شەهید سەڵاحی موهەندیس
ئیسماعیل مەحمود
كاتێك باسی ژیانی شەهید سەڵاحی موهەندیس دەكەین، وا تێدەگەین كە هەموو ژیانی پێشمەرگایەتی بووە، ئەمەش لەبەر قارەمانێتی و لە خۆ بوردوویی و گیانفیدایی شەهید سەڵاح، كەم كەس ئەوە دەزانێت كە شەهیدی گیان بەخت كردوو، پێش ئەوەی ژیانی پێشمەرگایەتی هەڵبژێرێت، خوێندكارێكی چالاك و زیرەك و ئەندازیار و وەرزشكاریش بووە و لەسەردەمی لاوێتیدا یاریزانێكی باشی تۆپی پێ بووە.
شەهیدی نەمر سەڵاحی موهەندیس ساڵی 1954 لەگەڕەكی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایكبووە، سەرجەم قۆناغەكانی خوێندنی سەركەوتووانە وەك خوێندكارێكی زرنگ بڕیوە، ساڵی 1972 لەكۆڵێجی میكانیكی زانكۆی تەكنۆلۆجی بەغدا وەرگیراوە و سەركەوتووانە ساڵی 1976 ئەم قۆناغەی خوێندنیشی تەواو كردووە.
لە ژیانی پێشمەرگایەتیشدا، ساڵی 1978 پەیوەندیی بەڕیزەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە دەكات، ساڵی 1980 لەبەر قارەمانێتیی و لێهاتوویی دەبێتە جێگری فەرماندەی هەرێمی 9 -ی بەمۆ، پاش هەڵوەشاندنەوەی هەرێمەكان و كاتێك تیپەكان دادەمزرێن، دەبێتە فەرماندەی تیپی 47 -ی پیرەمەگرون تا رۆژی شەهیدبوونی كە لەشەڕێكی قارەمانانەدا لەگەڵ لەشكری ئیسلامی لە دۆڵی جافەتی 25/7/1981 شەهید دەبێت.
لە ژیانی وەرزشیشدا كاتێك خوێندكاری ناوەندی و ئامادەیی و پاشانیش كە لە زانكۆی تەكنۆلۆجی بەغداش وەردەگیرێت، لەگەڵ چەند تیپێكی میللی شاری سلێمانی یاریی تۆپی پێی كردووە و یاریزانێكی باش بووە، تا دەگاتە ئەو ئاستەی دەبێتە یاریزانی تیپی ئاری شاری سلێمانی، كۆتایی ساڵانی شەستەكان و ساڵانی حەفتاكان تیپی ئاری یەكێك بووە لە تیپە بەهێز و ناودارەكانی شاری سلێمانی، چەندین یاریزانی ناوداری ئەوسای یانەی سلێمانی و هەڵبژاردەی سلێمانی یارییان بۆ كردووە، لەوانە خوالێخۆشبوو مامۆستا عەلی لەتیف و تاهیر لەتیف و د.زاهیر لەتیف كە هەردوكیان برای مامۆستا عەلی بوون، لەگەڵ ئەمانیشدا چەندین یاریزانی تری یانە و هەڵبژاردەی سلێمانی لەم تیپەدا یارییان كردووە و شەهید سەڵاحی موهەندیسیش یەكێك بووە لە یاریزانەكانی ئەم تیپە.
وەرزشكاری دێرینی سلێمانی تاهر لەتیف (ناسراو بە تالە خڕە) لە پەڕەی خۆی لە فەیس بووك ئەم وێنەیەی بڵاو كردۆتەوە و باسی ئەوە دەكات؛ تیپی ئاری بۆ ئەنجامدانی یارییەكی دۆستانە رۆژی 7/12/1969 سەردانی كەركوكیان كردووە و یارییەكیان لەگەڵ تیپی خلودی شاری كەركوك كردووە، پێش یارییەكە ئەم وێنەیەیان گرتووە كە چەند یاریزانێكی تیپی ئاری بوون بۆ ئەو یارییە چوون بۆ كەركوك، هەرخۆیشی ناوی یاریزانانی تیپەكەشی نووسیوە كە لە راستەوە بۆ چەپ بریتین لە (مامۆستا عەبدوڵڵا برای شەهید مام ئاراس، سدقی محەمەد ئەمین، د.هەوراز، شەهید سەڵاحی موهەندیس، تاهیر لەتیف).
لەكۆتاییدا لە ساڵرۆژی شەهید بوونی شەهید سەڵاحی موهەندیسی پێشمەرگە و كەسایەتی شار و وەرزشكاردا، هەزاران سڵاو لەگیانی پاكی بێت و یادی بەخێربێت.