گفتوگۆ: ڕێناس زەنگەنە
کەریم محەمەد عەلاوی، ماوەی 11 ساڵ ناوێکی دیاری هەڵبژاردەی نیشتمانی و ئۆڵۆمپی عیراق بوو، بۆ یانەکانی ( ئەمانە و ڕەشید و کەرخ و قوەجەویە) یاری کردووە، بە یەکێک لە باشترین یاریزانی هێڵی ناوەڕاست دادەنرێت لەمێژووی هەڵبژاردەی عیراقی ساڵانی هەشتاکان، دوو جار بەشدار بووە لە ئۆڵۆمپیادی لۆس ئەنجلۆس 1984 و ئۆڵۆمپیادی سیئۆل 1988 .
ستادیۆم لە کەریم عەلاوی پرسی؛ جیاوازی سەردەمی ئێوە و ئەم سەردەمەی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عیراق چییە؟
کەریم عەلاوی: هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی لە پێشوودا هەمان هەڵبژاردەی نیشتمانی بوو، پێم وایە هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی پێکهاتەکەی قورستر بوو، چونکە کاتێک یاریمان دەکرد لەگەڵ هەڵبژاردەکانی کەنداو، هەموومان یەکترمان دەناسی، شارەزای ئاستی یەکتر بووین و کێبڕکێیەکی توند دروست دەبوو لە یارییەکانی پاڵاوتندا، جاران کیشوەری ئاسیا دەکران بە دوو بەشی خۆرهەڵات و خۆرئاوای ئاسیا ، ئێمە هەمیشە لە ململانی توندا بووین لەگەڵ هەڵبژاردەکانی کوەیت و سعودیە بۆ گەیشتن بە ئۆڵۆمپیاد، پاش ساڵی 2000 ئیتر تەمەنی خوار 23 ساڵ بووە پێوەر بۆ هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی و هەڵبژاردەکان بەسەر گروپدا دابەش دەکرێن نەک بەسەر ناوچەی جوگرافی .
ستادیۆم پرسیاری لە کەریم عەلاوی کرد سەبارەت بە بەشداربوونی لە یارییەکانی ئۆڵۆمپیادا، لەوەڵامدا وتی:
من لە دوو ئۆڵۆمپیاد بەشداریم کردووە، ساڵی 1984 لە لۆس ئەنجلۆس لە ئەمریکا و ساڵی 1988 لە ئۆڵۆمپیادی سیئوڵ بەشدار بووم و گۆڵێکم کرد بەرامبەر هەڵبژاردەی زامبیا، ئەوەش لە یەکەم یاریماندا لە ئۆڵۆمپیادی سیئوڵ، من لە پێنج یاری هەردوو ئۆڵۆمپیاد بەشداربووم، بەرامبەر هەڵبژاردەکانی کەنەدا و کامیرۆن و یۆگسلافیا و زامبیا و کۆستاریکا و ئیتالیا یارییم کرد .
ستادیۆم لەکەریم عەلاوی پرسی، تۆ بیرەوەرییەکی تایبەتت هەیە لەگەڵ هەڵبژاردەی کوەیت، ئەو بیرەوەرییە چییە؟
کەریم عەلاوی: من نزیکەی 8 جار بەرامبەر هەڵبژاردەی کوەیت یاریم کردووە ، یان گۆڵم کردووە یان ئەسیستم کردووە ، ساڵی 1987 لە هەردوو یاری چوون و گەڕانەوە لە کوەیت و مەسقەت هەردوو گۆڵەکەی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عیراق من کردومن ، هەردوو گۆڵیش لەدەرەوەی ناوچەی سزاوە بوو، لەیاری یەکەمدا 2-1 دۆڕاین و لە کۆتایی یارییەکە تووشی ئەشکەنجە و لێدانێکی زۆر بووین لەلایەن پۆلیسی ناو یاریگاوە ، بەڵام لەیاری مەسقەت هەستم دەکرد کە دەتوانم ئەم جارەش گۆڵ بکەم بەڕاستی یارییەکی بەهێز و قورس بوو، لەکۆتاییدا بەتاکە گۆڵەکەی من سەرکەوتین و عیراق گەیشتە ئۆڵۆمپیادی سیئوڵ.
سەبارەت بەو تاکە گۆڵەی سەرکەوتن، هیچ پاداشتێکی تایبەتی کرایت؟
کەریم عەلاوی: نەخێر هیچ پاداشتێکی تایبەتی نەکرام، بەڵام کە گەڕاینەوە بۆ بەغدا لە فڕۆکەخانە پێشوازییەکی مێژوویمان لێکرا و دواتر براین بۆ گۆڕەپانی ئاهەنگە گەورەکان، لەوێش خەڵکێکی زۆر هاتن بۆ پێشوازیمان، بەشێک لە هاندەران منیان خستە سەر شانیان تا گەیشتنمان بە شوێنی ئاهەنگەکە، لەوێ گەورە بەرپرسانی حکومی و وەرزشی هاتن پێشوازی و دەستخۆشیان لێ کردین و بڕیاریاندا بە خەڵات کردنی سەرجەم یاریزانانی هەڵبژاردەی ئۆڵۆمپی عیراق .
ستادیۆم: جۆری خەڵاتەکە چی بوو؟
کەریم عەلاوی : ئۆتۆمبێلی جۆری ڤۆڵگس واگن (بەرازیلی مۆدێل 1987) بوو بۆ هەموو یاریزانان بەگشتی .
هەڵبژاردەی تۆپی پێی عیراقی ساڵانی هەشتاکان