڕێگای هەستەکانەوە بێت، یان ئەقڵ، یان هەر شتێکی دیکەوە! فیرۆن دەمانباتە جێگایەک گومان لە بوونی ئەقڵی دیکە، بوونی دیکە، پێڕەوی ئاینی... هتد بکەین.
چیرۆکێکی خۆشت بۆ بگێڕمەوە: جارێکیان فەیلەسوفێکی چینی لە خەونیدا ببوو بە پەپوولە، کاتێک بێدار بۆوە پرسی: ئایا منمرۆڤێکم لە خەونیدا بوو بە پەپوولە، یاخود ئێستا پەپولەیەکم لە خەونمدا بووم بە مرۆڤ.جیهانی خەون و واقیع ئەوەندە تێکەڵاون بە جۆرێک کە بۆمان لێک جیاناکرێنەوە.
پرسیارێک: ئایا لە خەوندا بەڵگەنەویستە زانستییەکان، هاوکێشەکان وەک خۆیان دەمێننەوە. بۆ نموونە: ئایا سێگۆشە هەر سێ لای هەیە؟ یان چوار و چوار دەکاتە هەشت؟ یانی! بەڵام خۆ فەیلەسوفەکان مڵۆزمن، بۆیە دەبینین ڕینە دێکارت ڕێگایەک دەدۆزێتەوە بۆ گومانکردن لەمانەش. دێکارت ڕێگایەکی دۆزییەوە بۆ گومانکردن لە هەموو شتێک، تەنانەت فاکتە ئەبستراکتەکانیش (وەک ئەوەی لایەکانی چوارگۆشە یەکسانن).
ئەو ئەندێشەی کرد بلیمەتێکی بەدکار، جنۆکەیەک، کۆنترۆڵی هەموو نەزک و درککردنە هەستییەکانت بکات، وەک ئەمە: سەیری مۆبایلەکەت دەکەیت، ئەو وا دەهێنێتە بەرچاوت ئەوە سێوێکە و هانت دەدات قەپی لێبگریت! خۆ ئەگەر مۆبایلەکەت (ئەپڵ) بوو، ئەوە چاکتر. لەپاڵ ئەوەشدا هەموو زانیارییەکانت دەربارەی ماتماتیک، فیزیا، ئەندازە، دەشێوێنێت، کورد وتەنی داری بەسەر بەردیەوە ناهێڵێت. یانی ئیتر بەلاتەوە ئاسایی دەبێت کە دوو کۆ دوو بکاتە هەشتا و پێنج، یاخود بازنە گۆشەی هەبێت، مێشوولەت لێ ببێت بە فیل.
لەم وتەیەی دێکارت ورد ببەرەوە: هیچ شتێک هێندەی ئازارچەشتن بۆ ناخی مرۆڤ ڕاستەقینە نیە، من کەسانێکم بینیوە دەست یان قاچیان بڕاوەتەوە، کەچی زۆرجار هەستیان بە ئازار کردووە لەو بەشەدا کە بڕاوەتەوە، کە چیتر نەماوە. فریودان لەمە زیاتر چی؟ دێکارت بە جێگایەک دەگات کە تەنانەت گومان لەوەش دەکات هەر لە ئەسڵدا جەستەی هەبێت.
ئەم سیناریۆیەی دێکارت بە جۆرەها شێوەی دیکە داڕێژراوەتەوە، نوێترینیان بوونی مێشکێکە لەناو شووشەکدا: کە بە هەر شێوەیەک بێت پێوەستکراوە بە کۆمپیوتەرێکی شاراوەوە، کۆمپیوتەرەکە نیشانە دەنێرێت بۆ مێشکەکە و کاردانەوەکانیشی لێ وەردەگرێتەوە. کاتیک مێشکەکە نیشانە دەنێرێت بۆ بەرزکردنەوەی دەست، کۆمپیوتەرەکە بە ڕێگای دیجیتاڵی خۆی بەرزکردنەوەی دەست و هەستپێکردنی دەسازێنێت و ڕەوانەی مێشکەکەی دەکاتەوە. هەمان شت بۆ بینین و بیستن و هەستەکانی دیکە.
چی ڕوودەدات؟ ئەو مێشکە بەتەواوی لە جیهانێکدا دەبێت کە بۆ خۆی ڕاستەقینەیە، بینراوە، بەرهەستە، لە هەموو ڕوویەکەوە. بەڵام ئەمە وایە؟ یاخود هەمووی نیشانەی ئەلەکترۆنییە. بۆ نموونە دەتوانێت ئەزموونی دانیشتن لە کافێیەک بکات و بۆنی نێرگەلەی کەسێک لەولاوە بەسەریدا بێت و گوێ لە تەقەی دۆمینەی چەند کەسێک بێت و چاوی لە کچە سەدری لەبەرەکە بێت کە قاوەیەکی ئەسپرستۆی بۆ دەهێنێت. یانی کۆمپیوتەرەکە دەتوانێت وا لە مێشکەکە بکات کە لە مەلەوانگە بێت، لە ڕیزی مووچەدا وەستابێت .... هتد.
