ئاوێنەیەکی بچووک لە دڵمدایە

02:08 - 2024-08-01
ئەدەب و هونەر
669 جار خوێندراوەتەوە

محەمەد سۆران هەمەوەندی


نزیک ببەوە، مردن هێندە دوور نییە هەتا بانگی بکەین
ئێمە لە باوەشێنی پاییز دەترساین،
لەو گوڵانە
کە منداڵان لێیان دەکردنەوە.
لەنێو وێنەکاندا خەندەی درۆمان نیشان دەدا.
لە شەوێکدا بۆ ئەبەد ونت کردم،
ئێستاش لە وێرانەیەک دەچم
کە بۆنی خوێن چۆلەکەکانیشی بێدار کردۆتەوە.
خاوەنی سامانێکی هێجگار گەورەی خەیاڵ بووم،
ئێوارانیش بست بە بستی شەقامە خامۆشەکان
دەکەم بە هاوڕێ و
لەگەڵ دارتێلەکان
هەواڵی تۆ لە کۆترەکان دەپرسین.
بەڵام چی بکەم
کە نەتوانم تەنیا وێنەیەکیش بدۆزمەوە،
دەردەدڵی بۆ بکەم و
کەمێک ئاسوودەییم پێ ببەخشێت.

بەیانییەک
هاوشێوەی سەربازێکی هەڵهاتوو،
بە کۆمەڵێک ئازارەوە،
تەنیایی ڕایکێشام بەرەو قووڵاییی گۆرانییەکی بێدەنگ.
ماسییەکان بە مردوویی
گوێیان لە موزیکژەنەکان دەگرت
کە بە پەنجەی خوێناوییەوە خۆیان بە ژێیەکانەوە مەست کردبوون.
تەماشاکە بێئومێدی چۆن پیری کردووم،
دڵیشم وەکوو کاتژمێرەکەی دەستم وەستاوە،
کەچی هەر گۆرانی تەنیایی دەڵێتەوە؛
چونکە لە دەستی ئەو ئازارانە هەڵهاتووم
کە ئومێدە ساواکانیش لە خاچ دەدەن.
دنیات لێ دەکەن بە ژوورێکی بچووک،
بەفر دەکەن بە سەرابە بزۆزەکان.
منداڵیت لەگەڵ گەردەلوولدا دەپێچنەوە.
شەقامەکانیش بێزار دەکەن بە ناڵەی نێو دێڕە سامناکەکان.
ئاهـــ چ بێزارییەکە وای لێکردووم
حەزم لە گەڕان بێت
لە گۆڕستانە بێ کێلەکان،
بۆ دۆزینەوەی دڵی خۆم و
مشتێک خۆشبەختی!

بابەتە پەیوەندیدارەکان