کورتەچـیرۆک

ئەنتیكەخانەی خواجەعەباس

12:03 - 2022-06-23
ئەدەب و هونەر
363 جار خوێندراوەتەوە



 ئەسعەد عەزیز محەمەد

دوكانەكەی خواجەعەباس كەوتبووە سەرسووچی ئەو جادەیەی كە لە شەقامی كۆماری جیادەبووەوە بەرەوحەمام عەلی بەگ، دەیەها جار گوێم لە باوكم بووە وتویەتی»خواجە عەباس خزممانە.» بەتەواوەتی ئەوەم نەدەزانی چ جۆرە پەیوەندییەكی خزمایەتی بە خواجەعەباسەوە دەمانبەستێتەوە، بەڵام ئەوەم زۆر بەڕوونی لە یاد ماوە لە مناڵییەوە هاتوچۆی ئەو دوكانە دەكەم و بە خاوەن دوكانەكەشم دەوت مامە عەباس باوكیشم زۆربەی ئێوارانی هاوین لەلای خواجەعەباس دادەنیشت، هەندێ جار رۆژانی هەینیش باوكم بانگهێشتی نانخواردنی نیوەڕۆی دەكرد، لەبەر ئەوەی ماڵمان لە دوكانەكەوە نزیكبوو هەندێجار دایكم خواردنی بۆ دەنارد، زۆربەی خەڵك ناویان نابوو (ئەنتیكەخانەی خواجەعەباس) ئەو پیاوە بەتاقی تەنها لە كەلاوەیەكی گەورەدا دەژیا، ئەوەشم لە بیر ماوە ئەو كەلاوە گەورەیە دەرگایەكی داری گەورەی هەبوو، خواجە لە كۆتاییەكانی تەمەنیدا توانای كردنەوە و داخستنی ئەو دەرگا گەورەیەی نەمابوو دەرگایەكی بچووكی ئاسنی بە تەنیشت دەرگا دارەكەوە بۆ هاتوچۆ دروستكرد. لە بەشێكی ئەو كەلاوەیەدا دوكانێكی زۆر گەورەی بۆخۆی لێدروستكرد بوو، بەشێكی ئەو دوكانەی كردبووە ئەنتیكەخانە. كەلوپەلی زۆر كۆن و دەگمەنی تیادابوو، بەشەكەی تر بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانی خۆی وردەواڵەی تیا دەفرۆشت، مامە عەباس تەمەنی سەروو شەست ساڵ بوو، پیاوێكی باڵەبەرز و سەروریشی سپیبوو، حەزی بەوە دەكرد جلی نوێ و پاك و خاوێن لەبەربكات و خزمەتی خۆی بكات، لەو سەردەمە ئەوەی بەلای ئێمەی مناڵانەوە جێگەی سەرنج بوو شەپقەكەی بوو، بەردەوام دەیكردە سەری، تەنانەت رەسمێكی پێوە گرتبوو لە ژوورەكەی خۆی هەڵیواسیبوو. ئەو پیاوێك بوو بە رابردووەوە گرێدرابوو، هەموو شتێكی رابردووی بەلاوە بەكەڵك و گرنگ بوو، بەپێچەوانەوە هەموو شتێكی نوێی رەتدەكردەوە، كەسێك بوو دابونەرێتی باوك و باپیرانی بەلاوە پیرۆز و پڕ بەهابوو، لە ئەنتیكەخانەكەیدا دەیەها كەلوپەلی شتی زۆر دەگمەنی هەبوو، هەریەكەی مێژووی تایبەتی خۆی هەبوو، یەكێك لە كەلوپەلەكانی ئەنتیكەخانەكەی ئەو سەماوەرە بوو كە شاژنە بێتاجەكەی هۆزی جاف و شارەزوور عادیلە خانم دەمەو عەسران حەزی دەكرد لە دیوەخانەكەی دایبگیرسێنێ و خۆشترین چا لێبنێت، گەڕیدە ئینگلیزەكان وەسفی ئەو شاژنەیان كردووە، باسی دیوەخانەكەیان كردووە. كەلوپەلێكی تر لە كەرەسەكانی دوكانەكە خەنجەرە دەبانەكەی شێخ مەحمودی حەفیدبوو، لە دوكانەكەی زۆر شمەك هەبوو هەریەكەی چمكێ لە مێژووی دەگێڕایەوە، لە نیو شتەكاندا قەڵەمەكەی حاجی قادری كۆیی بوو، دەستنووسی دەگمەنی یاداشتەكانی شێخ رەزای