عیراق، چڕبوونەوەی هەوڵەكان بۆ بوونە ئەندامی رێكخراوی بازرگانیی جیهانی

10:46 - 2024-08-04
ڕاپۆرت
505 جار خوێندراوەتەوە
بارەگای رێكخراوی بازرگانیی جیهانی لە جنێڤ

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید

وەزارەتی بازرگانیی عیراق هەوڵەكانی چڕكردۆتەوە بۆ ئەوەی عیراق ببێتە ئەندام لە رێكخراوی بازرگانیی جیهانیدا كە بە كورتكراوەی (WTO) ناسراوە. هەوڵەكانیش بەو ئاراستەیەن كە دانوستانی فراوانی دەستپێكردووە بۆ وەرگرتنی عیراق وەك ئەندام لەو رێكخراوەدا. لە پاڵ ئەوەشدا لەسەر ئاستی ناوخۆ عیراق كار بۆ ئەوە دەكات كە چەند ئامانجێكی گرنگ بپێكێت، ئامانجەكانیشی لە خزمەتی هەوڵەكانیدایە بۆ بوونە ئەندامی رێكخراوی بازرگانیی جیهانی، گرنگترین ئەو ئامانجانەش كە تا ئێستا هەنگاوی باشی بۆ ناوە، بریتییە لە بەهێزكردنی گەشەی ئابووری و بنیاتنانی توانا ئابوورییەكان و كاركردن لەسەر تەكنۆكرات كردنی حكومەت و پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی بۆ زیادكردنی بەرهەمی ناوخۆیی و هەرەوەها كرانەوە بە رووی بازاڕی جیهانیدا.
كەرتی تایبەت وەك كۆڵەكەی تایبەتی ئابووری
لەو چوارچێوەیەدا دانوستانەكانی ئەم دواییەی ئەسیر داود ئەلغورێری وەزیری بازرگانیی عیراق بەڵگەی ئەوەن كە عیراق پابەندە بە بەڵێنەكانی خۆیەوە بۆ چاكسازیی بارودۆخی ئابووری و باوەڕی تەواویشی هەیە بەوەی كە كەرتی تایبەت بەشێكی سەرەكییە لە كۆڵەكە و بڕبڕەی ئابووری، لە میانی دانوستانەكاندا وەزیری بازرگانی وتی: عیراق لە بواری بازرگانیدا هەوڵی خۆی دەدات بەرەو پێشكەوتن و سەرجەم وڵاتانی دیكەش پەرۆشن بۆ گەڕانەوەی عیراق بۆ گۆڕەپانی نێودەوڵەتی.
بەشداریی لە كۆبوونەوەكەی ئەستەنبوڵدا
وەك پاڵپشتییەكیش بۆ دانوستانەكان، وەزارەتی بارزگانیی عیراق بەشداریی لە كۆبوونەوەكانی رێكخراوی (ئۆنكتاد)، كە تایبەت بوو بە بوونە ئەندامی وڵاتانی عەرەبی لە رێكخراوی بازرگانیی جیهانی و لە ئەستنەبوڵ بەڕێوەچوو. ریاز فاخر ئەلهاشمی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی پەیوەندییە ئابوورییەكانی دەرەوەی عیراق، كە لەو كۆبوونەوانەدا نوێنەرایەتی وەزارەتی بازرگانی دەكرد، لەوبارەیەوە وتی: لەو كۆبوونەوانەدا گفتوگۆ لەبارەی دەرهاویشتەكانی كۆنگرەی (13)ی رێكخراوی بازرگانیی جیهانی كرا كە لەسەر ئاستی وەزاریی بەڕێوەچووە و باس لە چۆنێتی بەئەندامبوونی وڵاتانی عەرەبی كراوە و ئاماژە بەوەش دراوە كە عیراق دەتوانێت بە چ شێوازێك سوود لەو ئەزموونانە وەربگرێت بۆ بوونە ئەندامی لە رێكخراوەكەدا.

 

لە بواری خزمەتگوزاریی داراییشدا كە بەشێكی گرنگە لە گەشەپێدانی ئابووری، عیراق لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە و ژینگەی لەباریشی بۆ وەبەرهێنانی بیانی رەخساندووە

 

