ئه‌رده‌ڵان عه‌بدوڵڵا
ئاگاسا كریستی یه‌كێكه له رۆماننووسه ناوداره‌كانی به‌ریتانیا و جیهان، له ساڵی 1890 له باشووری به‌ریتانیا له‌دایك بووه و له ساڵی 1976 كۆچی دوایی كردووه. به دایكی رۆمانی پۆلیسی داده‌نرێت و خاوه‌نی 66 رۆمانی پۆلیسییه و 14 كۆمه‌ڵه چیرۆكی بڵاوكردۆته‌وه، به‌رهه‌مه‌كانی بۆ زۆربه‌ی زمانه‌كانی جیهان وه‌رگێڕدراون و له ته‌واوی جیهاندا كتێبه‌كانی ژماره‌ی پێوانه‌ییان تێپه‌ڕاندووه سه‌رو 2 ملیارد نوسخه له كتێبه‌كانی چاپ و بڵاكراونه‌ته‌وه، به‌مشێوه‌یه‌ش ده‌بێته یه‌كه‌مین نووسه‌ری جیهان له‌ڕووی چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی كتێبه‌كان.
ئاگاسا كریستی و عیراق
ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه ئه‌م ژنه رۆماننووسه به‌ریتانییه په‌یوه‌ندییه‌كی ئێجگار تایبه‌تی هه‌بووه له‌گه‌ڵ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌گشتیی و عیراق به‌تایبه‌تی. لێره دووه‌م مێردی ده‌ناسێت و لێره‌شه‌وه یه‌كێك له چیرۆكه خۆشه‌ویستییه‌كانی ده‌ستپێده‌كات. ئاگاسا كریستی له ژیانیدا دوو رۆمانی له‌باره‌ی عیراقه‌وه نووسیوه، یه‌كه‌میان به‌ناونیشانی تاوانێك له میزۆپۆتامیا Murder in Mesopotamia كه له ساڵی 1936دا بڵاوی كردۆته‌وه، یه‌كێكه له رۆمانه ناسراوه‌كانی له جیهاندا و كراوه به فیلم. زۆرجاریش ئه‌م رۆمانه به ناونیشانی « تاوانێك له عیراق» وه‌رگێڕاوه بۆ زمانی عه‌ره‌بی. دووه‌مین رۆمانیشی به‌ناونیشانی دیدارێك له به‌غداد They Came to Baghdad كه له ساڵی 1951 دا بڵاوی كردۆته‌وه، ئه‌میش یه‌كێكه له رۆمانه جوانه‌كانی.
په‌یوه‌ندی شه‌خسی
ئاگاسا كریستی په‌یوه‌ندییه‌كی تایبه‌تی به عیراقه‌وه هه‌بووه. ساڵی 1928 له مێردی یه‌كه‌می جیا ده‌بێته‌وه، پاشان ساڵی 1929 سه‌ردانی عیراق ده‌كات و ده‌چێته ناوچه‌ی ئوری مێژوویی، كه له‌و كاته‌دا له‌لایه‌ن شوێنه‌وارناسی به‌ریتانیا لیۆنارد ویلی سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت. له‌و ماوه‌یه له‌وێ ده‌بێت، لیۆنارد ویلی داوا له ماكس مالوانی شوێنه‌وارناس ده‌كات، كه هاورێیه‌تی ئاگاسا كریستی بكات و شوێنه گرنگه‌كانی عیراقی پێ بناسێنێ، لێره‌شه‌وه چیرۆكێكی خۆشه‌ویستی له نێوان كریستی ئه‌م شوێنه‌وارناسه‌دا دروست ده‌بێت. پاشان ساڵی 1930 ماكس مالوان ده‌چێته له‌نده‌ن و ئاگا كریستی ده‌خوازێت. پاشان له‌گه‌ڵ مێرده نوێكه‌یه‌دا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ عیراق و زۆر شوێنی ئه‌م وڵاته ده‌بینێت و هه‌ر له باشووره‌وه بۆ باكوور، ماوه‌یه‌كی زۆریش له ده‌ورووبه‌ری شاری موسڵ ده‌مێنێته‌وه.
