ئا: ئالان محەمەد جەزا
لە سیمینارێكدا كە رێكخراوی ئازادبوون رێکیخستبوو، ئێوارەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو، د.خەبات محەمەد ئەحمەد، مامۆستای پۆلیتەكنیكی سلێمانی بەشی نەوت و وزە، لە دیدارێكدا بۆ كوردستانی نوێ باسی لەوەكرد، سیمنارەكە لەسەر هۆشیاری ژینگەییە بەشێوەیەکی گشتی و كاریگەریی ریفاینەری واتا پاڵاوگەكان لەسەر رەگەزەكانی ژینگە، بەتایبەتی .
د. خەبات وتی: كە دەڵێین پاڵاوگە، بەداخەوە لە كوردستان بە شێوەیەكی گشتی و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وابڵاوبۆتەوە کە وتمان پاڵاوگە ئیتر وەكو دێوزمەیەک دێتە بەرچاومان، بەڵام خۆی لەڕاستیدا وانییە، یەكێك لە سێكتەرە هەرە گرنگەكانی ئابووریی وڵاتانی پێشكەوتووە، ئەو وڵاتانەی ئێستا پێشكەوتووترە دیڤیلۆپ كانتری واتا وڵاتانی پێشکەوتوو، ئەو وڵاتەی ئێستا لە دیڤلۆپان ئێمە لە عیراق پێی دەڵێین دیڤڵۆپین كانتری، واتە وڵاتێكین لە پێشكەوتنداین، چونکە پاڵاوگەکانی وزە بڕبڕەی سەرەكی ئابوورییە لە ناوچەكەدا، بەڵام لە هەرێمی كوردستان پێویستمان بەوە هەیە پاڵاوگەکان بە شێوەیەكی سەردەمیانە رێكبخرێنەوە، بۆئەوەی كەمترین زیانیان هەبێت بۆ سەرجەم رەگەزەكانی ژینگە وەک ئاو، خاك و هەوا .
لە پرسیاری ئەوەی ئایا ژینگەی كوردستان پاكە ؟ وتی: ژینگەی كوردستان ئەگەر بڵێین پیسە، زۆر پیس نییە، بەڵام بەڕاستی ئەو پاكەش نییە، كە ئێمە دڵنیابین لێی، بۆیە پێویستی بە چارەسەرێكە ئەگەر لە ئێستاوە خەمی لێنەخۆین بەرەو پیسبوون دەڕوات، گومانیشی تێدا نییە راستە پاڵاوگەکان کایەیەکی سەرەكی ئابووریی بەهێزی هەر وڵاتێكە، بەڵام لە هەمانكاتیشدا شێوازی ئیدارەدان و بەڕێوەبردنیان و ئەو یاسا و رێسایانەی پێویستە هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی پاڵاوگەكان لە هەرێمی كوردستاندا پێویستە ئەكتیڤ بكرێنەوە و جێبەجێ بكرێن، بۆئەوەی ژینگەیەكی تەندروست و لە بارمان هەبێت بۆ ئێستا و بۆ ئایندەی هەرێمی كوردستان.
د.خەبات محەمەد ئەحمەد