هاكان فیدان سەردانی قاهیرە دەكات
رۆژنامەی یەنی شەفەق بڵاویكردەوە: بڕیارە هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا لە سەرەتای مانگی ئابدا سەردانی میسر بكات و كارنامەكەی كۆمەڵێك فایل لەخۆدەگرێت.
هاكان فیدان لەگەڵ بەدر عەبدولعەتی وەزیری دەرەوەی نوێی میسر كۆدەبێتەوە، هەروەها ئامادەكارییەكان بۆ سەردانەكەی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆك كۆماری میسر بۆ توركیاش لە بەرنامەی كارەكەیدایە.
پرسی غەززە یەكێك دەبێت لە گرنگترین بابەتەكان لە سەردانەكەی هاكان فیدان. جگە لە پرسی فەلەستین، سەقامگیریی بەردەوام و ئاشتی لە پرسە ناوچەییەكانی وەك لیبیا، سودان و سۆماڵ بۆ هەردوو وڵات گرنگییەكی زۆریان هەیە.
ئەردۆغان:
لەوانەیە بچینە ناو ئیسرائیل
رۆژنامەی حورییەت بڵاویكردۆتەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا جارێكی دیكە بە لێدوانێك ئیسرائیل و بەرپرسانی تووڕە كرد، كە تێیدا باسی «چوونە ناو ئیسرائیل»ی كرد.
ئەو لێدوانەی ئەردۆغان لە میانی وتارێكدا هات لە ویلایەتی ریزە لە باكووری توركیا، كە تێیدا ستایشی پیشەسازیی بەرگریی توركیای كرد و ئاماژەی بەوەشكرد، رەنگە توركیا بچێتە ناو ئیسرائیلەوە وەك چۆن پێشتر چووە ناو لیبیا و ناوچەی قەرەباخەوە، بەڵام جۆری دەستێوەردانەكەی رووننەكردەوە.
ئەردۆغان وتیشی: دەبێت ئێمە زۆر بەهێز بین بۆ ئەوەی ئیسرائیل نەتوانێت ئەم كارانە بەسەر فەلەستیندا بهێنێت، هەروەك چۆن چووینە ناو قەرەباخ و لیبیا، رەنگە كارێكی هاوشێوە بكەین، هیچ هۆكارێك نییە بۆ ئەوەی نەتوانین ئەوە بكەین، دەبێت بەهێز بین تا بتوانین ئەم هەنگاوانە بنێین.
سێ شوێن بۆ ئەگەری كۆبوونەوەی ئەسەد و ئەردۆغان
رۆژنامەی زەمانی توركی بڵاویكردەوە، دوای كۆبوونەوەی پوتین و ئەسەد لە مۆسكۆ، جارێكی دیكە ئەگەر و شوێنی كۆبوونەوەی چاوەڕوانكراوی نێوان ئەسەد و ئەردۆغان بووە جێی سەرنجی میدیاكان.
دوای دیدارەكەی پوتین، مۆسكۆ وەكو شوێنی كۆبوونەوەی چاوەڕوانكراوی نێوان ئەسەدو ئەردۆغان باسی لێوەكرا.
پێشتریش بەغدا وەك شوێنێكی دیاریكراو بۆ كۆبوونەوەكە باسی لێوەكرابوو، سێیەم شوێنی ئەگەری بۆ میوانداریكردنی لووتكەی نێوان هەردوو سەرۆكی توركیا و سوریا، دەروازەی كەسەبی سوریایە، كە لەسەر سنووری توركیایە.