شكاندنی كۆت و بەندی گۆشەگیری
هەر سەبارەت بە هەوڵــەكانی عیراق د.مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری دارایی دەڵێ: عیراق لە بواری رێكخستنەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و داراییدا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەنگاوی گەورەی ناوە بە ئاراستەی بازاڕی ئازاد، ئەویش لە پێناو شكاندنی كۆت و بەندی گۆشەگیری لە ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا، هەوڵەكانیشی بۆ گەیشتن بە لیبراڵیزمی ئابووریی زیاتر خۆیان لە ئازادكردنی بازرگانیی عیراق لەگەڵ دەرەوەدا دەبینێتەوە رەخساندنی پانتاییەكی ئازادانەتر بۆ ئاڵوگۆڕی كاڵا و شمەك و خزمەتگوزاریی، ئەگەرچی كارەكانی عیراق لەو بوارەدا هێشتا ئاڵۆزە ئامانجی تەواوی خۆی نەپێكاوە.
وەبەرهێنانی بیانی
هەروەها لە بواری خزمەتگوزاریی داراییشدا كە بەشێكی گرنگە لە گەشەپێدانی ئابووری، عیراق لەم چەند ساڵەی دواییدا بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە بینیوە و ژینگەی لەباریشی بۆ وەبەرهێنانی بیانی رەخساندووە، ئەمەش وا دەكات بانكە بیانییەكان بێن لە عیراق كار بكەن و رێگەیان پێدەدرێت سەرمایە و نەختینە بگوازنەوە، بە جۆرێك خزمەت بە كرانەی عیراق بكات بە رووی جیهاندا، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە بە تایبەتی بۆ وڵاتێكی وەك عیراق كە تا ئێستا دەوڵەتێكی قازانخوازی تاك سەرچاوە بووە.
وەزیری بازرگانی عیراق هیوای خواست خولی چوارەمی دانوستانەكانی تایبەت بە وەرگرتنی عیراق بە ئەنجام لە رێكخراوی بازرگانیی جیهانیدا، لە چارەكی یەكەمی ساڵی داهاتوودا بەڕێوە بچێت و ئەگەر ئەوەش بكرێت، مانای وایە هەنگاوەكان خێراتر بەڕێوە دەچن.
سوودەكانی بوونە ئەندامی عیراق
سەبارەت بە گرنگیی بوونەئەندامی عیراق لە رێكخراوی بازرگانیی جیهاندا عیماد ئەلمحەمەداوی ئەندازیاری راوێژكاریی بە رۆژنامەی ئەلسەباحی راگەیاند: بوونە ئەندامی عیراق لەو رێكخراوەدا جگە لە كرانەوەی وڵات بە رووی جیهاندا، هاندەرێكی بەهێزیشە بۆ گەشەی ئابووری وڵات و لە هەمان كاتدا دەبێتە هۆی رێكخستنەوە و بە تەكنۆكراتكردنی سەرجەم كاروبارە دارایی و ئابوورییەكانی عیراق. ئەو پسپۆڕە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، سەركەوتنی عیراق لەو پرۆسەیەدا راستەوخۆ كاریگەریی دەبێت بۆ كەمكردنەوەی دیاردەی هەژاریی و بێكاریی و پەرەپێدانی هەردوو كەرتی تایبەت و گشتی.
مێژووی رێكخراوەكە
لــــە كۆنگرەی 1944ی (بریتـــۆن ودز)دا و لە  دوای جەنگی دووەمی جیهانی لەگەڵ دانانی پلانی بۆ سەقامگیركردنی سیستمی جیهانی و پەرەپێدانی بازرگانی و رێكخستنی بازاڕ لەسەر ئاستی جیهان، رێكەوتنێكی گشتی تایبەت بە تاریفەی گومرگ و بازرگانی كاڵا كە بە (GATT) ناسراوە لەلایەن 23 وڵاتەوە ئیمزاكرا، ساڵی 1948 رێكەوتنەكە كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە، دواتر وڵاتانی بەشدار لەو رێكەوتنەدا بەردەوام لە گفتوگۆدا بوون، تا لە 15ی نیسانی 1994دا رێكەوتن لەسەر دامەزراندنی رێكخراوێك بە ناوی رێكخراوی بازرگانیی جیهانی و لە سەرەتای 1995وە بە رەسمی دەستبەكار بوو، ژمارەی بەشداربوانی رێكخراوەكەش تا ئەو كاتە گەیشتە 132 وڵات. ئێستا رێكخراوی بازرگانیی جیهانی خاوەنی 164 ئەندامە و كار دەكات بۆ رێكخستنی بازرگانی لە نێوان وڵاتانی جیهاندا و تاكە رێكخراویشە كە پسپۆڕ و تایبەتمەندە لەو یاسا نێودەوڵەتیانەدا كە پەیوەستن بە كێشەكانی بازرگانی لە نێوان سەرجەم وڵاتانی جیهاندا و چاودێری سەرەكییە بەسەر جێبەجێكردنی رێكەوتننامەكانەوە و لە كاتی سەرهەڵدانی هەر ناكۆكییەكیش لە نێوان وڵاتاندا رێكخراوی بازرگانیی جیهانی وەك لایەنێكی یاسایی هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر دەدات.

سەرچاوە: رۆژنامەی ئەلسەباح

بابەتە پەیوەندیدارەکان