پاشان ساڵی 1931 و 1932 ده‌ست ده‌كرێت به پشكنین به دوای شوێنه‌واری عیراق له شاری موسڵ، له‌و كاته‌دا ئاگاسا كریستی له‌گه‌ل مێرده‌كه‌ی ده‌بێت و هاوكاری ده‌كات و زۆرجار پارچه شوێنه‌واره‌كان پاك ده‌كاته‌وه یان فۆتۆیان ده‌گرێت. پاشان دووباره ساڵی 1933 و 1934 دێته‌وه عیراق، ماوه‌یه‌كی زۆریش له‌گه‌ڵ مێرده‌كه‌ی ده‌بێت له‌ناوچه‌ی « تل عربجیه« ساڵی 1947 ماكس مالوانی مێردی ده‌بێته به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی به‌ریتانی بۆ شوێنه‌وار له عیراق، كه سه‌رپه‌رشتی هه‌موو تیمه‌كانی گه‌ڕان و پشكنین به دوای شوێنه‌واری عیراق ده‌كات، به‌تایبه‌تی هه‌ڵمه‌تی پشكنین به دوای شوێنه‌واری ناوچه‌ی نه‌مورد كه له ساڵی 1948 ه‌وه تاوه‌كو 1958 ی خایاند. ئه‌م په‌یوه‌ندییه رۆحییه، كاری كردۆته سه‌ر ئه‌م ژنه، ده‌توانم بڵێم كاریگه‌ریییه‌كی باشی هه‌بووه، بۆیه توانیویه‌تی دوو رۆمانی جوان به ناوی عیراقه‌وه بنووسێت.
رۆمانی تاوانێك له عیراق
له ماوه‌ی پێشوودا چاوم كه‌وت به رۆمانی» تاوانێك له عیراق» كه به زمانی عه‌ره‌بی خوێندمه‌وه، لێره‌دا پێمخۆشه كورته‌یه‌ك له‌باره‌ی ئه‌م رۆمانه‌وه بنووسم، هه‌رچه‌نده ته‌واوی كه‌سایه‌تی ناو رۆمانه‌كه ئه‌وروپی و ئه‌مریكین به‌ڵام له هه‌ندێك شوێندا تێڕوانینی خۆی له‌باره‌ی گه‌ل و وڵاتی عیراقه‌وه ده‌ڕبڕیوه.
كورته‌ی رۆمانه‌كه
ئامی لیته‌ران سیسته‌رێكی به‌ریتانییه له به‌غدا كار ده‌كات، پاشان له‌سه‌ر داوای دكتۆر ئیریك لایدنه‌ر كه شوێنه‌وارناسێكی سویدیه، له‌ناوچه‌ی موسڵ كار ده‌كات و به‌دوای شوێنه‌واره‌كانی عیراقدا ده‌گه‌ڕێت. ژنه‌كه‌ی «لویز» به‌ده‌ست كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی ده‌روونییه‌وه ده‌ناڵێنێت، بۆیه‌دا داوا له ئامی ده‌كات بێت ئاگاداری لویزی ژنی بێت. لویز پێش 15 ساڵ شووی به پیاوێكی ئه‌ڵمانی كردووه به‌ناوی فریدریك بۆسنه‌ر، ئه‌م پیاوه له‌كاتی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانیدا له ئه‌مریكا ژیاوه و له وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كاریكردووه، به‌ڵام پاشان ئاشكرا ده‌بێت سیخوڕی بۆ ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌ڵمانیا ده‌كات، بۆیه ده‌ستگیر ده‌كرێت و سزای له سێداره‌دانی بۆ ده‌رده‌چێت و وه‌كو خائین حسابی بۆ ده‌كرێت. به‌ڵام بۆسنه‌ر له‌زیندان راده‌كات و پاشان له روودای نێوان دوو شه‌مه‌نده‌فه‌ردا، لاشه‌یه‌ك ده‌دۆزنه‌وه ناسانه‌مه‌كی ئه‌وی له‌سه‌ره.
لویز له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌ی پێشوودا هه‌میشه نامه‌ی هه‌ڕه‌شه ئامێزی له‌لایه‌ن كه‌سێكی نه‌ناسراوه‌وه پێده‌گات، ئه‌و كه‌سه هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ی لێده‌كات، ئه‌گه‌ر شوو بكات، ئه‌وا ده‌یكوژێت. ئه‌مه‌ش لویز تووشی حاڵه‌تێكی ده‌روونی خراپ ده‌كات. به‌ڵام پێش دوو ساڵ شوو ده‌كات به‌م شوێنه‌وارناسه سویدییه، له‌وكاته‌وه ئیتر نامه هه‌ڕه‌شه ئامێزه‌كان نه‌ماون، به‌ڵام ماوه‌یه‌كه دووباره ئه‌و نامانه‌ی به‌ده‌ست ده‌گاته‌وه.
