دیمەن عەبدوڵڵا
یەک لە کێشەکانی رەخنەی ئەدەبی کوردی، کە ئەمڕۆ زیاتر خۆی لە بواری رۆماندا دەبینێتەوە، نەبوونی (میتۆد و تێڕوانینە). لەبەرئەوە، دەبێت پێش هەموو شتێک، رەخنەگری کورد بیر لە (میتۆد و تێڕوانین) بکاتەوە. کەواتە ئەمڕۆ کێشەی (میتۆد و تێڕوانین)، زیاتر لە بابەتەکانی نووسین هەیە. لێرەوە رۆشنبیری کوردی، تووشی دوو ئاڕاستە (میتۆد و تێڕوانین) بۆتەوە. لەم بارەیەوە دیکارت دەڵێت: عەقڵی باش و خراپ نییە، بەڵکو میتۆدی باش و خراپ هەیە. بەم شێوەیە، خوێندنەوە بە هەردوو (میتۆد و تێڕوانین)، کۆنتێکستی مرۆڤی کورد وەک هزر و عەقڵ بەرچاو دەکەوێت.
دەبێت رۆمان تێکەڵاویەک لە نێوان من و کەسی تر دروستبکات، چونکە رۆمان بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتیی و زمانەوانییە، کە لە سایەی رێنیسانس و رۆشنگەری هاتۆتەوە ژیان. راستە رۆمان و ژیان یەکن، بەڵام کێشەی گەورە ئەوەیە، کە هێشتا ئێمە لە تێکستی ژیان نەگەیشتووینە، بۆئەوەی بتوانین لە تێکستی رۆمان و عەقڵی رەخنەیی تێبگەین.
دەمارگیریی ڕێگە لە فیکر دەگرێت راستییەکان بدۆزێتەوەو وا لە مرۆڤ دەکات توانای پێکەوە ژیان و گونجان لەگەڵ ئەوانی دیکە لەدەسبدات
گوتارە رەخنەییەکان
راستە دابڕانێکی گەورە، لە نێوان رۆمان و واقعی ئێمەدا هەیە، بەڵام ئەمەش بەرەخنەی دەمارگیر چارەسەر ناکرێت. لێرەوە پێویستە گوتارە رەخنەییەکان بناسین، کە رەخنەی دەمارگیریی ئەوەیە، وەک شەڕێکی ئایدیۆلۆژیای توندڕەو دەبیندرێت، چونکە بیر لەوە ناکەینەوە نووسین بکەنە پردی پەڕینەوە و سەرکەوتن. هەربۆیە، پێویستە گوتارە رەخنەییەکان بناسین وەک شێواز و میتۆدەکانی کارکردنی رەخنەیی. تاوەکو، بتوانین خۆمان لەنێو ئەم رەخنەیەدا بدۆزینەوە، بەڵام ئایا بیرمان لەوە کردۆتەوە یاخود رەخنەگر توانیویەتی بیر لەوە بکاتەوە میتۆدەکانی رەخنەیی راست و دروست و هیچ هەڵەیەکیان تێدا نییە؟
لێرەدا هەموومان دەکەوینە تێڕامانەوە، ئەوەش مەسەلەیەکی قوڵە و پێویستی بەلێکۆڵینەوەی ڕاست و دروستی ورد هەیە. کەوایە دەکرێت بەخوێندنەوەمان، بیر و سەرنجەکانمان بۆ بابەتەکان ببنە رەخنەیەکی ئەدەبی و بەتایبەتی ئەمە خۆی لە بونیاتگەریدا دەبینێتەوە، کە رەخنەگر ورتر هەڵسانگاندن بۆ تێکستەکە (شیعر،چیرۆک و رۆمان) دەکات، بەڵام بیرو بۆچوونەکان بۆ هەڵسەنگاندنی تێکستەکان جیاوازە. هەندێک بڕوایان وایە رەخنە زانستە و هەندێکی دیکە بۆچوونیان وایە رەخنە کایەیەکی ئەکادیمییە، پێویستە پابەندی یاسا و رێسا و میتۆد بێت. دیسان هەندێکی دیکە رەخنە بە هونەر دادەنێت یان جۆرێکە لە وەسفی ئەدەبی، بەڵام هەر کامێکیان بێت، دیالۆگە لەگەڵ دەقدایە. هەربۆیە (رەخنە قسەیەک نییە لەسەر دەق، بەڵکو قسەیەکە لەگەڵ دەق. رەخنە دووبارەکردنەوەی دەق نییە بەزمانی خۆی، بەڵکو ناساندنەوەی دەقە لە زمانی خۆیدا. هەربۆیە، رەخنە بڕیاردەر نییە، بەڵکو ڕوونکردنەوەیە، ڕوونکردنەوەی ئەوەی لە دەقدا هەیە، یان لە دەقدا دەقەومێت. کەواتە، خوێنەری دەق بڕیار دەردەکات لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گڵۆپانەی رەخنە بۆ بینین و خوێندنەوەی دەق هەڵیان دەکات.)
