نەبوونی باڵەخانە رێگرە

گەرمیان پێویستی بە سەنتەرێكی حكومیی راهێنانی ئۆتیزمە

09:49 - 2024-08-07
ڕاپۆرت
261 جار خوێندراوەتەوە

راپۆرتی/ حسێن عەزیز


ئۆتیزم وشەیەكی یۆنانییە بەواتای گۆشەگیریی یان تەنیایی دێت، بریتییە لە گرفتی گەشەی ئاڵۆز لە مێشكدا، لە ئەنجامی تێكچوونی فەرمانەكانی دەمار و مێشك روودەدات. لە سێ ساڵی یەكەمی قۆناغی گەشەی منداڵدا دەردەكەوێت. بەوتەی هەندێك لە شارەزایان لە تەمەنی 18 مانگیشدا دەردەكەوێت، باس لەوەش دەكرێت كاتی كۆرپەلەیی و لە سكی دایكدا دەتوانرێت حاڵەتەکە دەستنیشان بكرێت. 
محەمەد عەلی دانیشتووی ناحیەی رزگارییە لە گەرمیان و منداڵێكی ئۆتیزمی تەمەن نۆ ساڵی هەیە بە كوردستانی نوێی وت: لە ناحیەی رزگاری هیچ سەنتەرێكی ئەهلی یان حكومی نییە بۆ ئەوەی منداڵەكانمان راهێنان ببینن و چارەسەر وەرگرن، ماوەی دوو ساڵە منداڵەكەم خستووتە سەنتەرێكی ئەهلی لە كەلار و جگە لە پارەی راهێنان 50 هەزار دینار کرێی هاتوچۆش دەدەم ئەمەش بارگرانی زیاتری دروستكردووە.

باوکی منداڵێکی ئۆتیزم لە ناحیەی رزگاری: پێش چەند ساڵێك ویستم ماڵەكەم بگوازمەوە بۆ سلێمانی بۆ ئەوەی منداڵەكەم بخەمە سەنتەری حكومی لەبەرئەوەی بەخێوكردن و ئەرك و خەرجییەكانی منداڵی ئۆتیزم گرانە

گرفتی دابیننەکردنی مووچە
تائێستا هۆكاری سەرەكی نەخۆشییەكە روون نییە، بەڵام چەند هۆكارێك باس دەکرێت بۆ دیاریكردنی حاڵەتەكە، وەك رۆڵی بۆ ماوەیی و گرفتەكانی كاتی لەدایك بوون، پیسبوونی ژینگە، بەركەوتنی دایک لەگەڵ ڤایرۆس و ماددە ژەهراوییەكان لە کاتی دووگیانیدا.
باوكی ئەو منداڵە ئۆتیزمە وتیشی: پێش چەند ساڵێك ویستم ماڵەكەم بگوازمەوە بۆ سلێمانی بۆ ئەوەی منداڵەكەم بخەمە سەنتەری حكومی و راهێنان لەوێ ببینێت، لە راستیدا هەم بەخێوكردن و هەم ئەرك و خەرجییەكانی منداڵی ئۆتیزم گرانە.
 نیشانەكانی دەركەوتنی ئۆتیزم لە منداڵاندا بریتین لە، وەڵام نەدانەوە لەكاتی بانگ كردندا، درك نەكردن بە كەسانی دەوروبەر و تێکەڵاو نەبوون، بەكارهێنانی دەستی دایك بۆ داواكردنی شتەكان، هەستیاریی بەرامبەر دەنگ، رووناكی، بەركەوتن و بۆنكردن و چەند نیشانەیەكی دیکە.
محەمەد عەلی باسی لەوەشكرد: نزیكەی دوو ساڵە هەموو مامەڵەیەكیان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاودێریی كۆمەڵایەتی گەرمیان كردووە بۆ ئەوەی مووچەی مانگانە بۆ منداڵە ئۆتیزمەکەیان ببڕدرێتەوە، بەڵام تائێستا وەڵامی دڵخۆشكەریان وەرنەگرتووە، داواش دەكات لە ناحیەی رزگاری كارئاسانی بۆ كردنەوەی سەنتەرێكی تایبەت بە راهێنانی منداڵی ئۆتیزم بكرێت.

