ئەو کچەی لە (9) ساڵیدا خرایە زیندانەوە...

بەهرە یاسین: چیرۆکەکەم ناوی بەرگریی و خۆڕاگرییە

10:56 - 2024-07-21
دیدار
793 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی :نەرمین عوسمان محەمەد

زۆرن ئەو ژنە کوردانەی، رژێمی بەعسی فاشیست ئازاری داون لەبەرئەوەی کوردن، یەکێکیش لەو ژنانە خاتوو (بەهرە یاسین رەئووف)ە وەک لاپەڕەی ژنان بە سەرمانکردەوە و ئەم دیدارە کورتەمان لەگەڵدا ساز کرد.
*تەمەنت چەند ساڵ بوو کە زیندانی کرایت؟
-لە راستیدا من لە زینداندا بووم بە نۆ ساڵ، واتا نۆ ساڵ بووم کە گیرام.
*لەنێو هەموو رووداو و چیرۆکە ناخۆشەکانی نێو زیندان چ چیرۆکێک هەیە کە هەرگیز لە یادت ناچێت؟
-لەو رووداوانەی لە زینداندا هەرگیز لەیادی ناکەم دەتوانم بڵێم ناخۆشترین و بەئازارترین چیرۆکی من ئەوە بوو، کە بەتەنها گیرام، بەبێ دایکم وباوکم و خوشک و برا، رەنگە بپرسیت چۆن؟ لەبەرئەوەی باوکم پێشمەرگە بوو لەگەڵ دایکمدا لە بەرگەڵو بوون نەیاندەتوانی بێنەوە ناو شار، بە خێزانی هاوڕێیەکی باوکمدا تەکلیفی لێ کردبوو خۆی چوار منداڵی پێ بوو من بکات بە کچی خۆی و لەگەڵ خۆی بە قاچاخ بمباتەوە بۆ بەرگەڵو، بۆ ژیانی پێشمەرگایەتی چونکە سێ ساڵ بوو باوکمم نەبینیبوو، واتا پێویستم پێیان بوو، بۆیە باوکیشم پەنای بردە بەر ئەم کارە و پێشوەختە منی ئاگادار کردەوە و خێزانی ئەو هاوڕێیەشی ئاگادار کردبوو، لەگەڵ منداڵەکانی خۆیدا بمهێنێتەوە بۆ بەرگەڵو، بێگومان ئەوەی جێگەی پرسیارە چۆن دایک و باوکێک ئەم کارە دەسپێرن بە کەسێکی نەدیوو نەناس؟ هەڵبەت یەکەمجار بوو من ئەو خانمە ببینم و رەنگە پرسیارێکی دیکەش لێرەدا دروست ببێت چۆن دایکم و باوکم ئەم شتەیان کردووە، یاخود من لەماڵی نەنک و باپیرم بووم لە سلێمانی لە گەڕەکی هەوارە بەرزە چۆن ئەوان رازی بوون؟
هەڵبەت باوکم بە نامە باپیرمی ئاگادار کردبووەوە و پێوتبوو، دایکی زۆر زۆر پێویست دەکات بیبینێت، لەگەڵ باوکیشم زۆرمان حەز دەکرد یەکتری ببینین، باوکم وتبووی با ئەم هاوینە کۆتا رۆژی تاقیکردنەوەکانی كه من لە قۆناغی‌ سێی سەرەتایی بووم، با لەدوای ئەوە یەکسەر ئەو خانمە لەگەڵ خۆیدا بیهێنێتەوە، بەیانییەکەی زوو سەعات پێنج لەگەڵ نەنکم و باپیرمدا چووین بۆ ماڵی ئەو خانمە،  لەوێ پێیوتم ئیتر تۆ دایکت ناوی گەلاوێژە کە منم، تۆ دەبیت بە کچی من و باوکیشت ناوی عومەرە، لە بنەڕەتدا دایکم ناوی سەبرییە، بەڵام لە خۆشەویستیم و لە حەسرەتم بۆ بینینی دایکم و باوکم لە هەفتەیەک پێش ئەوەوە باپیرم و نەنکم ئامۆژگارییان دەکردم بەو ناوەوە لە هەموو شوێنێک بڵێم دایکم ناوی گەلاوێژە و باوکم ناوی عومەرە، پەیتا پەیتا پێش ئەوەی، بڕۆم باوکم نامەی بۆ دەنووسیم هەرچەندە کە من لە قۆناغی سەرەتایی بووم، بەڵام ئێستاش لە یادمە ئەو نامانەم چەند جارێک بە خۆشەویستی و بە حونجەوە دەخوێندەوە، بۆئەوەی رێنماییەکانی باوکم جێ بەجێ بکەم کە دەیوت  بیرت نەچێت تۆ ناوت بەهرە عومەرە لە هەر شوێنێک لێیان پرسیت دەڵێیت: ناوم بەهرە عومەرە و دایکم ناوی گەلاوێژە و ئەمانەش خوشک و برای منن.

