پەیامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەیادی 10 ساڵەی جینۆسایدی شەنگالدا

09:21 - 2024-08-02
کوردستان
287 جار خوێندراوەتەوە

دەساڵ بەسەر   جینۆسایدکردنی ئێزدییەکان لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش تێپەڕدەبێت کە گەورەترین تاوانی سەردەمە دژ بە مرۆڤایەتی لە سەدەی بیست و یەکدا، دژ بە هاونیشتمانیانی ئێزدی و دژ بە نیشتەنی ژیان و شارستانی لە مێژینەیان لە شەنگال و دەوروبەری. 

فەرمانی قەتڵوعامی داعشیانە هەزاران هەزار کەسی ئێزدی کردە قوربانی و  سەدان لە کچان و ژنانی سەربەرز و رووسووری وڵاتەکەمانی بە کۆیلە و کەنیزەک برد. 
بە داخەوە لەم کارەساتەدا کەسوکارمان لە ئێزدیان لە بەردەم شاڵاوی تیرۆرستاندا  بە تەنیا هێڵرانەوە، راکردن و کەمتەرخەمی هێزی پارتی فەرمانڕەوا کەمترین دەرفەتی بۆ بەرەنگاری و پارێزگاری هێشتەوە.  یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەرایی کارەساتەکەدا، وێرای دووری و ئاستەنگەكانی بەردەمی، بە هێزێكی پوخت و کەم و شانبەشانی  رێكخستنەکانی لە دەڤەرەكە دەستوبرد هێڵێكی بەرگریی بۆ بەشێكی زۆری ئاوارە و لێقەوماوان دروستکرد بۆ بەرگرتن لەو نەزیفە نیشتمانییە و رزگارکردنی ئەوی لە توانادایە.
دوای پڕۆسەی  رزگاركردنەوەی شەنگال لە چوارچێوەی جەنگی سەرتاسەری دژی تیرۆریستانی داعشدا، هەوڵەكانی یەكێتی لە ناوخۆی کوردستان و عیراق و دەرەوە بەردەوامە بۆ هەرچی زووتری جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتی حکومەتی هەرێم و فیدراڵ و کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە کەیسی بە جینۆساید ناساندنی تاوانەکە، رزگارکردنی زیندوان، قەرەبووکردنەوەی  زیانلێكەوتوان و لابردنی تەگەرە سیاسییە دروستكراوەكانی بەردەم گەڕانەوەیەکی سەربەرزانەی ئاوارە و لێقەوماوانی کارەساتەکە.
لەم یادەدا،وەک هێزێکی کوردستانی دەربەست و بەرپرس، خاوەندارێتیی مۆڕاڵیی خۆمان لەم دۆسێ نەتەوەیی، نیشمانی و ئینسانییەی خەڵکەکەی خۆمان لە شەنگال دووپات دەکەینەوە، تەئکید لەسەر پاراستنی ناسنامەی ئێزدیان  وەک پێکهاتەیەکی رەسەن و زیندووی کوردستانی و  دابینکردنی ژیانێکی شکۆمەند و شایستە بۆیان دەکەینەوە.
یادی ئەم خەمە نەتەوەییە، هاوکاتی جەژنی دێرینی چلەی هاوینی ئێزدیانە کە جەژن هەمیشە نیشانەی بەردەوامی ژیان و بەردەوامی بەرەنگاری و ئیرادەی مانەوەیە، بەم بۆنەیە وێڕای پیرۆبایی لە سەرجەم خوشک و برایانی ئێزدی لە وڵات و لە تاراوگە، هیوادارین ئیرادەی مانەوە و بەردەوامیان بەسەر رۆژە رەشەکانی ستەم و کارەساتدا زاڵ بێت و سەرکەوێت.
درود بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی جینوسایدی شەنگال و سەرجەم قوربانیان و شەهیدانی گەلی کوردستان و عیراق.

مەكتەبی سیاسی 
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

#یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان #ئێزدییەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان