د. بەرهەم ساڵح
״كیژێكی ئێزدی لە شەقامێكی ئەڵمانیا، ئەو داعشییە هەڵاتووە دەبینێت كە دەستدرێژیی كردۆتەسەر״
تائێستاش بە هەزاران ئێزدی بێ ماڵ و حاڵ لە كەمپی ئاوارەکاندا دوور لە زێدی خۆیان دەژین و چارەنووسی زیاتر لە دوو هەزار ژن و کچی بەکەنیزەککراوی رفێنراو بە نادیاری ماوەتەوە، شنگالیش تائێستا سەقامگیریی و ئاوەدانكردنەوەی بۆ بەدینەهاتووەتەوە.
بەداخەوە دوای 10ساڵ لەو مەرگەساتە، هێشتا زۆر ماوە بۆ بەجێگەیاندنی عەدالەت و جێگیرکردنی مافی پێكهاتەیەكی رەسەن و ئاشتیخوازی ئەم نیشتمانە، با هەمووان بۆ چاككردنی دۆخەكە هاوکاربین و پێكەوە رێكاری تەندروست بگرینەبەر و چیتر داواكاریی رەوای خەڵكی خۆمان گیرۆدەی بێنەوبەرەی سیاسی نەبێت و بەهۆی بەرژەوەندییە سیاسییەکانەوە خەمساردی لە بەدیهێنانیان نەکرێت.
مرۆڤایەتی لە ئاستیدا عارەقی شەرمەزاری دەسڕێت
لە یادی 10 ساڵەی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان لە شنگال، بە دڵتەنگییەكی زۆرەوە ئەو رووداوە ئازاربەخشە دەكەوێتەوە یادمان كە بووەهۆی ئەوەی هەزاران قوربانی لێبکەوێتەوە، هەر لە کوشتاری مرۆڤ و رفاندنی کچان و ژنان و بزرکردنی منداڵان و وێرانكردنی ئاواییەكان.
لەو رۆژەدا کە تیرۆری رەشی داعش شنگالی داگیركرد و تاوانی کەم وێنەی ئاوای تێدا ئەنجامدا، مرۆڤایەتی لە ئاستیدا عارەقەی شەرمەزاری دەسڕێت.
ئامانجی تیرۆریستان كۆمەڵكوژیی و سڕینەوەی ئێزدییەكان بوو، بەڵام خۆڕاگریی گەلەكەمان و قوربانیدانی هێزە ئەمنییەكانمان و پشتیوانیی كۆمەڵی نێودەوڵەتی، پلانی تیرۆریستانی هەڵوەشاندەوە.
توندڕەوەكان بە پاساوی لێكدانەوەی تەکفیر و نابووتی بەناو ئایین، کە ریشەی لەناو ئەخلاقی رەگەزپەرستی و جیاکاریی رەگەزییە، ئەم تاوانەیان ئەنجامدا.
ئەم پاساوانە سەرچاوەیان لە واقیعی دواكەوتوویی و شكست و نائومێدیی ئەو کۆمەڵگەیانەوە دێت کە دابڕاون و لەئاست جیاوازییەكاندا هەستی خۆسەپاندن بەسەر ئەوانەی لەخۆی بێهێزترە زاڵ دەبێت.
پێویستە ئەوەمان لەیادنەچێت، ئەم تاوانەی روویدا لە سایەی بەرژەوەندیی هەندێ هێز و وڵاتدا بوو کە لەگەڵ تیرۆر و تەكفیر و توندڕەویدا یەکانگیربوو، هەروەک چۆن لە ئەنجامی كەمتەرخەمیی دەزگای ئەمنی و حوکمڕانی بوو لەو ناوچانە کە هەرەسیان هێنا لە بەرگریكردن لە ئاواییەكانی ئێزدییەكان، ئەم هەرەسهێنانە بە جۆرێک بوو تەنانەت لەكاتی هێرشی داعشدا؛ خەڵكی ئاسایی و لەنێویاندا ژمارەیەکی زۆر ژن و كچ و منداڵ بۆ وەحشییەتی داعشەکان بەجێهێڵران.
