نیهاد جامی یه‌كێكه له‌و هونه‌رمه‌ند و نووسه‌رانه‌ی كه سالانێكی زۆره له بواری شانۆدا كارده‌كات، چه‌ندین به‌رهه‌می شانۆیی پێشكه‌شی شانۆی كوردی كردووه، به‌ده‌ر له‌وه له بواری ئه‌ده‌بیاتدا چه‌ندین لێكۆڵینه‌وه‌ی نووسیوه، نووسه‌ری كۆمه‌ڵێك كتێبه له‌باره‌ی هونه‌ری شانۆوه، ساڵانێكی زۆره له پاڵ چالاكی هونه‌ریدا لێكۆڵینه‌وه ده‌نووسێ. هونه‌رمه‌ندی ناوبراو ئێستا له پۆڵه‌ندا ده‌ژی، له‌وێش سه‌رقاڵی نووسین و كاركردنه له بواری شانۆدا. له‌م دیداره‌دا نهاد جامی سه‌باره‌ت به هونه‌ری شانۆ و كاره‌كانی خۆی بۆ ئه‌ده‌ب و هونه‌ر ده‌دوێت.
سازدانی: سه‌ڵاح حه‌مه‌ئه‌مین
*دوای ئه‌م چه‌ند ساڵه له دووركه‌وتنه‌وه‌ت له شاری كه‌ركوك چۆن ده‌ڕوانیته ئه‌زموونه‌كانی ئه‌و ماوه‌یه‌ی له كه‌ركوك كاری شانۆییت كردووه؟
-كاتێك خاوه‌نی پڕۆژه‌ی ستراتیژی بوویت ده‌بێت به‌و ئاسته‌یه كار بكه‌یت بتوانیت زه‌مینه بۆ داهاتوو بخوڵقێنیت، بۆیه ئه‌وه‌ی من له رابردوودا به‌رهه‌مم هێناوه بۆ داهاتووی ئه‌م شانۆیه بوو تاوه‌كو نه‌وه‌ی نوێ بتوانێت به فۆرم و بیركردنه‌وه‌یه‌كی جیاوازتر كاری شانۆیی بكات، مه‌رج نییه جیاواز بوون باشترین بێت، به‌ڵام گرنگه فێربین وه‌ك یه‌ك كار نه‌كه‌ین و بتوانین سیمای خۆمان له كاركردن ده‌ستنیشانبكه‌ین، هه‌ر كاتێك توانیمان له‌وانیتر نه‌چین ئه‌و ساته ئێمه فره‌یی له كاری شانۆیی وه‌ده‌ست دێنین ئه‌و ده‌مه بینه‌ر به‌پێی چێژ و بیركردنه‌وه‌ی خۆی بڕیار ده‌دات به‌ره‌و كاری كام شانۆكار بڕوات، ئێمه نابێت یه‌ك فۆرم بسه‌پێنینه سه‌ر شانۆ تا بینه‌ریش ناچار بكه‌ین ته‌نیا ئه‌وه به شانۆ بزانێت، پڕۆژه‌یه‌ك نییه له شانۆدا بۆ رزگاركردنی شانۆ. هێندێك پێشنیازی جیاواز هه‌یه بۆ شانۆ، ئه‌وه‌ی منیش له رابردوودا كردوومه هه‌وڵێكه زاده‌ی تێگه‌یشتنی من بووه له شانۆ سه‌ره‌نجام وه‌ك فۆرمێكی تر و جیاواز له كاری شانۆیی ده‌ركه‌وتووه تا زه‌مینه‌یه‌كی پته‌و بۆ داهاتوو بخوڵقێنێت.
*به‌پێی ئاگاداری خۆت ئێستا چۆن ده‌ڕوانیته بزوتنه‌وه‌ی شانۆی كوردی له كه‌ركوك، دوای ئه‌وه‌ی مه‌شخه‌ڵه‌كه‌ی خۆتت سپارده چه‌ند شانۆكارێكی گه‌نج؟
-كاتێك له ده‌ره‌وه‌ی شوێنێك بیت و نه‌توانیت كاره‌كان ببینیت هه‌موو قسه‌كردنێك زاده‌ی هه‌واڵه و سنووری هه‌واڵه‌كه تێناپه‌ڕێنێت، بۆیه بۆ من سه‌خته بتوانم له‌و باره‌یه‌وه قسه بكه‌م، چونكه خۆم له‌وێ نیم، نازانم كاره‌كان چۆنن، هه‌موو زانیارییه‌كه‌م ته‌نیا ئه‌وه‌یه هه‌واڵی كاره‌كان ده‌بیستم، ره‌نگه شته‌كان له سنووری ئومێد ده‌رنه‌چن، كاتێك بزووتنه‌وه‌یه‌كی شانۆیی گه‌نجان له ئارادا بێت ئه‌وه ئومێدێكی گرنگی كاركردنه، به‌ڵام گرنگ به‌رده‌وامی و له‌یه‌ك نه‌چوونه تا بتوانن فره خاسیه‌تی بۆ شانۆ بنیات بنێن، چونكه یه‌كێك له گرفته‌كانی شانۆی ئێمه له‌یه‌كتر چوونه نه‌ك له‌یه‌كتر نه‌چوون، هه‌ر ئه‌و هۆكاره له ژیاندا منی كرده ده‌رهێنه‌ری شانۆیی، كاتێك بینیم له‌یه‌ك چوون هه‌بوو من چێژم له شانۆیه‌كی تر ده‌بینی ئه‌و شانۆیه‌م نه‌بینی بۆیه خۆم هه‌وڵمدا كاری بۆ بكه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی شانۆیه‌ك هه‌بێت جیاواز له‌وه‌ی هه‌یه هیچ گرنگ نییه كاری تۆ له هی كه‌س باشتر بێت گرنگ ئه‌وه‌یه به‌رهه‌می بیركردنه‌وه‌ی خۆت بێت و له هی كه‌س نه‌چێت، ئه‌وه بۆ من ئه‌فسوونی راسته‌قینه‌ی شانۆیه.
