بۆ زیادکردنی بەهای دیناری عیراقی

چەند پێشنیازێك بۆ چارەسەری بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار

10:30 - 2024-07-21
ئابووری
132 جار خوێندراوەتەوە
بۆ بەهێزكردنی دراوەكەی، پێویستە عیراق هەناردە بەهێز بكات

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

نرخی دۆلار بەرامبەر بە دیناری عیراقی، ناوبەناو بەرز و نزم دەكات و حكومەتی عیراقیش هەرچەندە هەوڵی زۆری داوە بۆ چارەسەر كردنی كێشەكە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە ئەو كێشەیە چارەسەر بكات، ئەوە بوو هەفتەی رابردوو نرخی     دۆلار لە بازاڕی دراوی بەغدا گەیشتە     هەزار دینار. بەرزبوونەوەی نرخی دۆلاریش ئاستەنگێكی گەورە بۆ ئابووریی عیراق دروست دەكات، چونكە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی شمەك لە بازاڕدا و دابەزینی توانای كڕین لای هاووڵاتیان. لێرەدا چەند پێشنیازێك دەخەینەڕوو كە دەكرێ بۆ چارەسەری كێشەی هەڵبەز و دابەزی نرخی دۆلار سوودی لێوەربگیرێتەبەر:
چاكسازیی لە سیستمی دارایی و بانكیدا
أ - باشتركردنی ئیدارەی یەدەگی بیانی: پێویستە حكومەتی عیراق ئیدارەی یەدەگی فیدراڵی خۆی باشتر بكات، بۆ مسۆگەركردنی بوونی بەردەوامی دراوی بیانی، ئەم هەنگاوەش لە رێگەی بەهێزكردنی هەناردەی نەوت و بەرهەمە نانەوتییەكان و زیادكردنی داهاتی دەوڵەت لە دراوە بیانییەكان.
ب - بەهێزكردنی شەفافیەت لە پرۆسە بانكییەكاندا: ئەم هەنگاوە زیاتر بانكە ئەهلییەكان دەگرێتەوە، بە تایبەتیش پرۆسەی كڕین و فرۆشتنی دراوی بیانی، بەمەش دەتوانرێ رێگە لە كڕین و فرۆشی نایاسایی و قۆرغكاریی بگیرێت.
فرەجۆركردنی ئابووری
أ - كەمكردنەوەی پشتبەستن بە نەوت: كێشەی پشتبەستن بە نەوت، وڵات دەكاتە وڵاتێكی تاكسەرچاوەی داهات و ئەوەش یەكێكە لە كێشە گەورەكانی ئابووریی هەر وڵاتێك، چارەسەری ئەم كێشەیە بە پلەی یەكەم لە رێگەی پەرەپێدان و بەهێزكردنی كەرتەكانی كشتوكاڵ، پیشەسازی، گەشتیاری و تەكنەلۆجیای زانیارییەوە دەكرێت.
ب - پشتیوانیكردن لە كۆمپانیا بچووك و مامناوەندەكان: بە واتایەكی دیكە هاندانی گەشەپێدان لە كەرتی كۆمپانیا بچووك و مامناوەندەكاندا، ئەویش لە رێگەی دابینكردنی پشتیوانەی دارایی پێویست و پێشكەش كردنی هاكاریی تەكنیكی، كە سەرەنجام دەبێتە هۆی فراوانكردنی بنكە و پانتایی بەرهەمی ناوخۆیی و لە پاڵ ئەوەدا ژمارەیەكی زۆر هەلی كار بۆ گەنجان دەڕەخسێنێت.
سیاسەتی نەختینە و دارایی
‌-أ ئیدارەدانی تێكڕای سوود: واتە بەكارهێنانی سیاسەتی نەختینە بە شێوەیەكی كارا بۆ كۆنترۆڵ كردنی تێكڕای سوود لە بانكەكاندا، بە جۆرێك لەگەڵ بارودۆخە ئابوورییەكەدا بگونجێت. جێبەجێ كردنی ئەم هەنگاوە دەتوانێ یارمەتیدەر بێت لە كۆنترۆڵ كردنی هەڵاوسان و دەبێتە پشتیوانییەكیش بۆ نرخی دراو.
-ب باشتركردنی ئیدارەی قەرزی گشتی: ئەم هەنگاوەش لە كەمكردنەوەی پشتبەستن بە قەرزی دەرەكییەوە دەست پێدەكات و پاشان باشتركردنی ئیدارەدانی قەرزی ناوخۆیی، بە جۆرێك هیچ گوشارێك لەسەر دراوی ناوخۆیی دروست نەكات.