با ئەم یادە بۆنەیەک بێت بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو ئاڵەنگارییانەی تائێستا لەبەردەم ئاساییکردنەوەی ژیانی ئێزدییەكاندایە، دەرفەتێک بێت بۆ بەخشینی هیوا بۆ داهاتوویەكی گەشەسەندوو بۆیان، چونكە ئەوان شیاوی ئاشتی و سەقامگیریی بەردەوام و پێدانی دەرفەتن بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژیانی خۆیان و رووخساری كۆمەڵگەكەیان و نەخشاندنی داهاتوویان.
یاسای کچە رزگاربووەکانمان چەسپاند
قەبارەی ئەو مەرگەساتە كە لە بەرچاوی هەموو جیهاندا روویدا، شوێنەوارە نالەبارەکانی وایكرد کە لەگەڵ ژمارەیەك لە چالاكوان و رێكخراوی مرۆیی ئەوکاتەی لە پۆستی سەرۆك کۆماری عیراقدا بووم، هەوڵی ساڕێژکردنی هەندێک لەو برینانە بدەین، بەتایبەتیش كە ئەو تاوانە قێزەونە رفاندنی كچانی ئێزدیی گرتبووەوە و بەشێوەیەكی زۆر دڕاندانە رەفتاریان لەگەڵدا كرابوو.
لەو ماوەیەدا توانیمان یاسای كچە رزگاربووە ئێزدییەكان بچەسپێنین و قوربانیانی كچانی شەبەك و توركمان و مەسیحییەكانیش بگرێتەوە كە خۆی لە (قەرەبووكردنەوە، دووبارە ئامادەكردن و ساڕێژی دەروونی، چوونەوە ناو كۆمەڵگە و نیشتەجێكردن، هەلی فێركردن و دامەزراندن، داننان بە كۆمەڵكوژی، دادگاییكردنی تاوانباران، سۆراغكردن و گەڕان بەدوای ئەوانەی تائێستا لە لیستی ونبووەكاندان و دانانی رۆژێكی نیشتمانی بۆ یادكردنەوەیان لە 3ی ئابی هەموو ساڵێكدا) دەبینییەوە.
لەگەڵ ئەوەی دەزانین كە هیچ قەرەبوویەك و داننان بەو پرسە و هاوسۆز بوون، قەرەبووی ئەو ستەمە ناكاتەوە کە ئێزدییەكان هەستی پێدەكەن، بەڵام هیوامان وایە ئەمە سەرەتایەك بووبێت بۆ پرۆسەیەكی بەردەوام و پێشكەشكردنی قەرەبووەكان لەلایەن دەوڵەتی عیراقەوە؛ بەوەی بەرپرسیارێتییەكی ئەخلاقییە لەبەرامبەر گەلەكەماندا.
پشتیوانی لە رێكارەكانی UN دەکەین بۆ دادگاییكردنی تاوانەكانی داعش و هەوڵەکانیان بەرزدەنرخێنین، كە رێگە بەوە دەدات ئێزدییەكان ببنە خاوەنی ماڵی خۆیان
تاوانکاران باجەکەی بدەن و قوربانیان قەرەبوو بکرێنەوە
هەروەك هیواخوازین هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ ئەم پرسە جدی بن و هەوڵی كۆكردنەوە و ئەنجام گەیاندنی بۆ بدرێت و هەر كەسێک هاوكاری داعش بووبێت لە ئەنجامدانی تاوانكارییەكاندا، باجی تاوانكارییەكانی بدات و قەرەبووی قوربانییەكان بكاتەوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە قەرەبووكردنەوەی ئێزدییەكان كە لەو ماوەیەدا دەردەسەرییەكی بێوێنەیان بینی.
ئەمڕۆ، دوای تێپەڕینی 10 ساڵ بەسەر ئەو مەرگەساتەدا، جەخت لەسەر پێویستیی تێپەڕاندنی کێشە سیاسی و ئیداری و ئەمنییەكان دەكەینەوە كە تائێستا بەربەستن لەبەردەم رەفتاكردنی دادپەروەرانە لەگەڵ قوربانییەكاندا، هەروەها پەلە بكرێت لە رێكخستنەوەی ئیدارەی شنگال و فەراهەمكردنی دەستبەری دەستووری و یاسایی و ئەمنی بۆ ئێزدییەكان لە رووی ئایینی و كەلتورییەوە، دوور لە هەموو پەراوێزخستنێك، سەرەڕای فەراهەمكردن و بەهێزكردنی سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەكەیان و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان، ئەمەش لەپێناوی گەڕاندنەوەی كۆچپێكراوەكان بۆ ماڵ و حاڵ و زێدیان؛ كە لەم دواییەدا هەندێكیان سەربەستانە گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.
