‌‌‌بزمار

02:24 - 2024-08-01
ئەدەب و هونەر
218 جار خوێندراوەتەوە

 ‌‌‌بزمار
بیرت لێ دەکەمەوە،
هاوشێوەی بیرکردنەوە لە ئازاری بزمارێک، لەژێر قاچی چەپمدا ..

بۆنی خوێن
لە ژووری نووستنی هەر کچێدا؛ 
پەرداخێکی شکاو هەیە، بۆنی خوێنی سەربازێکی برینداری لێ دێت.

بیست و نۆ لە ساڵێکدا
بیست و نۆ ڕۆژ دراوسێی دەستە راستم لە دەرگەی ماڵی دراوسێی دەستە چەپمی داوە و من بە هەڵە دەرگام کردووەتەوە!

بەندەر
لە بەندەرەکاندا بۆنی ماسی برژاو دەگاتە ناو جانتای موسافیرەکان، بەندەرەکان پڕن لە مرۆڤی ترساو، پڕن لە ماسی تەنیا.

خەون
ڕەنگە مردن دیوێکی تری ژیان بێت،،
کە مرۆڤ تیایدا بە ئومێدی ئەوەی کەسێک لە خەوندا ببینێت،
بەناچاری هەزاران ساڵ لەناو پەڵە هەورێکی سپییدا دەنوێت.

چەتر
چەتر؛ ناوی خواردنێکی بەتام بوو، کە لە منداڵیمدا
پارەمان نەبوو بیکڕین.

چەقۆ ئەو ڕۆژانەی
لەسەر شۆستەکان لەفەی مریشکم دەخوارد،
ماڵی هاوڕێکانم پڕبوون لە چەقۆی خوێناوی.

نەخۆشخانە
چونکە ئەم ساڵ یادی لەدایکبوونتم بیر نەبوو،
پەنجەرەی یەکێک لە ژوورەکانی نەخۆشخانەم کردەوە و
بۆ تەمەن درێژی تۆ،
لەناو با-دا جگەرەی دووەمم داگیرساند...
ئاوێنە

کاتێک بیری تۆم دەکەم، بۆ ئەوەی بە دوو چاوی تەڕ و دڵێکی تەنگەوە هیچ کەسێک نەمناسێتەوە، دەچم لە ئاوێنەکاندا خۆم دەشۆرم.

ڕۆژنامە
کە وەزارەتی ناوخۆ ڕێگەی نەدا ناوت بخەمە رستەوە، هەموو شەوێک دیوارەکانی شار رۆژنامەی ئێمە بوون، بە تیراژی هەزار دانە.

پیتزا
لە پشتی هەر مرۆڤێکەوە،
کە رۆژێک لە ڕۆژان  بیری لەوە کردبێتەوە؛
لە ئەپارتمانێکی پانز نهۆمییەوە خۆی فڕێ بداتە خوارەوە، 
بڕوانامەیەکی سەخیف هەیە؛
کە پارەی پیتزایەک ناکات لەبازاڕدا.

ترس
رۆژانێکی زۆر دەرگەم لەسەر خۆم داخست و
ناهاتمە دەرەوە..
نە لە ڕووخانی ئاسمان دەترسام،
نە لە ڕۆچوونی زەوی،
ترسی گەورەی من؛ نەبینینەوەی تۆ بوو لەبەردەمی یەکێک لە سەموونفرۆشەکانی
شاردا.

سێبەر
 پێم لەسەر سێبەری کچێک دانا و تۆ نەبووی،
تۆ، کە هەرگیز لە کەس نەچووی،
هەموو ڕۆژێک باڵندە لە چاوەکانتدا دەفڕی و سێبەریشت نەبوو.

برسی
لە بەردەمی پاسەوانەکانی دەرگای بانقدا گریاین و
وتمان: برسیمانە،
پاسەوانەکانی بەردەرگەی بانق بەدەم فیکە لێدانەوە پێیان وتین: بڕۆن تایەی ئۆتۆمبێلەکان بخۆن.

گۆزەی شین
گەوادەکانی شار
پێشنیاری ماڵی سۆزانییەکانت بۆ دەکەن،
تەنها لەبەر ئەوەی رەنگی چاوی خۆشەویستەکەت
لەبیر بکەی،
خۆشەویستەکەت؛ گۆزەیەکی شین بوو لەسەر
سنوور بە دەستی کەسێکەوە
شکا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان