لۆكاكۆ

درێژەپێدەری نەهامەتی هێرشبەرانە لە یانەی چێڵسی

12:03 - 2022-06-25
وەرزش
393 جار خوێندراوەتەوە

ئا: ئارۆ سەنگەر


یانەی چێڵسی لەژێر سەرپەرشتی رۆمان ئەبرامۆڤیچ گەشەی گەورەی كردو بووە یەكێك لە یانە گەورەكانی ئەوروپا و جیهان كە دووجار بووەتە پاڵەوانی ئەوروپا، بەڵام لەو ماوەیەدا یانەكە زۆرینەی كاتەكان كێشەی گەورەی لە هێڵی هێرشبەر هەبووە.
سەردەمی ئەبرامۆڤیچ
لەسەرەتای سەردەمی ئەبرامۆڤیچەوە لە ساڵی 2003 یانەی چێڵسی كێشەی گەورەی لەگەڵ ئەو هێرشبەرانە هەبووە كە بۆندی لەگەڵ ئیمزا كردون جگە لە دیدیە درۆگبا هیچ هێرشبەرێكی تر لەو یانەیە نەیتوانیوە سەركەوتوو بێت.
لە ساڵی 2003ەوە تا ئێستا یانەی چێڵسی بۆندی لەگەڵ چەندین هێرشبەری گەورە و بەتوانای ئیمزا كردوە، بەڵام جگە لە درۆگبا و ماوەیەكی كورتی دیگۆ كۆستا هیچ یەكێك لەو هێرشبەرانە نەیانتوانی ئاستی بەرز پێشكەش بكەن و زۆرینەیان دوای ماوەیەكی كورت ریزی یانەكەیان جێهێشتووە.
ئەو یانەیە بۆ كۆتایی هێنان بە كێشەی هێرشبەران بەرامبەر بە 113 ملیۆن یۆرۆ بۆندی لەگەڵ رۆمێلۆ لۆكاكۆی ئەستێرەی پێشووی ئیمزا كردوە، بەڵام ئەو هێرشبەرە كە وەرزی پێش ئەوە بەرزترین ئاستی لە ئیتالیا پێشكەش كردبوو درێژەی بە شكستی هێرشبەراندا لە ستامفۆرد بریج.
وەرزی پێشوو
لۆكاكۆ لە وەرزی پێشوو لە یانەی چێڵسی لە كۆی 44 یاری كە بەشداری كرد 15 گۆڵی كردو دوو گۆڵیشی دروست كرد و بەهۆیەوە متمانەی تۆماس تۆخیلی راهێنەری لەدەستداو شوێنی لە پێكهاتەی سەرەكی تیپەكە نەما.
لۆكاكۆ لە ناوەڕاستی وەرز راشكاوانە ئاماژەی بەوەدا شێوازی تۆماس تۆخیل یارمەتی نادات بۆ ئەوەی ئاستی بەرز پێشكەش بكات، بەڵام دۆخەكە پەیوەندی بە تۆماس تۆخیلەوە نەبوو بەڵكو مێژووی یانەكە لەگەڵ هێرشبەران باش نییە و چەندانی تر هاوشێوەی لۆكاكۆ شكستیان هێناوە، هەر بەهۆی ئەمەش ئەو ئەستێرەیە بیر لە جێهێشتنی چێڵسی دەكاتەوە و دەیەوێت هەمان هەنگاوبنێت كە هێرشبەرە شكستخواردوەكانی تر لەو یانەیە ناویانە.
لەماوەی 19 ساڵی ئەبرامۆڤیچ چێڵسی بۆندی لەگەڵ 23 هێرشبەر ئیمزا كردوە یاخود 23 هێرشبەر لە هێڵی هێرشبەری یانەكە یاریان كردوەو كەمێكیان توانیان ئاستی باش پێشكەش بكەن.
لەدوای درۆگبا باشترین ئاستی پێشكەش كرد لە رووی باش یاریكردنەوە دیگۆ كۆستا دێت كە وەرزی یەكەمی زۆر باش بوو، بەڵام دوای ئەوە كێشەی زۆری بۆ دروستبوو بۆیە بەخێرایی یانەكەی جێهێشت.
یەكێكی تر لەوانەی ئاستی باشی پێشكەش كرد نیكۆلاس ئەنێلكا بوو كە لە 125 یاری بۆ یانەكە 38 گۆڵی كرد و یەكێك بوو لە هۆكارەكانی لەدەستدانی نازناوی چامپیۆنس لیگی 2008 كاتێك لە یاری كۆتایی بەرامبەر مان یونایتد پەنالتی لەدەستدا.
هێرشبەرە گەورەکان
چەندین هێرشبەری گەورەی هاوشێوەی ساموێل ئیتۆ و ئەلیكساندەر پاتۆ و رادامێل فالكاو و هێرنان كریسپۆ و ئەدریانۆ مۆتۆ و گۆنزالۆ هیگواین و كلاودیۆ پیتزارۆ و میچی باچوای و ئەندریە شۆرلە بۆ ماوەیەكی كورت لە چێڵسی یاریان كردوەو سەرجەمیان بە شكست كۆتاییان بەكاروانی یاریكردنیان لەو یانەیە هێناوە.
ساڵی 2007 چێڵسی بۆندی لەگەڵ ئەندری شیڤچینكۆی ئەستێرەی میلان ئیمزا كرد بەرامبەر بە 43 ملیۆن یۆرۆ كە یەكێك بوو لە باشترین هێرشبەرەكانی ئەو سەردەمە، بەڵام لە 77 یاری 22 گۆڵی كردو شكستی هێنا.
ساڵی 2011 فرناندۆ تۆرێس دوای ئاستی ناوازە لەگەڵ لیڤەرپوڵ بە 58 ملیۆن یۆرۆ رووی كردە چێڵسی بەڵام لەكۆی 172 یاری بۆ ئەو یانەیە 45 گۆڵی كرد.
دوای 6 ساڵ لەو بۆندە چێڵسی بە 66 ملیۆن یۆرۆ ئەلڤارۆ مۆراتای گواستەوە ریزەكانی بەڵام ئەویش سەركەوتوو نەبوو كە لە 72 یاری تەنها 24 گۆڵی كرد.

بابەتە پەیوەندیدارەکان