(یەعقووبی، 146).
دەمارگیریی
دەمارگیریی واتا بڕیاری پێشیینە، کە مرۆڤ پێش ئەوەی زانیاری تەواو لەسەر بابەتەکە کۆبکاتەوە، بڕیاری لەسەر باشی و خراپ و دژایەتی پیشان دەدات. واتا بەرگرییکردن لە خود بەبێ بەڵگە یان بەبێ یاسایەکی لۆژیکی، لە نێو دەقیشدا بەهەمان شێوە نووسەر بەرگری دەکات. لە دەقەکەی خۆی بەبێ بوونی بەڵگەیەکی شیاو یان ئەکادیمی و هێنانەوەی پاساوە بۆ داپۆشینی کەموکورتییەکانی دەقەکەی ئەمەش جۆرێک لە ئیفلیجی ڕۆشنبیری تاک و کۆمەڵ نیشاندەدات. مارکس دەڵێت: چەکی رەخنە، جێگای رەخنە چەک ناگرێتەوە.
(بوحفص، 120) لێرەدا لە مەبەستی مارکس دەگەینە ئەوە، کە بەکارهێنانی رەخنە وەک چەک و هێرشکردن بۆ سەر تێکست بە رەخنە نابێت، واتا رەخنە ناکرێت وەک چەک بەکاربهێنین بۆ تێکشکاندن و لەکەدارکردن، بەڵکو رەخنە بۆ گوڵڕێژکردنی تێکستە بە شێوازێکی لۆژیکی.
(دەمارگیریی چەمکێکی گشتییە و رەگەز، بڕوا، حزب، بیروڕا... هیتد لەخۆدەگرێت. مەبەست لە دەمارگیریی لێرەدا لایەنگیریکردنی تەواوەتی و بەرگرییکردنی تەواوە لەوەی مرۆڤ لایەنگریەتی، بەبێ بیانوی لۆژیکیی و بەڵگەی زانستی روون. ئەمەش دیاردەیەکی خراپە و جیاوازە لەگەڵ لایەنگیرییکردنی پشتئەستوور بە بڕواو ڕاستی. دەمارگیریی هانی مرۆڤ دەدات ئەویدیکە فەرامۆشبکات و مامەڵەکردن لەگەڵیدا ڕەتبکاتەوە. بەوجۆرەش دەمارگیر رەخنە قبوڵ ناکات و دان بە پێداچوونەکان و ئامۆژگارییەکانی ئەویدیکەدا نانێت، چونکە دەمارگیریی ئەوی گەیاندۆتە ڕادەی پیرۆزکردنی کوێرانەی بیروڕاکانی خۆی)
(جمال، 2021 Online)
نووسەرە دەمارگیرەکان
رەخنە لە لای نووسەرە دەمارگیرەکان، وەک راوچییەک دەبیندرێ بۆگرتنی نێچیرەکەی، لەکاتێکدا رەخنە بە واتای دەرخستنی و جوانکردنی دەق و گەیاندنی بە لوتکە دەگرێتەوە. هەربەم پێیە، ئەرکی رەخنە پڕکردنەوەی درز و کەلێنانەکانی تێکستەکەیە، کەواتە ئەمە دەکەوێتە رێکخستنەوەی دەق سەرلەنوێ. نەک پەلاماردان و هێرشکردنە سەر نووسەر یان شکاندن و گاڵتەپێکردن و کەمکردنەوە نییە، کە بەشێک لە نووسەرانی کورد بەم جۆرە تێیگەیشتوون.