هەروەها پشتیوانیكردن لە هەوڵی نێودەوڵەتی بۆ لێكۆڵینەوە لە تاوانەكانی داعش لە عیراق و بە دیكۆمێنتكردنی و كاركردن لەسەر هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان كە سەدان قوربانیان تێدایە.
لەم نێوەندەدا پشتیوانی لە رێكارەكانی تیمی لێكۆڵینەوەی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان دەکەین بۆ دادگاییكردنی تاوانەكانی داعش (یونیتاد) و هەوڵەکانیان بەرزدەنرخێنین. لەمبارەیەوە پێویستە دەستخۆشی لەو بڕیارە گرنگە بكەین كە رێگە بەوە دەدات ئێزدییەكان ببنە خاوەنی ماڵی خۆیان، كە چەندین ساڵ بەهۆی سیاسەتەكانی پەراوێزخستنەوە لەلایەن دەسەڵاتی سەركوتكەرانەوە لێی بێبەش كرابوون.
پێویستە بەرژەوەندیی قوربانییەكان و كەسوكاریان لە سەرووی هەموو ئیعتبارێكی سیاسییەوە بێت، هەموومان پێكەوە بەیەکگرتوویی كار بکەین بۆ ئێزدییەکان و بەرگرییان لێبکەین و بەپیر قوربانییەكانی دەستی داعشەوە بچین.
لێرەدا هەنگاوی جدی و كاری جدیمان پێویستە، چونکە دەستی دەستی و خاوەخاو لە وەڵامدانەوەی داواكارییەكانی خەڵكی خۆمان لە شنگال، ئیدی بەڕاستی شورەییە.
هاوکات یادی قوربانیانی ئەنفال و کیمیاباران
ئێزدییەكان پێکهاتەی رەسەن و گوزارشتن لە كەلتوری جوانی رەنگاورەنگی ئەم نیشتمانە، بۆیە لەگەڵ یادی 10ساڵەی کارەساتی ئەواندا، یادی ئەو مەرگەساتانەش دەكەینەوە كە بەسەر تەواوی پێكهاتەكانی دیکەی گەلەكەماندا هاتووە، هەر لە قوربانیانی گۆڕە بە كۆمەڵەكان و ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجەوە هەتا قوربانیانی دەستی تیرۆر.
لەبارەی دەستەبەری دادپەروەریی بۆ قوربانییەكان و گەڕاندنەوەیان بۆ سەر خاكی خۆیان و پەیڕەوی رێكاری ئەمنی و پاراستنی هاووڵاتییەكانمان، پێویست ناكات هیچ راوبۆچوونێكی جیاواز لە نێوانماندا هەبێت و ناكرێت رێگە بە داعش و نموونەكانیان بدرێت جارێکی دیکە تەراتێن بكەن و خەڵكی بتۆقێنن و کارەسات و مەرگەسات و ئەو دڕندایەتییە بەرامبەر رۆڵەكانمان بنوێننەوە كە نواندیان، چونکە ئەوەی روویدا لووتکەی تۆقاندن و داپڵۆسین و قڕکردن و لەناوبردن و رەشەکوژی بە کۆمەڵ بوو.
ئێمە كە یادی ئەو بۆنە ئازاربەخشە دەكەینەوە، پێویستە دان بەوەدا بنێین كە پاشماوەی بیری داعشی ئێستاش مەترسییەكی گەورەیە و ناكرێ پشتگوێی بخەین.
دووپاتی ئەوە دەكەینەوە كە پێویستە لەناو ئایینی پیرۆز و دامەزراوەكانیدا؛ بەرەنگاری توندڕەویی و هزری تەكفیری ببینەوە و پارێزگاری لە چەمكی دەستووری مەدەنی بکەین كە لەڕاستیدا پارێزگارییە لە شوناسی نیشتمانی و رەنگاڵەی کۆمەڵگە، ئەو شوناس و دەستوورەی کە بەکارهێنانی ئایین و سەپاندنی بۆ مەبەستی سیاسی رەتدەكاتەوە.
