یەکەمین ئۆڵۆمپیادی وەرزشیی كوردستان بەردەوامە

خوێندکارە وەرزشکارەکان چ داواکارییەکیان هەیە؟

11:18 - 2024-07-25
وەرزش
97 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد تۆفیق نەورۆڵی


زانكۆی هەڵەبجە بە دروشمی (وەرزش، تەندروستی و ئارامی و پێكەوە بوونمانە)، بە بەشداری ژمارەیەكی زۆر لە زانكۆ و پەیمانگاكانی كوردسان، یەكەمین ئۆڵۆمپیادی وەرزشیی زانكۆ و پەیمانگا حكومی و تایبەتەكانی هەرێمی كوردستانی دەستپێکردووە.

 د. ئاکۆ ئیبراهیم فەقێ: سەندیکایەک بۆ دەرچووانی پەروەردەی وەرزشیی بکرێتەوە، بۆ ئەوەی پیادەی ئیش و کارەکانی بواری وەرزشیی بکرێت

ڕۆزان عەبدولرەحمان، كچە خوێندكاری کۆلێژی پەروەردەی جەستەیی زانكۆی دهۆك، بە كوردستانی نوێی وت: زۆر خۆشحاڵبووین کە توانیمان بەشداریی بکەین لەم ئۆڵۆمپیادەی زانکۆی هەڵەبجە کە یەکەمین ئۆڵۆمپیادی زانکۆکانی کوردستانە، وەک زانکۆی دهۆکیش بە چەند چالاکییەکی وەک،  کاراتی و گۆڕەپان و مەیدان و شەترەنج و مەلەوانیی و تۆپی سەرمێز بەشدارین، وتیشی: ئەم ئۆڵۆمپیادە وەکو هاندانێکە بۆ ئەوەی بتوانین لە دەرەوەی وڵاتیش بەشداربین، بۆیە داواکارم هەموو ساڵێک ئەم ئۆڵۆمپیادە بەردەوامبێت، بۆ ئەوەی یاریزان دوانەکەوێت هەمیشە هەوڵبدات، چونکە دەتوانرێت لە ڕێی  وەرزشەوە ناسنامەی نەتەوەکەمان بخەینەروو.
د. ئاکۆ ئیبراهیم فەقێ، ڕاگری کۆلێژی پەروەردەی وەرزشیی زانکۆی هەڵەبجە و سەرپەرشتیاری ئۆڵۆمپیادەکە، بە کوردستانی نوێی ڕاگەیاند: لەم ئۆڵۆمپیادەدا حەڤدە زانکۆ و پەیمانگا بەشدارییان کردووە و بۆ ماوەی پێنج  رۆژ پێشبڕکێیەکان لە 10 جۆری جیاواز لەیارییەکان بەردەوام دەبن.
 هەروەها ووتی؛ ئامانج  لە کردنەوەی ئەم ئۆڵۆمپیادە، کۆکردنەوەی سەرجەم خوێندکارانە لە بۆنەیەکی گەورەدا، بۆ ئەوەی کە بەهرەمەندان بدۆزینەوە و یەکتریش بناسین، هەروەها بۆ ئەوەی پرسی وەرزشیی زانستیی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا تەسبیت بکەین.
ئەوەشی وت: داواکارین وەرزش مافی بۆ بگەڕێتەوە لە حکومەت و پەرلەمانی کوردستان، مافی وەرزش وەکو سەرجەم بوارەکانی تر لە پەرلەماندا بە یاسایەک تەسبیت بکرێت، وەک چۆن مافی سەندیکای کرێکاران و تەندروستکاران و ئەندازیاران هەیە، ئێمەش دەمانەوێت سەندیکای دەرچووانی پەروەردەی وەرزشیمان هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین پیادەی ئەو ئیش و کارانە بکەین کە لەبواری وەرزشیدا هەن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان