زەینەب یاش: لەسەر داوای باوکم نزیكەی 30 ساڵە بەرهەمی هونەرمەندە کۆنەکانی کوردستان و دەنگە تۆمارەکانیان کۆدەکەمەوە
باکووری کوردستان وەک هەموو ناوچەکانی تری کوردستان دەوڵەمەندە بە هونەرمەندی میللی و نەتەوەیی. لە کۆندا گۆرانیبێژانی کورد چەندین گۆرانیی کوردییان لە کۆشکى ناوداران و دیوانی هونەرمەندان و تۆمارگهکانیان تۆمار دەکرد و بەشێک لەو هونەرە بەنرخانە لەناوچوون یان خاوەندارێتیان ونبووە.
زەینەب یاش، ژنێکی کوردی خەڵکی ئامەدە، ساڵانێکی زۆرە بەشێوەیەکی زانستی و ئهكادیمی کار دەکات بۆ پاراستنی تۆمارە کۆنەکانی هونەرمەندانی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستاندا.
لهوبارهیهوه زەینەب یاش، توێژەری ئەکادیمی لە بواری چاند و مۆسیقای کوردیدا لە شاری ئامەد بە کوردستانی نوێی وت: «لەسەر داوای باوکم نزیكەی 30 ساڵە بەرهەمی هونەرمەندە کۆنەکانی کوردستان و دەنگە تۆمارەکانیان کۆدەکەمەوە. پاشان بەشێوەیەکی ئهكادیمی و زانستی کار بۆ ئەرشیفكردنی گۆرانی و دهنگبێژانى فۆلکلۆری كۆنی کوردی دەکەم، چونکە زۆربەی گۆرانییە كۆن و رهسهنە كوردییەکان داستان و بەسهرهاتن سەبارەت بە ئازار و مەینەتییەکانی میللەتەکەمان.
وتیشی: ئهمه میراتێکی گرنگی خەڵکى کوردستانە، بەتایبەتی هونهرمهندانی كورد مێژوو و رهوشی رابردووی نەتەوەكهیان لە ستران و گۆرانیدا تۆماركردووە بەشێوهیهكی ساده.
روونیشیکردەوە کە ئهو هونهره سهرچاوهی زانیاریی بنهڕهتییە له پاراستنی مێژوو و زمانی نەتەوەی كورد و ئەوەی ئەو دەستیپێکردووە رێبازێکی زانستییە بۆ پاراستنی هونەر و موزیکی کوردی و وتی: «ئێستا لە هەموو جیهاندا كار بۆ ئەرشیفکردنی موزیک و گۆرانیی میللی دهكرێت و ئامانجی سەرەکی منیش پاراستنی ئەم پاشخانە بە نرخەیە بۆ ئاشناکردنی مێژووی دێرینی کوردە بۆ نهوهكانی داهاتووی كوردستان.
راشیگەیاند کە جگە لەوەش دەتوانرێت لەجیهاندا بناسێنرێت و وەک رامانێكی هزری و زمانەوانی سوودی بۆ گەلانی جیهانیش هەبێت.
ئەو پێیوایە موزیکی کوردی لەنێو چوار وڵاتدا پهرش و بڵاوبووەتەوە و ئەو تۆمارانەی کە لە سەرەتای سەدەی رابردووەوە بەردەستن، لەلایەن بیانییەکانەوە لە رادیۆ و کاسێت و قهواندا تۆمارکراون. ئەمەش بنمایهكی زۆر گرنگە بۆ مێژووی كورد و کوردستان کە من كار بۆ کۆكردنەوە و ئەرشیفكردنیان دەکەم.
دەشڵیت: یەکەم تۆمارکردنی گۆرانیی کوردی کە لە ئەرشیفەکەمدا پاراستوومە لە ساڵی 1902دا لەلایەن یوسف ئەفەندی هونەرمەندی کوردی شاری عەنتاب تۆماركراوه و تۆمارێکی دیکەی کوردی لە ساڵی 1904 لەلایەن سریانهکانەوە لە ئەمریکا تۆمارکراوە.
هەروەها دەڵێت: سەدان تۆماری دهنگی و گۆرانیی هونەرمەندانی کۆنی کوردم پاراستووه کە بەرهەمی میللی و نەتەوەیی هەموو بەشەکانی کوردستان لهخۆدهگرێت.
لەوبارەیەشەوە دەڵێت: هەوڵ و لێکۆڵینەوەکانم لەسەر هونهری موزیکی کۆنی کوردییە و ساڵانێکی زۆرە بۆ دۆزینەوەی تۆمارە کۆنەکانی هونەرمەندانی کورد لەسەد ساڵی رابردوودا لە شار و گوندهكانی کوردستاندا دەگەڕێم و زۆرێک لەو بەرهەمانەشم لە دەرەوەی وڵات و لە رێگەی مهزاد و كڕینەوە لەلایەن خهمخۆرانی دیکەی هونهری كوردییەوە دەستکەوتووە.
زەینەب یاش روونیشیكردهوه کە نزیکەی شەش ساڵە خۆی و هاوکارەکانی لەو پرۆژەیەدا کار لەسەر مۆزەخانەیەکی دیجیتاڵی دەکەن بە مەبەستی پاراستنی ئەو ئەرشیفە تا لە کۆتاییدا ههوڵهكانمان بەفیڕۆ نەچێت و ئەو ئەرشیفەی کوردستان پارێزراوبێت و بە ئاسانی بگاته دەست هەموو کوردێكی لە ههر چوار پارچەی کوردستان و کوردانی جیهانیش.
پێشنیازی ئەوەشی کرد کە پێویستە هەموو کوردێک لە ماڵ و ناوچەکەی خۆیەوە دەستپێبکات بۆ ئەرشیفکردنی ئەوەی پەیوەستە بە رابردوو و ئێستا و داهاتووی نهتهوهیی كوردەوە.
ئەوەشی بەلاوە گرنگه کە تاكی کورد لەهەموو بوارە جیاوازەکاندا گرنگی بە ئەرشیف بدات، چونكه بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیاوە گرنگیی ئەرشیفی زانستی و ئەکادیمی تا رادەیەک لاوازبووە، کە دەبێت پێچەوانە بێت و سوود لە تەکنۆلۆژیا ببینرێت بۆ پاراستنی ئەرشیف و کەلەپوور و کەلتوری نەتەوەییمان.
شایهنی باسه زەینەب یاش وێڕای ئەو ئەرکە کە 30 ساڵە پێوەی سەرقاڵە، خاوەنی کتێبێکیشه بەناوی (شاکارێن مۆسیقایێن کوردی) لە دووتوێی 1200 لاپەڕەدا کە ژیاننامەی 110 لە هونەرمەندان و گۆرانیبێژانی کورد لهخۆ دهگرێت و بە شێوەزاری کرمانجی و بە پیتی لاتینی نووسراوه.