بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە وەفدێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا كرد.
لەدیدارێكدا هەماهەنگیی نێوان سەرجەم لایەنەكان و یەكخستنی هەوڵەكان بۆ خزمەتكردن و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە گفتوگۆی لەبارەوەكرا، جەخت لە هاریكاریی زیاتر و كاری هاوبەشی هەموولایەك كرایەوە لەچوارچێوەی بەدیهێنانی داهاتوویەكی سەقامگیرتر و دووركەوتنەوە لەهەموو دەمارگیرییەك كە زیان بە دۆخی پارێزگاكە بگەیەنێت.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دیدارەکەدا وێڕای دەستخۆشی لە ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاكە بۆ هەڵبژاردنی رێگە یاسایی و دروستەكە بۆ گۆڕانكارییە ئیدارییەكان، راشیگەیاند، پاراستنی مافی لایەنە براوەكان لە پارێزگاكە هەنگاوێكی گرنگبوو بە ئاڕاستەی پارێزگاریكردن لەو فرەڕەنگییەی لە نەینەوا هەیە و ئەمەش زیاتر خزمەتی سەقامگیریی ناوچەكە دەكات. وتیشی، یەكێتی پشتیوانیی هەر هەوڵێك دەكات كە ئامانجەكەی خزمەتكردنی خەڵك و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە بێت.
لەدرێژەی دیدارەكەدا سەرۆك بافڵ ئاماژەی بەوەشكرد، پێكهاتەی نوێی ئەنجوومەنەكە نوێنەرایەتیی راستەقینەی خەڵك دەكات و رەنگدانەوەی خواستی دانیشتووانەكەیەتی، ئەو لێكتێگەیشتن و هەماهەنگییەی نێوان لایەنەكانیش كە بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگاكە دروستبووە مایەی خۆشحاڵییە و پشتیوانیی لێدەكەین.