 

كردنەوەی دەرگا بە رووی وەبەرهێنانی بیانیی لە كەرتە نانەوتییەكاندا، لە رێگەی باشتركردنی ژینگەی وەبەرهێنان و كەمكردنەوەی بیرۆكراتییەوە دەبێتە هۆی هاتنەناوەی زیاتری دراوی بیانی و بەهێزكردنی ئابووریی ناوخۆ

 

باشتركردن و رەخساندنی ژینگە
أ - بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی: پێویستە گەندەڵیی بە هەموو جۆرەكانییەوە قەڵاچۆ بكرێت، بە تایبەتیش لە خاڵە گومرگییەكان و بانكەكان، بە جێبەجێ كردنی ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی پتەوكردنی متمانەی سیستمی دارایی عیراق و یارمەتیدەریش دەبێت بۆ كۆنترۆڵ كردنی لێشاوی دراوی بیانی.
ب - هاندانی وەبەرهێنانی بیانی: كردنەوەی دەرگا بە رووی وەبەرهێنانی بیانیی لە كەرتە نانەوتییەكاندا، ئەویش لە رێگەی باشتركردنی ژینگەی وەبەرهێنان و كەمكردنەوەی بیرۆكراتی و پێشكەشكردنی هاندەر بە وەبەرهێنەران، چونكە ئەم رێگایە دەبێتە هۆی هاتنەناوەی زیاتری دراوی بیانی و بەهێزكردنی ئابووریی ناوخۆ.
ج - هاوكاریی نێودەوڵەتی: هاوكاریكردنی دامەزراوە نێودەوڵەتییەكانی وەك سندوقی نەختینەی نێودەوڵەتی و بانكی نێودەوڵەتی، بە مەبەستی سوود وەرگرتن لە یارمەتییە تەكنیكی و داراییەكانیان بۆ چاكسازیی ئابووری.
سیاسەتی بازرگانی
أ - كۆنترۆڵ كردنی هاوردە: پێویستە سیاسەتێك بگیرێتەبەر بۆ كۆنترۆڵ كردنی هاوردە و رێگرتن لە هاوردە كردنی ئەو شمەك و كاڵایانەی كە پێویست نین، بۆ رێگرتن لە لەدەستدانی بڕێكی زۆر لە دراوی بیانی و هەروەها پشتیونیكردن لە بەرهەمی ناوخۆیی.
ب - بەهێزكردنی هەناردە: هاندانی بەرهەمی عیراقی بۆ چوونە بازاڕی جیهانی، ئەویش لە رێگەی بەرزكردنەوەی كوالێتی بەرهەمی ناوخۆ و پێشكەش كردنی هاندەر بە بەرهەمهێنەران.

هەڵوەشانەوەی زیادكردنی ئاشكرا بۆ فرۆشتنی دۆلار
یەكێك لە هەنگاوە گرنگەكان كە پێویستە بۆ راستكردنەوەی سیستمی دارایی عیراق، هەڵوەشاندنەوەی زیادكردنی ئاشكرایە بۆ فرۆشتنی دۆلار، كە پێویستە بانكی مەركەزیی عیراق جێبەجێ بكات، لەبەر ئەوەی كاریگەرییەكی زۆری هەیە بەسەر بازاڕی دراوی عیراقییەوە، كاریگەرییەكانیش لەم چەند خاڵەدا روون دەكەینەوە:
أ - زیادكردنی ئاشكرا بۆ فرۆشتنی دۆلار، سەرچاوەیە بۆ یاریكردن بە كڕین و فرۆشەوە، چونكە بەكار دەهێنرێت بۆ بەدەستهێنانی قازانجێكی زۆر بە خێرایی لەسەر حسابی سەقامگیریی بازاڕ.
ب - گەندەڵی و سپیكردنەوەی پارە: تا ئێستاش تۆمەتێكی وا دەخرێتە پاڵ ئەو پرۆسەیە، كە گوایە بەكار دەهێنرێت بۆ سپیكردنەوەی پارە و رەوانەكردنی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات بە شێوەی نایاسایی.
ج - زیادكردنی ئاشكرا بۆ فرۆشتنی دۆلار، كاریگەریی خراپی هەیە، لەبەرئەوەی پشت بەو پرۆسەیە دەبەسترێ بۆ جێگیركردنی نرخی دۆلار، هەر ئەوەش وایكردووە، نرخی دۆلار بەرامبەر بە دینار بەرزیی و نزمیی زۆر تێبكەوێت.
پشتبەستن بە خواست و خستنەڕوو
بە شێوەیەكی گشتیش ئەگەر ئەو پرۆسەیەی زیادكردنی ئاشكرایە بۆ فرۆشتنی دۆلار نەمێنێت، لە چەند روویەكەوە بە قازانج بۆ عیراق دەگەڕێتەوە وەك: بەهێزكردنی شەفافیەت و گەڕانەوەی متمانە بە سیستمی بانكیی عیراق، دەستكراوەیی بانكی مەركەزی عیراق بۆ گرتنەبەری رێوشوێنی دیكەی دارایی بە مەبەستی پشتیونیكردن لە نرخی دینار، خاڵێكی تری ئیجابی ئەوەیە، ئەگەر ئەو پرۆسەیە نەمێنێت، ئەگەر بەرزبوونەوەی خواست لەسەر دیناری عیراق دێتە ئاراوە. 
بەڵام هەڵوەشانەوەی زیادكردنی ئاشكرا بۆ فرۆشتنی دۆلار لێكەوتەی سلبیشی دەبێت، كە پێویستە رەچاو بكرێت وەك: سەرهەڵدانی ناجێگیریی نرخی دۆلار لە مەودایەكی كورتدا، بۆ چارەسەری ئەو دۆخەش دەبێ بانكی مەركەزی عیراق رێگەچارەی بەدیلی هەبێت و چاودێریی بانكیی زیاد بكات و بازاڕی دراو بەهێزتر بكات و پشت بە خواست و خستنەڕوو ببەستێ بۆ جێگیركردنی نرخی دۆلار.

سەرچاوە: پرۆجێكت سەندیكەیت

بابەتە پەیوەندیدارەکان