پاش هاتنی ئامی به‌هه‌فته‌یه‌ك لویز ده‌كوژرێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی به‌كارهێنانی پارچه‌یه‌ك به‌ردی گه‌وره‌ی مێژووییه‌وه، ئه‌م كوشتنه‌ش ده‌بێته لوغز و نهێنییه‌كی گه‌وره و ته‌واوی ئه‌و كه‌سانه‌ی ده‌رووبه‌ری لویز هه‌ن تاوانبار ده‌كرێن یان گومانیان ده‌خرێته‌سه‌ر. به‌ڵام پاشان له‌لایه‌ن پزیشكی توێكارییه‌وه« دكتۆر رایلی» كاته‌كه‌ی كوشتنه‌كه دیاری ده‌كرێت، له هه‌مووشی گرنگتر له‌وكاته‌دا كۆمیساری ناوداری به‌لجیكی» هیركیول بوار‌و» له عیراق ده‌بێت. كه هاوڕێی دكتۆر» رایلی» یه. جێگه‌ی ئاماژه‌یه ئه‌م كۆمیساره له زۆربه‌ی رۆمانه‌كانی ئاگاسا كریستیدا بوونی هه‌یه. بوار‌و ده‌ستده‌كات به پشكنین و لێكۆڵینه‌وه‌و دواتریش ده‌توانێت تاوانباره‌كه بدۆزێته‌وه.
سه‌ره‌تای گومانه‌كان به‌و شێوه‌یه ده‌ست پێده‌كات، كاتێك مه‌دام جۆنسۆن كه هاوكاری دكتۆر لاینده‌ره، ده‌ڵێت ئه‌و شه‌وه‌ی كه تاوانه‌كه‌ی تێدا كرا ، من گوێم له ده‌نگی هاوارێك بوو له ژووره‌كه‌ی لویز، ئه‌مه‌ش ده‌بێته سه‌ره‌داوێكی گرنگ بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباره‌كه. به‌ڵام له‌پاش ئه‌وه‌ی مه‌راسیمی به‌خاك سپاردنی لویز ته‌واو ده‌كرێت، بۆ شه‌وه‌كه‌ی جۆنسۆنیش ده‌كوژرێت. ئه‌مه‌ش له رێگه‌ی ژه‌هراوی كردنییه‌وه له رێگه‌ی گۆزه‌ی ئاوه‌كه‌یه‌وه. به‌ڵام ئه‌و شه‌وه ئامی گوێی له ده‌نگی جۆنسۆن ده‌بێت، هاوار ده‌كات: په‌نچه‌ره‌كه په‌نچه‌ره‌كه. واته كه‌سێك له په‌نچه‌ره‌كه‌وه هاتۆته ژووره‌وه ئه‌می ژه‌هراوی خواردی كردووه.
لێره‌وه ئامی زۆر ده‌ترسێت به‌ڵام كۆمیسار بوار و ئارامی ده‌كاته‌وه و ده‌ست ده‌كات به پشكنین و دواجار تاوانباری سه‌ره‌كی ده‌ه‌دۆزێته‌وه كه ئه‌ویش مێرده‌كه‌ی لویزایه. بۆسنه‌ری مێردی پێشووی، له‌كاتی رووداوه‌كانی شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌كه له‌ناو ڤارگۆنه‌كه‌دا ناسنامه‌ی شوێنه‌وارنسێكی سویدی به‌ناوی دكتۆر لاینده‌ر ده‌دزێت و ناسنامه‌كه‌ی خۆی ده‌خاته سه‌ر لاشه‌كه‌ی ئه‌و. پاشان له رێگه‌ی نامه‌وه هه‌ڕه‌شه له لویزی ژنی ده‌كات و دواتر پاش چه‌ندین ساڵ له‌رێگه‌ی گۆڕینی ناسنامه‌كه و شێوازی ده‌مووچاوی، دووباره لویز ده‌هێنێته‌وه و كه‌سیش نازانێت ئه‌وه بۆسنه‌ره. به‌ڵام پاشان كاتێك بۆسنه‌ر دێته عیراقه‌وه، هه‌ست ده‌كات ژنه‌كه‌ی مه‌یلی بۆ لای شوێنه‌وارناسێكی هاوكاری ئه‌مریكی به ناوی» ریشارد كاری»هه‌یه. بۆیه ئێره‌یی زۆر ده‌بێت و دووباره ده‌ستده‌كاته‌وه به نووسینی نامه‌ی هه‌ره‌شه ئامێز و دواجاریش هه‌ر خۆی ده‌یكوژێت و هه‌ر ئه‌ویش جۆنسۆن ده‌كوژێت كه پێشتر هاوكاری بووه، چونكه ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه جۆنسۆن ئاشكرای كردبێت.
شێوازی نووسین
ئه‌م رۆمانه زیاتر له بیۆگرافییه‌وه نزیكه، رۆمانه‌كه له‌لایه‌ن ئامی لایته‌رانه‌وه ده‌نووسرێت و ئه‌و ده‌بێته گێڕه‌ره‌وه. وه‌كو خۆشی له پێشه‌كی رۆمانه‌كه‌دا ده‌ڵێت، ئه‌و له رووی شێوازی نووسینه‌وه كێشه‌ی هه‌بووه و به‌لاشیه‌وه نووسین كارێكی زه‌حمه‌ت بووه.
