خەسرەو گورون
116
بۆ دووەم یاریی یەك لەسەر یەك ناوبژیوانانی یارییەكە ناهەقییەكی زۆریان بەرامبەرمان كرد، پەنالتییەكی ناهەقیان لەسەر تۆمار كردین، دوو پەنالتیی تەواوی ئێمەشیان فەرامۆش كرد
لە ژمارەی پێشوی ئەم باسانەمدا تیشكم خستەسەر یەكەم یارییمان لە قۆناغی دووەمی یارییەكانی خولی پلە دووی یانەكانی عیراق، لەم قۆناغەی یارییەكاندا تیپی هەشت یانە بەشدارییان كرد كە یەكەم و دووەمی چوار گروپی هەرچوار ناوچەكەی عیراق (باكوور و باشوور و ناوەڕاست و بەغدا) بوون، ئەم هەشت تیپەش بەمشێوەیە بەسەر دوو گروپدا دابەشكران:
*گ1: سەلامی شاری بەغدا، ئەمانەی بەغدا، سلێمانی، ناسرییە.
*گ2: موسڵ، دیوانییە، سەڵاحەدین، كوت.
رۆژی 8/8/1991 یەكەم یارییمان لەگەڵ یانەی ناسرییە بوو، یارییەكەش بە یەكسانبوونی هەردوولامان 2-2 كۆتاییهات، رۆژی 10/8/1991 دووەم یارییمان بەرامبەر یانەی ئەمانەی بەغدا بوو، یارییەكە لە یاریگای یانەی كەرخ كرا، سەعات 5:45 دەستیپێكرد و كاتەكەشی زۆر گەرم بوو، هاندەرانێكی زۆر كەم لە سەیری یارییەكە بوون، (سەباح حەمدی، بەهلول حەمید، تاڵیب حسێن) ناوبژیوانانی یارییەكە بوون كە لە بەغدا بوون، ئەمانە بەدرێسی سپی و ئێمەش وەك یانەی سلێمانی بەدرێسی سوورەوە یاریمان كرد، سەرۆكی وەفدمان كاك سەعدی غەریب بوو كە خۆبەخشانە هاتبوو، راهێنەرانیشمان عومەر خەتاب و حەمە بچكۆل بوون.
لەم یارییەشدا بە پلانی 5-3-2 یاریمان كرد، پێكهاتەی سەرەكیمان بەمشێوەیە بوو:
*گۆڵپارێز: رزگار عەلی.
*بەرگری: خەسرەو گورون-كاپتنی تیپ، ئامانجی سەید برایم، فەرەیدون ساڵح-نێرە، هادی كەریم، نەوزاد مستەفا.
*ناوەند: ئاسۆ نوری، ئالان قادر، جەعفەر تۆفیق.
*هێرشبەر: حەمەی كەریم و بەختیار رەشید.
هەردوو راهێنەریش ئەم گۆڕانكارییانەیان كرد:
* ئارام عەبدولكەریم بۆ شوێنی رزگار.
*سەڵاحی شێخ ئەمین بۆ شوێنی ئالان.
*ئاسۆ قەلە بۆ شوێنی ئالان.
*هەریەك لە یاریزانان یاسن و عەتا و كاوە غەریب، یاریزانانی یەدەكی ئێمەبوون.
یارییەكە 3-2 بە بردنەوەی یانەی ئەمانە كۆتاییهات، یانەی ئەمانە لە دەقیقەكانی 59 بە پەنالتی و 67 و 83 دا سێ گۆڵەكەی خۆیان كرد، دوو گۆڵەكەی ئێمەش حەمەی كەریم لە دەقیقەی 10 و جەعفەر تۆفیق لە دەقیقەی 40 دا كردیان.
بۆ دووەم یاریی یەك لەسەر یەك ناوبژیوانانی یارییەكە ناهەقییەكی زۆریان بەرامبەر كردین، پەنالتییەكی ناهەقیان لەسەر تۆمار كردین، دوو پەنالتیی تەواوی ئێمەیان فەرامۆش كرد، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئێمە وەك تیپی یانەی سلێمانی ئیداریی كاریگەر و كەسی كاریگەرمان لەگەڵدا نەبوو، ئەوان لێی بسڵەمێنەوە، بەڵام تیپی بەرامبەر لەو رووەوە زۆر كاریگەر بوون.