 

ناخۆشترین و بەئازارترین چیرۆکی من ئەوە بوو، کە بەتەنها گیرام، بەبێ دایکم وباوکم و خوشک و برا، رەنگە بپرسیت چۆن؟ لەبەرئەوەی باوکم پێشمەرگە بوو لەگەڵ دایکمدا لە بەرگەڵو بوون نەیاندەتوانی بێنەوە ناو شار

 

*وەکو خانمێکی منداڵ، زیندان لەو تەمەنەدا چی فێرکردیت؟  
-ئەوەی لەو تەمەنە منداڵەدا زیندان فێری کردم تەنها خۆڕاگرییە، لەبەرئەوەی نۆ مانگی شەو و رۆژی زیندان بۆ من زۆر زەحمەت بوو، بۆ منداڵێك بە تەنها لەگەڵ خێزانێکی نەناسراو خۆت بکەیت بە کچی ئەوان رۆژانە و هەفتانە پرسیارم لێ دەکرا ناوت چییە؟ هەر خۆڕاگر بووم لەسەرئەوەی کە من ناوم بەهرە عومەرە و بەڕاستی لە ئێستادا و لەم تەمەنەمدا خۆم سەرسامم بەوەی، توانیومە ئەو نۆ مانگە خۆڕاگر بم لەوەی هیچ کاتێک بە تۆنێکی لەرزیویشەوە دوو دڵ بم لەوەی کە من ناوم بەهرە عومەرە و دڵنیا بووم لەوەی هەموو جارێک دەموت، تاکە هۆکاریش بوو بۆ ئەوەی رزگارمان بێت، چونکە لەو سەردەمەدا وتنی ناوی باوکی من لەوانەیە ببوایەتە هۆکاری لە سێدارەدانی ئەو خێزانەش و ئازاردانێکی زۆریش بۆ من، بۆئەوەی باوکم بگەڕێتەوە.
* وەک ژنێکی نیشتمانپەروەر پێتخۆشە چی بۆ ئەو ژنانە بکرێت کە زیندانی سیاسیین؟
-تەنها بەپێی پێویستییەکان و بەپێی توانا رێزیان لێ بگیرێت، بەشبەحاڵی خۆم راستە من چیرۆکی خۆم، سوپاس بۆ خودا وەک یادگارییەک باس دەکەم، بەڵام چونکە خۆم ئێستا دایکم، هەموو کات دەپرسم: دەبێت دایکم یان باوکم چەندە ئازاریان چەشتبێت لەو کاتەی من گیراوم و دەیڵێمەوە خانمانی زیندانی سیاسیی پێویستیان تەنها بەڕێزگرتنە، رێزگرتنێک تەنها لە یادەکاندا نا، بەڵکو رێزگرتنێک لە هەر شوێنێکدا بێت، بچین و پێویستیەکمان لەو شوێنەدا هەیە  چونکە من وەکو خۆم هەتا ئێستا نە ماددیی نە مەعنەوی لە یەک شت سوودمەند نەبووم لەم حکومەتە، هەموو ئەوانەشی لەگەڵمدا بوون چونکە ئەو خانمە بەڕێزانە ئێمەی منداڵەکانیان بەردا و ژنەکانیان برد بۆ زیندانی ئەبوغرێب و حوکم دران بڕوا بکە هیچ بەپێی پێویست نەک ئەوانەی لەگەڵ ئێمەدا بوون هەموو خانمە زیندانەکانی دیکە بەپێی پێویست ئاوڕیان لێ نەدراوەتەوە هیوادارم ئەگەر لە یادکردنەوەیەکیشدا بێت  بەسەر بکرێنەوە، لەبەرئەوەی ئەو ئازارانە رەنگە بەم باس کردنانە تۆزێک لە دڵدا کەم بکاتەوە.
*وێڕای شانازیمان بە ئازایەتیتەوە ئەگەر داوات لێ بکەین ناوێک لە چیرۆکی زیندانی کردنەکەت بنێیت ناوی چی لێ دەنێیت؟
-دەتوانیت چیرۆکی زیندانیکردنەکەی من ناو بنێیت منداڵێکی خۆڕاگر یاخود بوێر، چونکە من زیاتر لە نۆ مانگ کە لە زینداندا بووم منداڵێک لەو تەمەنەدا، ئێستاش خۆم سەرسامم بەو منداڵەی ئەو کاتە، ئێمە لە ئەمنە سوورەکەی سلێمانی لە ژووری ژنان بووین ئەو ژوورە ژوورێکی بچکۆلەبوو زیاتر لە32 ژن و منداڵی تێدا بوو کاتێکیش ئازادکراین، تا سێ مانگ لەدوای ئازادکردنەکەشم من هەر لە ماڵێ باوکی ئەو ژنە بووم کە ناوی گەلاوێژ خانە لەبەرئەوەی نەیاندەوێرا من ببەنەوە لای ماڵی باپیرانی راستەقینەم، تا ئەو کاتەش یەک کەس لە دەمی منی نەبیست ناوم (بەهرە یاسین) ە تەنها بوێر و خۆڕاگرانە دەموت ناوم (بەهرە عومەر)ە و دایکم ناوی(گەلاوێژە) کەواتە دەتوانم بڵێم چیرۆکەکەم ناوی منداڵێکی بوێر و خۆڕاگرە.

#دیدار

بابەتە پەیوەندیدارەکان