پرۆژەی ئاودێریی سەنگەسەر دەستپێدەكرێتەوە

01:10 - 2024-08-01
کوردستان
162 جار خوێندراوەتەوە

جێگر خدر
پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی ئاودێریی سەنگەسەر، كە بەیەكێك لە پرۆژە گرنگ و ستراتیژییەكانی دەڤەرەكە دادەنرێت، دوای تەواوكردنی رێژەی %80ی كارەكانی و پاشان وەستانی، وابڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا دەستپێبكاتەوە و تەواو بكرێت.
سپاردە محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەكانی ئاوی راپەڕین، بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: بڕیار دراوە جارێكی دیكە بودجەی پێویست بۆ تەواوكردنی پرۆژەی ئاودێریی سەنگەسەر تەرخان بكرێت، لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكاریش لە هەماهەنگیداین، كە ئێستا %80ی كارەكانی تەواوبووە، قۆناغی تەواوكاریشی لە ئایندەیەكی نزیكدا دەستپێدەكاتەوە، گوژمەی پارەكەشی 3 ملیار و 662 ملیۆن دینارە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە پرۆژەی ئاودێریی سەنگەسەر لە ساڵی 1956ەوە دەستكراوە بە دروستكردنی و ساڵی 1958 تەواو بووە و بە یەكێك لە پڕۆژە هەرە گرنگ و ستراتیژییەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق دادەنرێت، سەرچاوەكەی لە چیاكانی قەندیلەوەیە و پێكهاتووە لە بەنداوێك و جۆگەیەكی ئاودێریی بە درێژایی نزیكەی 20 كیلۆمەتر، ئەمە جگەلەوەی پڕۆژەكە توانای بەراوكردنی نزیكەی هەشت هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی هەیە، بە تەواوكردنیشی جووتیارێكی زۆری سنوورەكە لێی سوودمەند دەبن.

بابەتە پەیوەندیدارەکان