تاڵەبانی، بیرەوەرییەكانی ئەو كەڵەشاعیرە باس لەوە دەكەن كە ئەوەندە جەور و ستەم لەو شاعیرە كرابوو ئەوسا ئەوەت بۆ ئاشكرا دەبێت بۆچی شیعرەكانی پڕن لە جنێو و داشۆرین. لە كەرەسەكانی ئەنتیكەخانەكە تەزبیحە قەزوانە سەدویەك دەنكەكەی مەولانا خالیدی نەقشبەندی هەبوو، كورسییەكی دار بەشێك بوو لەو شتانەی مێژووی لە بیركراوی شارێكی دەگێڕایەوە دەیگوت»ئەمە ئەو كورسییەی شەهید شێخ مەعروف بەرزنجییە كە لەسەری دادەنیشت، جامەنەیەكی شڕ و شیتاڵ بەدیوارەكەوە هەڵواسرابوو دەیگوت» ئەمە جامەنی رەنجوری شاعیرە.» لە ئەنتیكەخانەكە لەسەر ئەو مێزەی لە نووسینگەی گۆڤاری شەفەق بەجێمابوو، قەوانێكی عەلی مەردان بەخەتێكی گەورە لەسەری نووسرابوو مەقامی (ئای ئای) كەمێك ئەولاتر چاویلكەكەی رەفیق حیلمی لەسەر دانرابوو كاتێك یاداتاشتەكانی نووسیوە ئەو چاویلكەی لەچاوبووە، هەر لەسەر مێزەكە كتێبەكانی سابری شاعیر ریز كرابوو، لەپەراوێزی هەر كتێبێكدا ناوی دەرمانێكی گیایی و پێكهاتەكەی و سوودەكەی نووسی بوو. دار جگەرە و گۆچانەكەی مەلای جەباری لە سووچێكی ژوورەكە دانرابوو، مێزەرەكەی قازی محەمەد لەوێ بوو، كتێبە دەستنووسە مێژووییەكەی مەلا جەمیلی رۆژبەیانی بەخەتی خۆی تەواو نەكرابوو. ئەوەشم بەڕوونی لەبیرماوە رۆژێكیان دەربارەی خواجەعەباس باوكم وتی» هەتا گەنج و خاوەن هێزو بازوو توانابوو وڵاتی بەجێهێشت و بە دوای ئارەزوو حەز و خواستی خۆی بەوڵاتانی دونیادا دەگەڕا و رووی كردە ئەستەنبوڵ و رۆمانیا و ئیسپانیا و هەموو ئەوروپا گەڕا، ئێستا گەڕاوەتەوە باسی باوك و باپیران دەكات. باوك و دایكی بەحەسرەتی بینینییەوە سەریان نایەوە، ئەو كەلوپەلانەی كۆیكردۆتەوە ئەوەش بە تەنها ئارەزووییەكی كاتییە. خۆزگە ئەو كەرەسانەی نەهێنایە بۆ ئێرە لە شوێنی خۆی بوایە پارێزراوتر بوو.»ساڵ هات و رۆیشت گەیشتمە قۆناغی زانكۆ و لە بەشی مێژوو لە شاری بەغدا دەمخوێند پێش ئەوەی بڕۆم بۆ زانكۆ كتێبە مێژووییە تەواو نەكراوەكەی مەلا جەمیل رۆژبەیانیم لێوەرگرت لە پاش تێپەڕبوونی مانگێك بۆ ماڵ گەڕامەوە تەماشام كرد شۆفڵ ئەنتیكەخانە و كەلاوەكەی خواجەعەباس دەڕوخێنێت تووشی شۆك بووم. چۆن؟ ئەی خواجەعەباس كوا؟ كێ مێژوو لە گۆڕ دەنێت؟ نەمدەزانی چی بكەم؟ ئەی كەلوپەل و شتەكان چی لێهات؟ ئەو كاتە گەیشتمە كەلاوەكە شۆفڵەكان لە كاركرن وەستابوون، لە نێو شوێنی كەلاوەكە و ئەنتیكەخانەكە دەسوڕامەوە لەناو خۆڵ و خاشاك و بەرد و داری خانووە رووخاوەكە ئەو قوتووەم دۆزییەوە كە یەكەم پولی دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقی تێدا پاراستبوو. دواتر ئەوەم زانی لەو ماوەیەی لە بەغدا بووم خواجەعەباس بە نەخۆشییەكی كوتوپڕ كۆچی دوایی كردووە، خوشكە زایەكی هەبوو لە شارێكی تر دەژیا بەپەلە هاتووە ئەوەی لە