بەڕاست! دەی کەواتە چ گرەنتییەک هەیە بۆ ئەوەی تۆ ئێستا مێشکێک نیت لەناو شووشەیەکدا و وایەرلێس بە کۆمپیوتەرێکی شاراوەوە کۆنێکت نەکرابیت؟ نموونەیەکی ئاسانترت پێ بڵێم؟ لە دیدی موسوڵمانانەوە کتێبێک هەیە ناوی لەوحی مەحفوزە، لەوێدا هەموو ئەو شتانەی ڕوودەدەن تادوایین ساتی بوونی جیهان، تۆمارکراوە. ئەگەر ئەمە وابێت؛ ئەوە تۆیت دانیشتوویت وتارەکەی من دەخوێنیتەوە، یاخود ئەوەی لە داتابەیزەکەدایە (لەوحی مەحفوز) جێبەجێ دەبێت؟ دەزانیت ئەمە گرفتێکی گەورەی بۆ موسوڵمانەکان ناوەتەوە و دنیایەک خوێنی لەسەر رژاوە! چۆن؟ چونکە موسوڵمانەکانی کردووە بە دوو بەرەوە: بەشێکیان بە جەبرییەکان ناسراون و دەڵێن ئەوەی دەبێت دەبێت ببێت و ئێمە هیچ ئیرادەیەکمان تێیدا نیە، بۆیە بەرپرسیار نین لێیان. بەشێکیشیان دەڵێن: نەخێر ئێمە ئازادین و بە ئیرادەی خۆمان هەڵدەسوڕێین، بۆیە بەرپرسیارین.
لێرە ماویت؟ بۆچی نوقورچێک لەخۆت ناگریت؛ بەڵام ئایا ئەوە سوودی هەیە؟ کۆمپیوتەرەکە دەتوانێت هەموو پێداویستییەکانی هەستکردن بە نوقورچلێگیران ئامادە بکات و ڕەوانەی مێشکتی بکات. بەڕاست جیاوازی چیە لەنێوان ئەوەدا کە مێشکت لەناو کەللەی خۆتدا بێت، یاخود لەناو شوشەیەکدا. لەکۆتاییدا جیهان چیە جگە لە هاتووچۆی ئاماژەکان بۆ مێشکت و بە پێچەوانەوە؟ شەیتانەکەی دێکارتیش هەمان شتی لەدەست دێت.
گومانگەراکان پێداگریی ناکەن لەسەر ئەوەی تۆ مێشکێک بیت لە ناو شووشەیەکدا، بەڵکو دەڵێن تۆ لە بارێکی ئەوەندە ناهەمواردایت کە ناتوانیت جیاوازیی لەنێوان دوو حاڵەتەکەدا بکەیت. یانی دەتوانیت سەیری دەستەکانت بکەیت و بڵێیت: ئەمانە هی منن. بەڕاست! ئەی ئەگەر کۆمپیوتەرەکە ئەم هەستەی لا دروستکردبوویت؟
ئەو ئاماژانەی لە جەستەوە دەگاتە مێشکت بە زۆریی فریودەرن و شایستەی متمانە پێکردن نین. یانی! لەباشترین حاڵدا سەیری دەستەکانت دەکەیت و دەزانیت ئەوانە دەستی تۆن، بەڵام ئەگەری ئەوەش هەیە کە حاڵەتێک بێتە پێشەوە و بڵێیت: من بەس مێشکم، مێشکیش دەستی نیە. ئەمە حاڵەتە خراپەکەیە. هەرچۆنێک بێت، تۆ ناتوانیت بە لایەکیدا بخەیت و بیسەلمێنیت کە ئەوەیان دروستە.
جارێکی دیکە سەیری بکەرەوە: لە هەرسێ حاڵەتەکەدا، واتە ئەرگومێنتی خەونبینین و بلیمەتە بەدکارەکە و مێشکی ناو شووشەکە، هەرسێکیان جەخت لەسەر ئەوە دەکەن، کە دڵنیابوونێکی یەکلاییکراوە لە شتەکان، ئەستەمە! لەوێوە گومان لە هەموو شتێک دەکرێت، کە تۆ خۆبەخۆ وەک زانینێکی یەکلاییکراوە وەریدەگریت. ئەمەیان وێنە گشتییەکەیە، گومانگەراییە لەئاستی بووندا، لە ئاستێکی گەردوونیدا. بەڵام خۆ دەتوانیت گومان لە هەندێک بابەتی تایبەتیش بکەیت:
چۆن دەتوانیت لە رابردوو ورد ببیتەوە: ئەو شتانەی لە یادەوەریتدا هەن، کەلوپەلەکانی دەوروبەرت، بەڵگە زانستییەکان و شوێنەوار و بۆماوەکان و بەبەردبووەکان، هەموویان ئاماژەن بۆ ئەوەی جیهانەکەمان زۆر دێرینە. بەڵام، ئەی ئەگەر هەموو ئەمانە بەرهەمی ئەندێشەکردنی تۆ بوون چی؟
با لێرەدا رابوەستم و جاری داهاتوو بیر لە چارەسەرێک دەکەمەوە.