لە گەرمیان ژنێک بە تۆمەتی دزی دەستگیرکرا و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کەسێکی تریش دەرچوو.
لەوبارەیەوە عەلی جەمال قدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، رایگەیاند: دوای ئەوەی هاووڵاتییەک لە بنکەی پۆلیسی ناحیەی رزگاری سکاڵای لە دژی دوو ژن تۆمارکرد، کە لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا بڕی 13 ملیۆن و 700 هەزار دیناری عێراقییان لێ دزیووە، هەروەها دوای سوودبینین لە کامێرای چاودێری، تیمی کامێراوانی بەشی پۆلیسی کەلار توانیان تۆمەتبار دەستنیشان بکەن و لەنێو بازاڕی قەزای کەلار مەفرەزەیەکی بەشی پۆلیسی کەلار توانیان یەکێک لەو ژنانە دەستگیر بکەن.
هاوکات وتیشی: ئەو ژنە لەگەڵ چەند ژنێکی تر کە مێردەکەشی لەگەڵدایە و خەڵکی دەرەوەی سنووری گەرمیانن، لە قەزای کەلار خانوویەکیان بەکرێگرتووە و رۆژانە لە سنووری گەرمیان سواڵ دەکەن.
هاوکات وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، ئاماژەی بەوەشدا دوای رەزامەندیی دادوەر، پۆلیس چوونە ماڵەکەیان و دەستیان بەسەر هەشت هەزار و 700 دۆلاری ئەمریکی و بڕی پێنج ملیۆن و 286 هەزار دیناری عیراقی و چەند پارچە ئاڵتونێکدا گرت.
هەروەها باسی لەوەشکرد تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 446 بەندکراوە و فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تۆمەتبارێکی تر دەرچووە، کە لەگەڵ تۆمەتباری یەكەم پێکەوە دزییان کردووە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ راگیراوەکەدا بەردەوامە.