ماڵەكەدا بەلایەوە بە نرخبووە هەڵێگرتووە و بردوویەتی دواتر هەموو شتەكانی تری فڕێداوەتە سەر جادەكە، براكەم وەك دەمارگیریی عەشیرەتگەرایی لە نێو كەلوپەلەكاندا بەتەنها دار جگەرەو گۆچانەكەی مەلای جەباری  هەڵگرتووە. ئەو ساتەی دەرگای ماڵەوەم كردەوە یەكسەر بیرم بۆلای قسەكەی باوكم چوو كە دەیوت»خۆزگە ئەو كەرەسانەی نەهێنایە بۆ ئێرە لە شوێنی خۆی بوایە پارێزراوتر بوو»بەرەو ژوورەوە هەنگاو بە هەنگاوم رۆیشتم و لە دڵی خۆمدا دەموت» باشبوو باوكم لە ژیاندا نەماوە، ئەگینا بە بینینی ئەم دیمەنە زۆرخەمبار دەبوو.» لە ژوورەكەی خۆمدا بۆ چەند خولەكێك بەدوای كتێبە دەستنووسە مێژووییەكەی  مەلا جەمیلدا گەڕام و لە دووتۆی ئەو دۆسێیانە دۆزیمەوە كە چەندین ساڵە داخراون، چەند رستەیەكم لە دەستنووسەكە خوێندەوە، بەڵام  رووداوی روخاندنی ئەنتیكەخانەكە ئەوەندە ناخی هەژاند بووم لە هیچ وشە و دەستەواژەییەكیان تێنەگەیشتم، دەستنووسەكەم داخست لە تۆماری بیركردنەوەم دوا وانەی مامۆستای مێژووی نوێم  بەبیردا هاتەوە كە دەیگوت»ئێمە كارەكتەرێكی مێژووی نین، ئێمە بووكەڵەیەكین مێژوو بە ویستی خۆی بەم ئاراستە و بەو ئاراستەیەمان  دەبات، ئەوانەی مێژووی ئەم وڵاتەیان تۆماركردوە ئامانجیان ئەوە بووە رەوشی رووداوەكان بگاتە ئاستێك ئیتر بەهیچ كلۆجێ چارەسەر نەكرێت، ئەوەی مێژووی تۆماركردووە هەر ئەوانەن دەستڕۆیشتووی واقیعن و نەخشە داڕێژراوی ئەو ئایندەیەن كە خۆیان دەیانەوێت، مامۆستا هەناسەیەكی نائومێدی هەڵكێشا و دەیگوت»ئێمە كە خاوەنی ئێستا نەبین، خاوەنی داهاتووش نین، ئەگەر ئێستا و داهاتومان نەبێت بەدڵنیاییەوە مێژووش ئێمە تۆمارمان نەكردووە، ئێمە كارەكتەری دروستكەری مێژوو نەبووین، بەڵكو رەوشی رووداو و گۆڕانكارییە مێژووییەكان بەرەو ئێستا پەلكێشی كردووین.»لەناو رۆژمێرەكەمدا بەم چەند دێرە یادەوەری ئەو رۆژەم تۆماركرد.»
ئەمڕۆ ئەنتیكەخانەی خواجەعەباس روخێنرا، دیمەنێك لەبەرچاوم سڕایەوە كە سەدەها بیرەوەریم لەوێ هەن، هیچ دەسەڵاتێكم نەبوو تا نەهێڵم بڕوخێنرێت، سبەی تەلار و مۆڵێك لە جێگەی بنیات دەنرێت هیچ دەسەڵاتێكم نییە تا رێگریی لە دروستكردنی بكەم. ئەوەی ئێستا روودەدات من هەرگیز لێی بەرپرسیارنیم، ئەوەی لەسبەی روو دەدات بەخواست و ویستی من نییە. مێژوو كاری خۆی دەكات. منیش كارەكتەری ئەو مێژووەنیم»بەهۆی نزیكی شەقامی كۆماری لە ماڵەوەمان یان بەهۆی دڵتەنگی خۆم بەپیاسە بەرەو شەقامەكە دەهاتم لە پشتمەوە خۆر ئاوا دەبوو، لە چاو ون دەبوو. ئاوڕێكی دایەوە تا دیمەنی خۆرئاوابوون ببینم بە تەنها زەردی خۆر لە كۆشكەكەی جاران و كەلاوەكەی نازم بەگی دەدا، لەپڕ هەستم بەوە كرد ئەم شارە زۆر زوو خۆر تیایدا ئاوا دەبێت. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان