کەمبوونەوەی پرۆسەی هاوسەرگیری لە هەرێمی کوردستاندا، کچان و کوڕان قەیرە دەکات

09:54 - 2024-07-21
ڕاپۆرت
359 جار خوێندراوەتەوە
پێویستە حکومەت پاڵپشتی دارایی گەنجان بکات بۆ چوونە ناو ژیانی هاوسەریی

راپۆرتی/ حسێن عەزیز

قەیرەیی واتا دواکەوتنی پێکهێنانی ژیانی هاوسەریی کچان و کوڕان، كەمبوونەوەی رێژەی ژنهێنان و شووکردن هۆكاری سەرەكی قەیرەبوونی كچان و كوڕانە، ئەو پرۆسەیە وەك بەشێكی دانەبڕاوی ژیانی خێزانی و كۆمەڵایەتی لە هەرێمی كوردستاندا، لەژێر كاریگەریی گۆڕانكارییە سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابوورییەكاندایە.
شەمسە كەریم كچێكی تەمەن 55 ساڵە، لە سەرەتاکانی تەمەنیدا خوازبێنی زۆر بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی دایکی بە تەنها بووە بڕیاریداوە شوو نەکات، شەمسە دەڵێت: تا دایکم مابوو ژیانم ئاسایی تێدەپەڕاند، بەڵام ئێستا کە دایکم کۆچی دوایی کردووە و بە تەنها دەژیم دەزانم کە بڕیارێکی هەڵەم داوە و دەبوو وەک خوشک و براکانم لە تەمەنی خۆمدا شووم بکردایە و قەیرە نەبوومایە.
هۆکارەکانی قەیرەیی
یاساناس عەدنان مەلا ساڵح بە كوردستانی نوێی راگەیاند: كەمبوونەوەی رێژەی ژنهێنان و شووکردن پەیوەستە بە خراپی باری ئابووری گەنجانەوە، نەبوونی پاڵپشتی دارایی و كەمبوونەوەی هەلی كار و بەرزیی نرخی یەكەكانی نیشتەجێبوون، هەروەها گرانیی نرخی زێڕیش كاریگەریی خۆی هەیە.
وتیشی: كەمبوونەوەی ژنهێنان و شووکردن هاوتەریبە لەگەڵ زیادبوونی رێژەی تاوانی رەوشتی و خێزانیی لە كۆمەڵگەدا، بەشێك لەو گەنجانەی ناتوانن ژنبهێنن یاخود شوو بکەن  كەوتوونەتە ناو پەیوەندیی ناشەرعییەوە كە كێشەی یاسایی لێدەكەوێتەوە.
وەك بەشێك لە چارەسەر بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی ژنهێنان و شووکردن، یاساناسەکە داوای پاڵپشتی لە حكومەت دەكات بە پێدانی پێشینەی هاوسەریی و خانووبەرە بەو كەسانەی شوو دەکەن و ژندەهێنن یاخود پێدانی یەكەی نیشتەجێبوون بەنرخی گونجاو و قیستی درێژخایەن.

 

یاساناسێک: كەمبوونەوەی رێژەی پرۆسەی هاوسەریی پەیوەستە بە نەبوونی پاڵپشتی دارایی، كەمبوونەوەی هەلی كار، بەرزیی نرخی یەكەكانی نیشتەجێبوون و گرانیی نرخی زێڕ


 

کاریگەرییە دەروونییەکانی قەیرەیی
بەیان حەمەتاهیر پسپۆڕی دەروونی و مامۆستای زانكۆ لەبارەی قەیرەییەوە دەڵێت: پێش چەند ساڵێك دابونەریت كاریگەریی لەسەر قەیرەبوونی كچان دادەنا، بەڵام ئێستا ئەو حاڵەتە كەم بۆتەوە، كچان بە دیار باوك و دایكەوە نامێننەوە بۆ خزمەتكردنیان و زۆرجار کچان و کوڕان لەگەڵ کەسانی بیانی ژیانی هاوسەریی پێکدەهێنن.
وتیشی: قەیرەیی كاریگەریی دەروونی لەسەر کەسەکە جێدەهێڵێت كە لەقۆناغەكانی ژیاندا جیاوازن، لە تەمەنی 22 ساڵیدا تووشی جۆرێك لە دڵەڕاوكێ دەبێت و لەو تەمەنەدا شوو نەكات دڵەڕاوكێی زیاد دەبێت و نیشانەی خەمۆكی تێدا دەردەكەوێت و پەشیمانە لەوەی لە کاتی خۆیدا شووی نەکردووە، لە تەمەنی 35 ساڵی بەدوا خەمۆكییەکەی قورس و توند دەبێت و دەبێتە گرێی دەروونی.
پێویستە كەسی قەیرە ئەوەندە هۆشیاربێت كە قەیرەبوون ئەوەندە مەترسی نییە لەسەر ژیانی، بەشێكی ئەو ترسە بیركردنەوەیە لە ژیانی داهاتوو كە لەتاكێكەوە بۆ تاكێكی تر جیاوازە، چۆنێتی مامەڵەی خێزان رۆڵی گرنگی هەیە لەم بابەتەدا.
تەمەنی قەیرەیی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر و لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر جیاوازە، هۆشیاریی تاك و خێزان زۆر گرنگن لە مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخەدا، لەسەر دایک و باوک پێویستە هانی کوڕان و کچانیان بدەن بە ژنهێنان و شووکردنیان لە تەمەنی گونجاودا بۆ ئەوەی تووشی نائومێدی نەبن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان