سێ نموونەی زیندوو لە یەک مانگدا

ده‌ستپێشخه‌ریی ناوازه‌ له‌ سنووری كۆیه‌ و ته‌ق ته‌ق

09:36 - 2024-08-06
ڕاپۆرت
452 جار خوێندراوەتەوە
شاری کۆیەی رەنگین

حه‌یده‌ر مه‌نتك



له‌ رووی كارگێڕی و به‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌ جا قه‌واره‌ی سیاسی بێت یان فه‌رمانگه‌، یان كۆمپانیا و ته‌نانه‌ت بۆ سه‌رۆكی خێزانیش ئه‌م ده‌سته‌واژه‌ و مه‌فهومه‌ راسته‌ كه‌ ده‌ڵێن یه‌كێك له ‌بنه‌ماكانی سه‌ركه‌وتن ئه‌وه‌یه‌ كه‌سی یه‌كه‌م ده‌بێت خاوه‌ن بڕیار بێت، به ‌دیوێكی تری شه‌قام ده‌ڵێن، ده‌بێت كه‌سی یه‌كه‌م جورئه‌تی هه‌بێت و ئازابێت له‌ بڕیارداندا.
كه‌واته‌ له‌ رووی زانستی به‌ڕێوه‌بردنه‌وه‌ بنه‌ماكان پێمان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر( پلان، چاودێری، رێكخستن، خاك، سه‌روه‌ت و سامان) هه‌بێ، به‌ڵام كه‌سی یه‌كه‌م خاوه‌ن جورئه‌ت و بڕیاردان نه‌بوو، ئه‌و بنه‌ما و ستراتیژ و به‌رنامه‌ رێژییه‌ی دانراوه‌ ناچێته‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌.
بێگومان زۆر كه‌س و ئۆرگان و به‌ناو سه‌ركرده ‌و خاوه‌ن پێگه‌مان بینی له ‌رابردووی نزیك و دوور له‌ حكومه‌ت و حزب و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی، به‌پێی ده‌ستوور، یان په‌یڕه‌وی حزبی یان ده‌سه‌ڵاته‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، ده‌سه‌ڵاتی دراوه‌تێ، هێزی مرۆیی له‌به‌رده‌ست بووه‌، ده‌سه‌ڵاتی خەرجکردنی هه‌بووه‌، ئامێر، نه‌خشه‌سازی، پلان، ستراتیژ و كێشه‌ی ئەندازیاریشی نه‌بووه‌، كه‌چی پاش چوار ساڵ له‌ حكومڕانی به‌ده‌ستی به‌تاڵ هاتۆته‌ ده‌ر.
یان پاش چه‌ندین ساڵ به‌سه‌ر كۆنگره‌ی پێشووی حزب كه‌ سه‌ركرده‌ بووه‌، یان لێپرسراوی ئۆرگان بووه‌، پڕۆژه‌یه‌كی نه‌بووه‌ له‌ كۆنگره‌ی رۆژنامه‌نووسی ماڵئاواییدا ئاماژه‌ی پێ بكات، لێره‌دا حه‌قه‌ ئه‌وانه‌ی پۆست و پایه‌ وه‌رده‌گرن ئه‌گه‌ر خاوه‌ن بڕیار و جورئه‌ت و ئازابوون له‌ جه‌سته‌یاندا نه‌بوو، پۆست وه‌رنه‌گرن.
هه‌موو ئه‌و به‌یت و باڵۆره‌ی له‌ پێشه‌وه‌ باسم كرد، ده‌مه‌وێت به‌ سێ نموونه‌ی زیندوو له‌ماوه‌ی یه‌ك مانگ له‌ سنووری كۆیه ‌و ته‌ق ته‌ق له‌ سێ كه‌سی خاوه‌ن ئۆرگانی حزبی، مه‌ده‌نی، پێشمه‌رگه‌ی دێرین كه‌ خاوه‌ن بڕیار و جورئه‌ت بوون تا خزمه‌تێك به‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی و توێژێك به‌ناوی پێشمه‌رگه‌وه‌ بكه‌ن و ببنه‌ مایه‌ی دڵخۆشی بۆ كه‌رتی گشتی و مایه‌ی سه‌رفرازی بۆ خۆیان و ده‌وروبه‌ریان له‌ لایه‌ك و كه‌سی یه‌كه‌میشیان بۆ حزبه‌كه‌ی به‌گشتی.

 

له‌ رووی كارگێڕی و به‌ڕێوه‌بردنه‌وه،‌ جا قه‌واره‌ی سیاسی بێت یان فه‌رمانگه،‌ یه‌كێك له ‌بنه‌ماكانی سه‌ركه‌وتن ئه‌وه‌یه‌ كه‌سی یه‌كه‌م ده‌بێت خاوه‌ن بڕیار بێت و له‌ بڕیارداندا ئازابێت

كه‌سی یه‌كه‌م: لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كۆیه‌
ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر ته‌حسین نامیق لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی كۆیه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان‌ له‌ مه‌راسیمێكدا بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گشتیی و جوانكردنی سیمای شار و ره‌خساندنی كه‌شوهه‌وایه‌كی پاك بۆ دانیشتوانی كۆیه‌ و بایه‌خدان به‌ ژینگه‌ و دونیایه‌كی سه‌وز بۆ خه‌ڵكانی به‌ساڵاچوو ئه‌وانه‌ی خانه‌نشین ده‌بن بڕیاریدا شوێنی بینای باره‌گای مه‌ڵبه‌ندی رێكخستنی كۆیه‌ بكرێته‌ پاركێكی ناوازه ‌و جوان، ئه‌م بڕیاره‌ خۆی له‌خۆیدا جورئه‌ته‌ و به‌رپرسیارێتییە‌ له ‌به‌رامبه‌ر هاووڵاتیان و هه‌ستكردنه‌ به‌ خه‌مخۆری بۆ كۆیه ‌و كۆییه‌كان.  

كه‌سی دووه‌م: خاوەن چایخانەیەک  
به‌نده‌ وه‌ك دانیشتوویه‌كی شاری هه‌ولێر زۆر دڵخۆشبووم به‌ بینینی لافیته‌یه‌كی سپی كه‌ هه‌ڵواسرابوو له‌ به‌رده‌م چایه‌خانه‌كه‌ی مام عوسمانی ره‌حمه‌تی كه‌ ئێستا كاك سیروانی كوڕی خاوه‌نداریه‌تی و سه‌رپه‌رشتی ده‌كات، نووسراوه‌ (بۆ برا پێشمه‌رگه‌كان، نانی به‌یانی به‌خۆڕاییه‌) وێرای ده‌ست خۆشیم بۆ ناوبراو به‌ڕاستی جێگای دڵخۆشی و هه‌ڵوه‌سته‌ كردنه‌، كه‌ هاووڵاتییه‌كی نیشتمانپه‌روه‌ر جورئه‌تی هه‌یه‌، بڕیاریداوه‌ نانی به‌یانی بۆ پێشمه‌رگه‌ بكاته‌ خۆڕایی.
ئه‌م بڕیاره‌ له‌ سۆنگه‌ی دڵسۆزی و هه‌ستكردنه‌ به‌ مه‌سئولیه‌ت كه‌ برا پێشمه‌رگه‌كان بۆ ماوه‌ی دوو مانگ بوو موچه‌یان وه‌رنه‌گرت بوو‌. له‌وانه‌یه‌ له‌ شارۆچكه‌ی ته‌قته‌ق ده‌یان كافتریا، چێشتخانه‌، سارده‌مه‌نی و شیرنه‌مه‌نی له‌ڕووی مادییه‌وه‌ خاوه‌نه‌كانیان دۆخیان باشتر بێت له‌ كاك سیروان، به‌ڵام لێره‌دا مەهامی نووسینه‌كه‌مان په‌یوه‌سته‌ به‌ بڕیاردان.

كه‌سی سێیه‌م: پێشمه‌رگه‌یه‌كی دێرین
ئه‌وه‌ی مایه‌ی دڵگرانییه‌ زۆرجار لێره‌ و له‌وێ ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌یه‌ك، گوند نشینێک یان سه‌رمایه‌دارێك هه‌ستی پێ ده‌كات و ده‌ستی بۆ ده‌بات، حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیدار به‌لایدا ناڕوات و كاری جدی له‌سه‌ر ناكات.
ئه‌بو زێد ته‌ق ته‌قی پێشمه‌رگه‌یه‌كی دێرین و ئازای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانە، 
22 هەزار پەنجەماسی خستۆتە پۆندی گوندی شه‌وگێڕ له‌ سنووری كۆیه‌.
له‌ سۆشیاڵ میدیا ئه‌م دیمه‌نه‌م بینی و خه‌ڵكی گونده‌كه‌ باسیان لێوه‌ ده‌كرد و سو‌پاسی ناوبراویان كرد، له‌ناخه‌وه‌ هانیدام ئەم بابەتەی لەسەر بنووام.
لێره‌وه‌ جێگەی خۆیه‌تی سوپاسی دانیشتوانی سنووری كۆیه‌ بكه‌ین له‌ چه‌ند ساڵی رابردوودا له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆیان چه‌ندین (پۆند) یان بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاوی باران دروست کردووە، تا ئاوی سه‌ر زه‌وی به‌ فیڕۆ نه‌ڕوات و ببێته‌ سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ سوود وه‌رگرتن لێی بۆ ئاژەڵ و ئاودێری.
ئومێد ده‌كه‌ین له‌مه‌ودوا له‌ كابینه‌ی نوێدا ئاوڕێك له‌ گونده‌كان بدرێته‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌ كه‌رتی كشتوكاڵ و په‌روه‌رده ‌و كاره‌با، له ‌مه‌ركه‌زی شاریش بایه‌خی زیاتر به‌ ژینگه‌ و سه‌وزایی و دوورخستنه‌وه‌ی كارگه‌ و كۆمپانیا‌كان بدرێت كه‌ بوونه‌ته‌ مایه‌ی مه‌ترسی بۆ گیانی هاووڵاتیان. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان