کچە هەڵەبجەییەك، كارگەیەكی بەرهەمهێنان دادەمەزرێنێت

10:45 - 2024-07-28
دیدار
279 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی:
محەمەد تۆفیق نەورۆڵی


شەیدا سەیاد، كچە گەنجێكی خاوەن کار و لێهاتووی ناحیەی سیروانە، لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە، نزیكەی چوار ساڵە كارگەیەكی بەناوی (نیلۆفەر) بۆ دروستكردنی سابوون و شامپۆ و بابەتە جوانكارییەكان دامەزراندووە، بەرهەمەکانی کارگەی نیلۆفەر وەک براندێکی کوردی دەنێردرێتە شارەکانی کوردستان و عیراق و هەروەها وڵاتانی جیهانیش.
شەیدا سەیاد، خاوەن كارگەی نیلۆفەر، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی کارەکەم، توانیومە لە دەرەوەی کوردستان بەشداریی چەندین خولی ئۆنلاین بکەم و مامۆستای پسپۆڕ لە بوارەکەدا بناسم، کە هاوکارم بوون،  لە ئێستاشدا چەندین بەرهەمی جۆراوجۆری وەک: شامپۆ، غەسول، سابوون و تێنت بەرهەمدەهێنین.
وتیشی: زۆربەی ئەو مادانەی بەکاریدەهێنین سروشتین و زەیتی رووەکین، کە هەر لەکارگەکەدا زەیتەکان بەرهەمدەهێنین، هەروەها بۆ هەندێک لە بەرهەمەکانمان ماددەی کیمیای بەسوودی وەک ڤیتامینەکان و پرۆتینەکان بەکاردەهێنین.
شەیدا وتیشی: لە داهاتوویەکی نزیکدا بەرهەمێکی زۆر نوێ و جیاوازمان دەکەوێتە بازاڕەوە  کە هەموو ماڵێک پێویستی پێیەتی».
هەلی کاری رەخساندووە
ئاماژەی بەوەشدا: شەش جۆر سابوون و شامپۆ و دوو جۆر غسول و چەندین جۆر زەیت و بەرهەمی جوانکاری دروست دەکەین، بۆ هەموو جۆرە جیاوازەکانی پێست، لە داهاتوویەکی نزیکیشدا بەرهەمێکی زۆر نوێ و جیاوازمان دەکەوێتە بازاڕەوە، کە هەموو ماڵێک پێویستی پێیەتی، ئەویش زەیتی خۆراکیی و زاهی قاپ شتنە، لە ئێستاشدا زاهییەکەمان بە سەرجەم پشکنینەکاندا تێپەڕیووە و ئەنجامێکی زۆر باشمان هەبووە.
شەیدا لە بارەی دەستخستنی هەلی کار لە کارگەکەیدا، وتی: لە ناو کارگەکەدا خێزانەکەی خۆم و دوو گەنجی تر و ژمارەیەکی زۆر مەندووب لە شارەکان، وەک هەلی کار بۆیان سوودمەند دەبن.
لە کۆتایدا ئەوەشی وت: هیوادارم گەنجان و خانمانی کوردستان، هەر بیرۆکەیەکیان هەیە، بێ ترس و دوودڵی، بیرۆکەکانیان بکەن بەکردار و هەوڵی بۆ بدەن، رەنگە زۆرجار لە سەرەتادا ئاستەنگی زۆر بێتەڕی، بەڵام بەدڵنیاییەوە بە هەوڵدان سەرجەم ئاستەنگییەکان تێدەپەڕن، سەرەتا ئاسان نەبوو تا فێری دروستکردنی سابوون بووم، بەڵام بەردەوام بووم و کۆڵم نەدا، تا دواجار بووم بە خاوەن کارگەی خۆم.

#هەڵەبجە

بابەتە پەیوەندیدارەکان