نەبوونی لیژنەی زانستی لە گەرمیان
ئاواز ئەحمەد خاوەنی سەنتەری دواڕۆژ بۆ چاودێری و راهێنانی منداڵانی ئۆتیزم بە كوردستانی نوێی راگەیاند: نزیكەی 30 فێرخوازمان لایە كە ئاستەنگ و گرفتیان زۆرە لە رووی هەڵسوكەوت، جووڵە و رەفتارەوە، سەرەتا كە دێنە لامان هەڵسەنگاندیان  بۆ دەكرێت بە مەبەستی دیاریكردنی گرفتەكانیان كە لەیەك ناچن دواتر بەرنامەیەكی راهێنانی تایبەتیان بۆ دادەنرێت و بەپێی بەرنامەكە كاریان لەسەر دەكرێت.
سەبارەت بە ئاستی سوود وەرگرتن لە راهێنانەكان لەلایەن منداڵانی ئۆتیزمەوە خاوەنی سەنتەری دوارۆژ وتی: ساڵانە چەند منداڵێكیان گۆڕانكاری زۆری بەسەردا دێت تا ئەو رادەیەی دەخرێنەوە بەرخوێندنی گشتی، سەنتەر بەجێدەهێڵن و وەك منداڵێكی ئاسایی مامەڵە دەكەن.
تائێستا لە گەرمیان لیژنەیەك نییە بۆ دەستنیشانكردنی زانستیی حاڵەتەكە و پێویستە لە گەرمیانەوە منداڵ ببرێتە سلێمانی بۆ ئەوەی لەلایەن لیژنەی تایبەتمەندەوە ببینرێت. 
ئاواز ئەحمەد باسی لەوەكرد: داوامان لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كردووە بۆ ئەوەی لیژنەیەك لە نەخۆشخانەی كەلار پێكبهێنرێت بۆ دەستنیشانكردنی حاڵەتی منداڵی ئۆتیزم، بۆئەوەی چیتر خەڵكی گەرمیان سەردانی سلێمانی نەكەن و كارئاسانییان بۆ بكرێت.
پێویستە سۆزدارانە و نەرم مامەڵە لەگەڵ منداڵانی ئۆتیزمدا بکرێت، بە تایبەت دایک و باوک وەک راهێنەری سەرەکی پێویستە هۆشیارییان هەبێت و بەشێوەیەكی ئەكادیمی و تەندروست و جیاواز لە هەر منداڵێکی دیکە مامەڵەیان  لەگەڵدا بكەن.

وەڵامی لایەنی بەرپرس بۆ گرفتەکان
بۆ بەدواداچوونی كێشە و گرفتەكانی بەردەم منداڵانی ئۆتیزم و نەبوونی سەنتەری حكومی لە گەرمیان و رێگە چارەسەرەكان، ژیلوان عادل شوكر بەڕێوەبەری گشتیی چاودێری و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی گەرمیان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئامارێكی رەسمی منداڵانی ئۆتیزم لە گەرمیان نییە، لەبەر ئەوەی لیژنەیەك نەبووە بۆ دەستنیشانكردنی حاڵەتەكە و بەشێكیش لە خەڵك هێشتا پێیان خۆش نییە منداڵەكانیان وەك منداڵی ئۆتیزم تۆمار بكرێت، بەڵام ئامارە ناڕەسمییەکان كە رێكخراوێك کۆی کردووەتەوە باس لە بوونی 350 منداڵ دەكات لە گەرمیاندا. لە كەلاردا چوار سەنتەری ئەهلی هەیە و هەر سەنتەرێكیان دوو بۆ پێنج منداڵیان بێ بەرامبەر وەرگرتووە، وەك هاوكارییەك بۆ خێزانەكانیان.
وتیشی: لە قەزای كفری باڵەخانەیەك بەبڕی 56 ملیۆن دینار نۆژەنكراوەتەوە، پێداویستییەكانی سەنتەرەكەش بە 27 ملیۆن دینار دابینكراوە، فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران هەیە بۆ دامەزراندنی 30 كەس، بە جێبەجێبوونی بڕیارەكە لە كفری یەكەم سەنتەری حكومی بۆ منداڵانی ئۆتیزم دەكرێتەوە.
ژیلوان عادل دەڵێت: تائێستا لەبەر نەبوونی باڵەخانە لە كەلار نەتوانراوە سەنتەری راهێنانی حکومی تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزم بكرێتەوە، بەڵام ئێستا باڵەخانەیەكمان لە شاری تابلۆ لە كەلار وەرگرتووە، رێكخراوی هاوكاریی ئەڵمانی نۆژەنی دەكاتەوە، بۆ ئەوەی بكرێت بە سەنتەری حكومی راهێنانی ئۆتیزم لە كەلار، وەك هەنگاوی سەرەتا جێگەی  دڵخۆشییە و رەنگە پێداویستی شارەكە پڕبكاتەوە.

#گەرمیان

بابەتە پەیوەندیدارەکان