خاپورکردنی گوندەکانی قەزای بازیان

11:36 - 2024-07-31
ڕاپۆرت
269 جار خوێندراوەتەوە

نووسینی: کاروان محەمەد و یاسین ئەحمەد


روخاندنی گوندەکانی بازیان کۆتایی هێنا بە کاری جووتیاری و ئاژەڵداری لەو ناوچەیە کە کاری سەرەکی بەشی زۆری دانیشتوانەکەی بوو

 

بەهاری ساڵی 1988 و بەتایبەت لە مانگی پێنجی ئەو ساڵەدا، سوپای بەعسی عیراق لە چوارچێوەی پرۆسەی بەدناوی ئەنفالدا دواهەمین هێرشی خۆی بۆ سەر ناوچەی بازیان کرد و سەرجەم ئەو گوندانەی تا ئەوکاتە بە ئاوەدانی مابوونەوە خاپوری کردن، بەم کارە بەشی زۆری سنووری بازیان بووە ناوچەی قەدەغەکراو و جگە لە چەند ئۆردوگایەکی زۆرەملێی دروستکراو هیچ گوند و ئاوەدانییەکی تێدا نەما.
قەزای بازیان ناوچەیەکی کشتوکاڵیی و گوندنشین بوو، لە سەرجەم شۆڕشەکانی کورددا زۆربەی گوندەکانی لەژێر کۆنترۆڵی شۆڕشدا بووە، خەڵکەکەی دڵسۆزی کوردایەتی و بەشێک بوون لە هێزەکانی پێشمەرگە، کەم رۆژ هەبووە چالاکی دژی بەعس تێدا نەکرێت، هەربۆیە لە زووەوە حکومەتی عیراق ویستویەتی ئەم ناوچە ستراتیژییە بە پلانی جۆراوجۆر کۆنترۆڵ بکات، سەرەتای دەستکردن بەم پلانەی بە دروستکردنی ئۆردوگای زۆرەملێ و روخاندنی چەند گوندێك دەستیپێکردووە لە ساڵانی حەفتای سەدەی رابردوودا.
   قەزای بازیان لە نزیكەی شەست گوند پێكهاتووە، ئەم ژمارەیە بەپێی سەردەمەکان گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، خاپورکردنی گوندەکانی بازیان بەگشتی و راگواستنی دانیشتوانەکانیان لەلایەن حکومەتی عیراقەوە بە سێ قۆناغ بووە:
قۆناغی یەکەم: ساڵی 1976 دانیشتوانی هەشت گوند راگوێزران بۆ ئۆردوگای تازە دروستکراوی ئەڵایی، گوندەکان بریتی بوون لە: (ئەڵایی خواروو، ئەڵایی سەروو، بەگەجانی، تەپەشوانکارە، تاسڵوجە، توی ئەولیا، شوانکارە کۆن و کانی گەورە)، هەروەها بەشێك لە دانیشتوانی گوندەکانی قوشقایە و کۆیك راگوێزران بۆ هەمان ئۆردوگا، بەڵام ئەم دوو گوندە بە تەواوی چۆڵ نەکران.
قۆناغی دووەم: ساڵی 1987بەشێکی دیکە لە گوندەکانی بازیان خاپوورکران کە 11 گوند بوون، بریتی بوون لە: (هەیاسی تازە، چۆڵمەك، مۆرتکە، ئەڵاقولی، بی بی جەکی گۆران، قوشقایە، کڵاشکەرانی بچووك، کڵاشکەرانی گەورە، کۆیك، لازیان، هاڵەی مام قادر)، دانیشتوانەکانیان راگوێزران بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکانی قەزای بازیان.
قۆناغی سێیەم: ساڵی 1988 لە پرۆسەی ئەنفالدا تەواوی ئەو گوندانەی بە ئاوەدانی مابوونەوە لە سنووری قەزای بازیان و ژمارەیان 33 گوند بوو خاپوورکران و بە هەمانشێوە خەڵکەکانیان راگوێزران بۆ ئۆردوگاکانی (بازیان، ئەڵایی، تەیناڵ، باینجان، گۆپاڵە)، بریتی بوون لە گوندەکانی 
(ئاڵی بزاو، ئاڵی گۆران، ئۆڵوبڵاغ، ئیبراهیم ئاوا، باریکە، باڕۆیی بچووك، باڕۆیی گەورە، باڵاجۆ، باڵۆڵان، باینجان، بی بی جەکی سماقان، بی بی جەکی وەیس، خاڵدان، خێوەتە، دەربەند سوتاو، دەرگەزێنی بابەعەلی، دەرگەزێنی هەمەوەند، داریکەلی، زیەکە، سەرچاوە، شێخ مەن، کەڵەکن، کانی پێنج شەم، کانی سمایلە، کانی شەیتان، کانی شایە، کوپەلە، گاوانی، مەحمودی، هەنجیرە، هاڵەی حاجی رەشید، هاڵەی سەرچاوە و هورمزیار)، گوندەکانی دیکەی بازیان ساڵانی پێشتر چۆڵکرابوون، گوندی سڵێمانە گردە ساڵی 1986خاپوورکرابوو.
   روخاندنی گوندەکان کۆتایهێنا بە کاری جووتیاری و ئاژەڵداری کە بەشی زۆری دانیشتوانی بازیان کاری سەرەکییان بوو، چونکە نەیاندەتوانی بگەڕێنەوە سەر زەوییەکانیان و کرابوونە ناوچەی قەدەغەکراو، ئەم دۆخە درێژەی کێشا تا راپەڕینی ساڵی 1991 کە پاش گەڕانەوەی خەڵکی لە کۆڕەوەکە گەڕانەوە گوندەکانیان و بەشی زۆریان ئاوەدان کرانەوە.

#راپۆرت

بابەتە پەیوەندیدارەکان