دوێنێ، بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەن، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبۆوە و تاوتوێی چەند تەوەرێكی كرد.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە دیدارەكەی لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندنی كوردستان كرد و لەوبارەیەشەوە وەزارەت و بەرپرسانی حكومەتی راسپارد، هاوكاریی زیاتری دەزگاكانی راگەیاندن بكەن و ئاسانكاریی پێویستیان پێشكەش بكەن و زیاتر زانیاری و روونكردنەوە دەربارەی كار و چالاكییەكانی حكومەت بە دەزگاكانی راگەیاندن و رای گشتیی كوردستان بگەیەنن، ئەوەش بەشێكە لە كارنامەی حكومەت لەڕووی شەفافییەت و ئاگاداركردنەوەی رای گشتی.
دواتر، جێگری سەرۆك وەزیران، پشتگیریی لە وتەكانی سەرۆك وەزیران كرد و پێشنیازی كاراكردنی یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری لە هەرێمی كوردستان ژمارە 11ی ساڵی 2013، كرد، ئەویش لەڕێگەی دەركردنی رێنمایی ئاسانكاریی جێبەجێكردنی یاساكە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بۆئەوەی بەشێوەیەكی سیستماتیك، بابەتی پێدانی زانیاریی دروست، بە رۆژنامەنووسان و هاووڵاتیان رێكبخرێتەوە.
لە بڕگەكانی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، وەزیری تەندروستی، راپۆرتێكی دەربارەی رێكارەكان بۆ رێگریكردن لە تەشەنەكردنی نەخۆشییەكانی سكچوونی توند و پەتای كۆلێرا و كۆنترۆڵكردنیان خستەڕوو. بۆ ئەوەش ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپارد بۆ بەردەوامبوون لەسەر رێكارەكان.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، دەرەنجامی بڕیاری كۆبوونەوەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بە كێشەی بەنزین خرایەڕوو. لەوبارەیەشەوە تەئكیدكرایەوە لەسەر رێكارەكانی زیادكردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆ و كۆنترۆڵكردنی نرخی سووتەمەنی.
گفتوگۆكردن لەبارەی گرنگترین كار و پڕۆژەكانی چاكسازی لە وەزارەتەكانی كابینەی نۆیەمدا لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەكانی كاری كابینەكە، تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو، جەختكرایەوە لە «بەردەوامبوون لەسەر پلان و بەرنامەی چاكسازی، كە بەشێكی گرنگ و سەرەكیی بەرنامەی كاری كابینەكەیە».
لە كۆتاییشدا، راپۆرتێك سەبارەت بە پێویستی و گرنگی بەردەوامبوونی پڕۆسەی وردبینی و پێداچوونەوە بە سەرجەم قۆناغەكانی پڕۆسەكانی نەوت و گاز لە هەرێم و برەودان بە شەفافییەت لە رێگای بەردەوامیی خستنەبەردەستی راپۆرتەكانی تایبەت بە زانیاری و ژمارەكانی بەرهەمهێنان و هەناردەكردن و فرۆشتن و خەرجی و داهاتی نەوت و گاز بۆ رای گشتی، خرایەڕوو، بڕیاریشدرا بە بەردەوامبوونی پڕۆژەی تایبەت بە وردبینی و پێداچوونەوەی قۆناغەكانی نەوت و گاز و داهات و خەرجییەكانی.