ئاگاسا كریستی هه‌وڵیداوه وه‌كو هه‌موو رۆمانه‌كانی تری به زمانێكی ئاسان قسه له‌گه‌ڵ خوێنه‌ر بكات، ئه‌مه‌ش به پشت به‌ستن به‌ره‌گه‌زه گرنگه‌كانی رۆمانی پۆلیسی، له‌وانه: « كتوپڕ، دروستكردنی رووداو، كه‌سایه‌تی، كات و شوێن، دیالۆگ، مۆنۆلۆگ، گرێی ئه‌ده‌بی» له هه‌مووشی گرنگتر دووباره له‌م رۆمانه‌شدا پشكنه‌ری ناسراو « هیركیول بوار‌و « تێدایه، كه له به‌شێكی زۆری رۆمانه‌كانیدا ئه‌م كۆمیساره بوونی هه‌یه و بۆته یه‌كێك له هێماكانی رۆمانه‌كانی كریستی. هه‌روه‌ها ئه‌وه‌ی مایه‌ی سه‌رنجه له كۆتایی رۆمانه‌كه‌دا به‌شێوه‌یه‌كی كتوپڕ تاوانباره‌كه ده‌دۆزێته‌وه و ده‌بێته مایه‌ی سه‌رنجی خوێنه‌ران.
عیراق
وه‌كو پێشتریش وتم له‌م رۆمانه‌دا ته‌واوی كه‌سایه‌تی ناو رۆمانه‌كه ئه‌وروپی و ئه‌مریكین، كه‌سایه‌تی عیراقی كه‌می تێدایه و رۆڵی لاوه‌كیان هه‌یه، به‌ڵام وه‌كو شوێن، عیراق ده‌بێته مه‌یدانی سه‌ره‌كی رۆمانه‌كه. به‌تایبه‌تی شاره‌كانی به‌غدا و موسڵ. له‌كاتی باس كردنی شاری به‌غدا و حوسینییه‌وه، تێڕوانینیكی باشی نییه له‌باره‌ی عیراقه‌وه.
له‌كاتی باسكردنی به‌غدادا به‌مشێوه‌یه ده‌نووسێت
به‌غدا ئه‌و شاره خه‌یاڵییه‌ی ئێمه له رێگه‌ی چیرۆكه‌كانی هه‌زار و یه‌ك شێوه له ئه‌ندێشه‌ی خۆماندا دروستمان كردووه، به‌ڵام وێنه هه‌قیقه‌یه‌كه‌ی ته‌واو دووره له راستییه‌وه. راسته ئه‌م شاره له‌سه‌ر ئاوی دیجله‌یه و جوانییه‌كی پێ به‌خشیووه، به‌ڵام كاتێك میجه‌ر كلس بردمی بۆ ناو بازاڕه‌كه، زۆر ناخۆشبوو، دوكانه‌كانی هیچ جوانییه‌كیان پێوه دیارنییه. دوكانی مسگه‌ره‌كان ژاوه‌ژاوێكی زۆریان دروست كردووه و من ته‌واو بێزار بووم له‌و ده‌نگه ناخۆشانه.
پاشانیش كاتێك باسی شاری حوسینییه ده‌كات ده‌ڵێت:
له دووره‌وه شاره‌كه جوان دیاربوو، به‌ڵام كاتێك چووینه ناوه‌وه زۆر ناخۆش و پیس و پۆخڵ بوو.
دوا قسه:
راسته ئاگا كریستی بۆچوونێكی باشی نه‌بووه به‌رامبه‌ر شار‌و شارۆچكه و ته‌نانه‌ت خه‌ڵكی عیراقیش، ئه‌ویش وه‌كو زۆربه‌ی به‌ریتانییه‌كان بیری كردۆته‌وه، وه‌كو د. عه‌لی وه‌ردی ده‌ڵێت: له سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، به‌غدا به‌لای ئینگلیزه‌كانه‌وه گوزارشتی له گوندێكی گه‌وره ده‌كرد له چاو له‌نده‌ندا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گرنگه ئه‌م وڵاته بۆته ئیلهمابه‌خش بۆ ئه‌و، دوو رۆمانی جوانی به ناوی ئه‌م وڵاته‌وه نووسیوه.
له هه‌مووی گرنگتر عیراق سه‌رده‌مانێك به‌تایبه‌تی له سه‌رده‌می به‌ریتانیدا كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر و بیرمه‌ندی جیهان سه‌ردانیان كردووه و مایه‌ی گرنگی پێدانیان بووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئێستا ئه‌و گرنگی پێدانه‌ی جارانی نه‌ماوه، له‌مه‌شدا ره‌وشه سیاسییه‌كه هۆكاری سه‌ره‌كییه.
سه‌رچاوه:
اجاثا كریستی. الجریمة في العراق. مركز العربی للنشر بالاسكندریة. مصر.
محسن حسین .أجاثا كریستی وعلاقتها بالعراق.
www.azzaman.com