*دوای ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی له هه‌نده‌ران ژیانت برده‌سه‌ر، تاراوگه چی بۆ ئه‌زموونه شانۆییه‌كه‌ت زیادكردووه؟
-تۆ كه هه‌ستت كرد هاووڵاتییه‌كی كۆماری شانۆییت نیشتمانی تۆ له سنووری وڵاته‌كانه‌وه ده‌ست پێناكات، نیشتمانی راسته‌قینه‌ی من شانۆیه، هه‌ر كاتێك ئه‌و ده‌رفه‌ته هاته پێشه‌وه ده‌بێت نه‌وه‌ستیت و كار بكه‌یت، چوار ساڵی ژیانی من له پۆڵه‌ندا هه‌وڵ و كۆششێكی زۆری ویست سه‌ره‌تا له‌وه‌ی رووبه‌ڕووی سه‌خترین زمان ده‌بمه‌وه كه زمانی پۆڵه‌ندییه بۆیه فێربوونی زمان ساڵانێكی زۆری ته‌مه‌نی بردم تا بتوانم له‌ناو ئه‌و شانۆ گرنگ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ی خۆرئاوا له‌سه‌ر پێی خۆم بوه‌ستم و بوێری ئه‌وه‌م هه‌بێت بیر له كاركردن بكه‌مه‌وه، به‌تایبه‌ت كاركردن له‌گه‌ڵ یه‌كێك له هه‌ره دیارترین ئه‌كته‌رانی شانۆی پۆڵه‌ندی ئه‌وه بۆ خۆی سه‌ركێشی و بوێریه‌كی زۆری پێویست بوو، ئه‌وه بوو له‌گه‌ڵ ئه‌كته‌ر و پێرفۆرمێری ناسراوی پۆڵه‌ندی (یۆوانا سارنێچكا) دوای گفتوگۆیه‌كی زۆر بریاڕماندا دوو( پێرفۆرمانس) پێشكه‌ش بكه‌ین، به دوای نمایشكردنی له شاری ( كرۆسنۆ) ئه‌و شه‌ره‌فه‌م به‌ركه‌وت بتوانین له (وارشۆ) ی پایته‌ختی (پۆڵه‌ندا)ش نمایشی بكه‌ین، كه رۆژنامه و سایته شانۆییه‌كان به گرنگییه‌وه باسیان له‌و هه‌وڵه‌ی ئێمه كرد، سه‌رباری ئه‌وه‌ی خوێندنم له (خوێندنگای دراماتۆرگی) له‌ژێر ده‌ستی دراماتۆرگی ناسراوی پۆڵه‌ندی (ئارتور پاویگا) ئاسۆیه‌كی تر بوو بۆ تێگه‌یشتنی جیاواز و له‌یه‌ك نه‌چوونی زیاتر لا تۆختر كردمه‌وه، ئه‌وه سه‌رباری كاركردنم له كۆرسی راهێنانی جه‌سته و ده‌نگ له دیارترین شانۆكانی شاری (وارشۆ) به‌ناوی شانۆی هاوبه‌ش ئاسۆیه‌كی تری خوڵقاند كه بتوانین له داهاتوو له‌و ئه‌زموونه سوود به بزووتنه‌وه شانۆییه‌كه‌مان بگه‌یه‌نین.
*لێره‌دا ئاره‌زوو ده‌كه‌ین تیشكێك بخه‌یته سه‌ر ئه‌زموونه پراكتیكی و تیۆرییه شانۆییه‌كانت؟
-ساڵانێكی زۆره خه‌ریكی كتێبێكم له‌باره‌ی شانۆی پۆڵه‌ندییه‌وه كاتێك فێری زمانی پۆڵه‌ندی بووم تێگه‌یشتم ده‌بێت سه‌ر له‌نوێ به‌و كتێبه‌دا بچمه‌وه بۆیه به‌رده‌وام كاری تێدا ده‌كه‌م و كتێبه‌كه‌ش تایبه‌ته به سه‌د ساڵه‌ی شانۆی پۆڵه‌ندی له سه‌ده‌ی بیسته‌مدا، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كتێبێكم ته‌واو كردووه به ناوی فه‌لسه‌فه و شانۆ، ئێستا خه‌ریكی پلاندانانم بۆ ده‌رهێنانی شانۆگه‌ری «شێته‌كه‌ی كاتژمێر 4:48» ی (ساره‌كه‌ین ) به زمانی پۆڵه‌ندی، له رێی سینۆگرافیای ماڵی كوردییه‌وه تا گرفتی خۆكوشتن له نێوان كه‌لتوری خۆرهه‌ڵات و خۆرئاوا بخه‌ینه‌ڕوو ئه‌وه تازه‌ترین پڕۆژه‌ی پراكتیكیم ده‌بێت، به‌ڵام سات و كاتی ده‌ست كردن به كاركردن هێشتا نادیاره.