لەبارەی دەستەبەری دادپەروەریی بۆ قوربانییەكان و گەڕاندنەوەیان بۆ سەر خاكی خۆیان و پەیڕەوی رێكاری ئەمنی و پاراستنی هاووڵاتییەكانمان، پێویست ناكات هیچ راوبۆچوونێكی جیاواز لە نێوانماندا هەبێت
تیرۆریستان لە سوریا و کەمپی ئەلهۆل مەترسیین
دیارە كە ئایین زۆر لەوە بەرزتر و پیرۆزترە كە ئامراز بێت بەدەست سیاسییە بەرژوەندخوازەكانەوە، یان بۆ پاساوهێناوە و برەودان بە بەرژەوەندیی سیاسی بەكاربهێنرێت. لە بنەڕەتیشدا دەستووری عیراق بۆ دەوڵەتێكی مەدەنی دیموكراسییە و رێز لەو فرەییە دەگرێت كە لە كۆمەڵگەی عیراقیدا هەیە و رێزی بۆ كۆی سیستمی بەهای ئایینی ئیسلام و ئایینەكانی دیكەی عیراق داناوە.
ئێستاش سەرەڕای دووپاتكردنەوە بەردەوامەكان بۆ كۆتاییهێنان بە مەترسیی ئەمنیی تیرۆر و تەكفیر، بەڵام ئەوەی لە سوریا دەگوزەرێت، هەبوونی رێكخراوە توندڕەوە چەكدارییە مەترسیدارەكان كە بە زیاتر لە 20 هەزار كەس دەخەمڵێنرێن لەناوچەكانی باكووری سوریا و شوێنەكانی دیكە، جگە لە کامپی (ئەلهول) كە دەیان هەزار كەس لەخۆدەگرێت؛ ئاڵەنگارییەكی ئەمنی مەترسیدارە و ناكرێت پشتگوێ بخرێت.
داعش و هاوشێوەكانی كۆتاییان نەهاتووە، پێویستە ئامادەیی بۆ دۆخێكی مەترسیدار و پڕ ئاڵەنگاریی قورس بكەین، بەتایبەتی لە میانی دیمەنی هەرێمایەتی ئاڵۆز و شڵەژاوی پڕلە ململانێدا، لەم رووەوە ناوچەكە پێویستی بە كاری جدی هەیە.
ئەو تاوانە تیرۆریستییانەی داعش لە ئێران و روسیا ئەنجامیدان و ئەوەی لە ناوچە جیاوازەكانی عیراق لە ماوەكانی رابردوودا كە روبەڕوبوونەوەی چەكداری لەگەڵ پاشماوەكانی ئەو رێكخراوەدا بەخۆوەبینی؛ زەنگی مەترسییە و پێویستی بە هەماهەنگی و كۆكردنەوەی لایەنی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییە بۆ بەرگرتن لە كارەساتێكی ئەمنیی نوێ كە بەڕێوەیە و گومان لە روودانیدا نییە.
لە عیراق پێویستمان بەوەیە دەرس و پەند وەربگرین، سەركەوتن لە بەدەستێهنان و هەوڵەكاندا رەوایەتییەكی نیشتمانی و مرۆییە، بۆئەوەی ئەو كارەساتانە دووبارە نەبنەوە كە ماوەی 50 ساڵە عیراق و ناوچەكەی گرتۆتەوە لە ئەنجامی داڕووخانی كۆسیستەمی هەرێمایەتی و بۆتە هۆی ئەوەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە ناوچەیەكی پڕ كێشە پۆلێن بكرێت و رەنگدانەوەی لەسەر ئارامی و ئاسایشی نێودەوڵەتی هەبێت، پێویستە بۆ كۆسیستەمێكی كاری هەرێمی سیاسی و ئەمنی و ئابووری، هاوكاری بدۆزینەوە بۆ روبەڕوبوونەوەی ئاڵەنگارییەكانی سەردەمەکە کە گەلانی ناوچەكەش هەر ئەوەیان دەوێ کە ئەم خوولانەوە بێهودەیە كۆتایی پێبێت و بگەن بە ئاستی گەلانی جیهان.
*سەرۆک کۆماری پێشووی عیراق