1 - هەموو شتێک لەم گەردوونەدا ریتمی تایبەت بە خۆی هەیە، گەردوون لەسەر ریتمێک داڕێژراوە، تێکچوونی ئەو ریتمە، کۆتایی ژیانە. ریتم واتە هاوسەنگی، تەبایی و هەڵکردن، ریتم واتە ئاسوودەیی تۆ لەو شوێنەدا کە وەستاوی، ئاسوودەیی جەستەیی و دەروونییت. ئەدەب و هونەر و سەرجەم کایەکانی پەیوەست پێیانەوە، هەریەکەو بە جۆرێکی تایبەت لەگەڵ ڕیتمدا مامەڵە دەکەن، ناکرێت تەنیا بە یەک خوێندندنەوەی سەپاو بۆ ژانرەکان ڕازی بین، چون بەوەها کارێک جیاوازیی نێوان ژانرەکان ناهێڵین و تایبەتمەندیی ریتمییان دەسڕینەوە.
2 - جیا لە بوارە موزیکییەکەی، بە ئێستاشەوە، لای ئێمە بابەتی ڕیتم تەنیا پەیوەست بە ژانرێکەوە کراوە کە شیعرە، دیارە ئەمە ڕاست نییە و هەموو ژانرەکانی دیکەش خاوەن ڕیتمی خۆیانن. تابلۆیەک خاوەنی ڕیتمی خۆیەتی، شانۆیەکیش بە هەمان شێوە، ڕۆمان و فیلمیش. لێرەدا قسەی من لەسەر چیرۆکە.
3 - ریتم لە چیرۆکدا دەتوانێت زۆر لایەن بگرێتە خۆ، بەڵام بە ئیمکان و توانستی تایبەتیی خۆیەوە. سەرەتا با جیاوازیی ریتم، بە نموونە، لە شیعر و چیرۆکدا ڕوون بکەینەوە: گەر بەوەها پێناسەیەک لە ڕیتم ڕازی بین کە جۆرێک لە هارمۆنیا، نزیکایەتی و هێمنایەتییە لەناو وشە و دەقدا، ئەوا لە شیعردا ئەم هاوسەنگییە لە وێنەی شیعریدا بەرجەستە دەبێت و لە چیرۆکیشدا لە گێڕانەوەدا، دیارە دەبێت هەر خێرا ئەم ڕستەیەش بنووسین؛ لە هەردووکیاندا ‹زمان›ە کە ئەم بەرجەستەبوونەوەیەی تێدا ڕوو دەدات.
4 - «گێڕانەوە» لە چیرۆکدا، کە گرنگترین کۆڵەگەیە، پنت و خاڵی وەرچەرخانی ڕوودانی ڕیتمە لە چیرۆکدا. ریتم لە چیرۆکدا، یان لە گێڕانەوەدا چۆن دەسازێت؟ چیرۆک چۆن مامەڵە لەگەڵ ڕیتمدا دەکات؟ هەڵبەت بە پاراستنی هەندێک خەسڵەت، دەتوانرێ وەها وەڵامێک بۆ ژانری ڕۆمانیش دەست بدات. ریتم لە هەناوی گێڕانەوەوە سەر دەردێنێت و دەسازێت، ئەویش بەگوێرەی گرژی و خاوی، توندی و شلی، سووکی و قورسی، نەرمی و زبری، هەڵکشان و داکشانی رووداو دەبێت، ریتم بە رادەی بەرزونزمی ناوەڕۆک دەگۆڕێت و لەگەڵ گۆڕانیشیدا، هەریەک لە جومگە سەرەکییەکانی، کات، شوێن، کەسێتی، دیالۆگ، زمان، کەشوهەوای چیرۆکیش ناچار بە گۆڕان دەکات. بۆ وێنە: چیرۆکێک بێننە بەرچاو: کۆمەڵێک گەنج بە دەوری مێزێکی بازنەییدا دانیشتوون و یاریی کۆنکەن دەکەن، هەموو شت ئارام و لە کەشیی خۆشدا دەچێتەپێش، لەپڕ دەنگەدەنگێک دروست دەبێت، کەسێک بە تووڕەییەوە لە جێی خۆی هەڵدەستێت و یەخەی کەسێکی تر دەگرێت، کەسەکە خۆی ڕادەپسکێنێت و لە بەرباخەڵیدا دەمانچەیەک دەردێنێ: تەق... تەق... تەق! کەسە دەکوژێت، ئێستا هەمووشت تێکچووە، دۆخی دەروونی کەسەکان، ئارامی شوێنەکە، یارییەکە و فەزای گشتی چیرۆکەکەش، لە حاڵەتێکی وادا ڕیتمیش دەبێت پێبەپێی هەمان هەڵکشان، هەڵکشێ و بگۆرێت.
5 - مارشاڵ بێرمەن لە کتێبی «ئەزموونی مۆدێرنێتی»ـدا، کاتێک دێتە سەر ئەدەبی پترسبۆرگ و چیرۆکەکانی «گۆگۆل»، تێبینییەکی سەرنجڕاکێش تۆمار دەکات و چیرۆکی «بلواری نیفیسکی» بە نموونە دێنێتەوە، بێرمەن سەبارەت بەو چیرۆکە دەنووسێت: «کاتێک شهقام قهرەباڵغ و جەنجاڵ دهبێت، ڕستهکانیش کورت و پارچە پارچە دهبن، کاتێکش شهقام چۆڵ و خامۆش دەبێت، ڕستهکان درێژ دهبنهوه.» بێئەوەی باسێک دەربارەی ڕیتم لەو کەشفە وردەی مارشاڵ بێرمەندا هەبێت، ئێمە لە سەروەختی خوێندنەوەی ئەو چیرۆکەدا، دەگەین بە ڕیتمی تەبا و تۆکمەی گێڕانەوە لەو چیرۆکەدا. لە چیرۆکی «کاتێک لە عەشق دەدوێین، لە چی دەدوێن»ی ڕیمۆند کارڤەردا ڕیتم لەوپەڕی هاوسەنگی خۆیدا ساز دەبێت، چیرۆکەکە لەسەر مێزی میوانییەک ڕوودەدات، چوار کەسێتی، دوو ژن و دوو پیاو، دانیشتوون و مێزی بەردەمیان بە خواردن و خواردنەوەی هەمەجۆر رازاوەتەوە، میل، کە کەسی یەکەمی چیرۆکەکەیە، دەخواتەوە، لە هەمووان زیادتر و بێپشوو دەخواتەوە، لەگەڵ بەرەوپێشبردنی چیرۆکەکە، نەختەنەختە باری قسەکانی میل تێکەڵ و پێکەڵ دەبن، ریتمی چیرۆکەکە دەکەوێتە سەر هەوای کەسێکی سەرخۆش و گێڕانەوەکەی تێکەڵ و پێکەڵ دەبێت.
6 - سەبارەت بە ریتم لە چیرۆکی کوردیدا، دەتوانین بڵێین دۆخەکە تا رادەیەک نائومێدکارە، بەئاگا یان نائاگا، چیرۆکنووسی کورد، زۆر کەم حساب بۆ ڕیتم دەکات لە کاتی گێڕانەوەدا، هەمان چیرۆکی کۆمەڵە گەنجەکەی دەوری مێز و یاریی کۆنکەن بێننەوە بەرچاو، دەبینین لە چیرۆکی کوردیدا، لە دەستپێکەوە بۆ کۆتایی، بێ ڕەچاوکردنی دۆخی هەڵکشان و داکشانی چیرۆک، بە یەک ریتم، چیرۆک دەگێڕدرێتەوە و تەواو دەبێت.
7 - ئەمڕۆ ریتمی گەردوون بەتەواوی تێکچووە، ژینگە پیس و چینی ئۆزۆن لە چەندلاوە تەنک و کون بووە و لە بەردەم سەدان مەترسی تۆقێنەرداین، وەک مرۆڤی سەدەی بیست و یەک، ئابڵووقە دراوین بە جەنگ و هەوای میکرۆباویی و ئاوی تێکەڵ بە زێراب و شاری تەنگ و پڕدووکەڵ و هاڕەهاڕی ماشێنی زەبەلاح، هەمووشمان لەناو ئەم تێکچوونە گەورەیەدا، سەرلێشێواوانە دێین و دەچین. چار چییە؟ زەحمەتە وەڵامێکی روون بۆ ئەم پرسیارە، ئەوەی بەشێک نەبیت لەو فەوزایە و لانیکەم کلێنکسەکەت، یان قوتوو و پاشماوەی خواردنەکەت فڕێ نەدەیتە سەرجاددە و زوو زوویش دەستەکانت بە سابوون بشۆیت، سادەیرین وەڵامێکی تاکەکەسی تۆیە بۆ ئەو پرسە. ئیدی چیرۆک چۆن ئاوقای ئەم تێکچوون و لەدەستچوونی ریتمە گەردوونی و ژیانییە دەبێتەوە و ریتمی هاوسەنگ و کۆکی خۆی دەدۆزێتەوە؟ بە چاوتێبڕین لە ئاڵۆزی کێشەکان و دۆزینەوەی کێشی ریتمداری سەردەمەکە. ئەمەش بابەتێکی گرنگە و چیرۆکنووسانی ئەمڕۆ دەبێت بە چیرۆکەکانیان پێشانی بدەن.