وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە:
ئاوات حەسەن ئەمین
ئۆدیسیۆس ئیلایتیس لە دوورگەی کریت لە ساڵی 1911 لەدایکبووە.لە زانکۆی ئەسینا و دواتر لەسۆربۆن خوێندوویەتی، لە سەروبەندی جەنگی جیهانی دووەمدا لەسوپادا کاری کردووە و دواتر چۆتە بواری رەخنەی ئەدەبی و هەروەها لە ئیزگە گیرساوەتەوە.
لە سەرەتادا کەوتۆتە ژێرکاریگەریی سوریالیەتی فەڕەنسییەکان و شیعرەکانیشی شێوە لیرکییەکی زیندوویان پێوە دیارە.
لە گرنگترین کارەکانی (ئەکسیۆن ئاستییە) کە باس لە مەراسیمە ئاینییە بێزەنتیەکان دەکات، بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی رۆمانسی نوێ دادەنرێت.
خەڵاتی نۆبڵی لە پای پاشخانە گریکییە عادەتییەکەی پێ بەخشراوە، کە وەکو هێزێکی هەستیی رۆشن لەلایەن مرۆڤی هاوچەرخەوە دەرکەوتووە لەململانێکەیدا لەپێناوی ئازادیی لە داهێناندا .
هەڵمەت بردن بەرەو پێشەوە
بەتەنیا بەسەر خەمەکەمدا زاڵ بووم
بەتەنیاش دەستم بەسەر مانگی مایۆی چۆڵدا گرت
بەتەنیاش فووم لە بۆن و بەرامەکان کرد
بەسەر ئەو کێڵگانەشدا
لە سەردەمی باڵندەی ئەلقاوەنددا
گوڵە زەردەکانم زۆر کرد، ئاگاشم لەگردەکان بوو
رەنگی سووریشم فڕێدایە دەشتاییەکانەوە.
وتم:
برینداریی پێکانم
قوڵترنییە لە هاواری بریندارییم .
هەروەها وتم:
زۆرداری بەسامترنییە لە خوێن ..!
دەستی بوومەلەرزە و
دەستی برسێتی و
دەستی دوژمنایەتی خزمەکان
بەریەککەوتن وێرانی کرد و
وردوخاشی کرد و جینۆسایدی کرد
جارێک و دووجار و سێ جار
خیانەتی کرد و لەدەشتاییەکەدا
بەتەنها مایەوە.
ئەو نامەیەش کە بانگەوازم بۆ دەکرد
هەر بەتەنیا خۆم رووبەڕووی لێکەوتەکانی بوومەوە.
بەتەنیا پشتگیرییم لە مردن دەکرد
بەتەنیا گازم لە زەمانە گرت
بەو ددانە بەردینانەم.
بەتەنیا ملی کاروانێکی درێژم گرتەبەر
وەکو رەشبگیرییەک رووە و ئاسمان.
تۆڵەسەندنەوە و فرتوفێڵ لەئامێزمدا بوو.
لەتوانامدابوو بخشێم لەگەڵ هەورەکاندا
لە دوكەڵ و چەکدا.
وتم: بەتەنیا بە شمشێرێک لە ئاوی سارد
دێمە گۆڕەپانەکە.
هەروەها وتم: بەهزرێکی پۆڵایین لێیان دەدەم..!
لەگەڵ ئەوەی بوومەلەرزە و برسێتی،
لەگەڵ ئەوەی دوژمنەکانم و دۆستەکانم
پێگەی خۆم بەهێز کردو شارەکەمم پاراست.
ورەم بەرز بوو، هێزیشم زۆرتر بوو
کەڕەتێک و دووکەڕت و سێکەڕەت..!
خۆم هەڵڵایەکم دروست کرد و
خۆشم جێنشین کرد
ئەو گەنمەش کە بانگەشەم بۆ دەکرد
هەر خۆم دووریمەوە.
سەرچاوە:قصائد من شعراء جائزه نوبل
إختارها و ترجمها د. شهاب غانم، مارس 2009