(دەمارگیریی ڕێگە لە فیکر دەگرێت راستییەکان بدۆزێتەوەو وا لە مرۆڤ دەکات توانای پێکەوە ژیان و گونجان لەگەڵ ئەوانی دیکە لەدەسبدات و چێژ لە نەفامیی خۆی وەربگرێت و بێبەش بێت لە وەبەرهێنانی توانا ئەقڵییەکانی خۆیی و یەکترتەواوکردن و پێکەوە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەوانی دیکەی کۆمەڵگەکەی ڕەتبکاتەوە.) (هەمان سەرچاوەی پێشوو،)
هەر لێرەدا، زیانی دەمارگیریی دەردەکەوێت چی کاریگەرییەک دەکاتە سەر کۆمەڵگا، کە وادەکات کۆمەڵێک کەسانی دیکە بخاتە هەمان هەڵەوە بە پاساوە نازانستییەکانی بە هۆی ئەم دەمارگیرییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، دەمارگیریی دەبێتە هۆی لاوازکردن و پچڕاندنی پەیوەندییە کۆمەڵاییەتییەکان، کە لە زۆر بارودۆخدا گرژیی و ئاڵۆزیی و توندوتیژی لێدەکەوێتەوە.
(ئێمەی کورد وەک زۆرێک لە نەتەوەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی ژیان لە چوارچێوەی جوگرافیایەکی لێوانلێو لە دیکتاتۆریی و بوونیادگەرایی و نەبوونی ئیرادەیەکی خۆرەخنەکەری فرە ڕەهەند لەو جوگرافیایەدا تێڕوانینێکی نەرێنییە، واتە رەخنە وەک ڕەهەندێکی گرنگ و هەستیاریی هەر چوارچێوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی جێنەکەوتووە و نەیتوانیوە پێگەی شایانی خۆی بەدەست بهێنێت رەخنە تەنها ئاماژە نییە بۆ هەبوون و جێکەوتنی دیموکراسی بەڵکو ئاماژەیەکیشە بۆ هەبوونی ئیرادە)) (بەهاری، 2023، Online)
رەخنە لە کۆمەڵگای کوردیدا
لە کۆمەڵگای کوردیدا، بەهۆی نەبوونی هۆشیاریی و باروودۆخی دەروونی و نەبوونی زەمینەسازی بۆ رەخنەسازان و یەکتر قبووڵ نەکردن، وایانکردووە ئیتر بە چاوێکی دیکەوە بڕوانینە رەخنە و دەستکەوتەکانی رەخنە. هەرئەمانەش وایکردووە، جۆرێک لە دەمارگیریی بڕەخسێت لە کۆمەڵگاکەماندا بەتایبەت لە نێوان نووسەراندا. هەربۆیە پێشکەوتنی رەخنەیی کەمە، چونکە لە ئێستادا خاوەنی بیرکردنەوەی رەخنەیی نین، رەخنەگرتنیش لە سەر بنەمای هاوڕێیەتییە، چونکە لە خودی رەخنە نەگەیشتوون. بۆیە لایان وایە رەخنە داڕمانی کەسایەتی و دەقە، لە کاتێکدا گوڵڕێژکردنی دەق و رزگارکردن و راستکردنەوەی نووسەرە لەو هەڵە باوانەی دووبارە دەبنەوە. دەکرێت خوێنەرێک بە چاوێکی رەخنەیی بڕوانێتە بابەتەکان (کاتێک مرۆڤ بە ئەقڵێکی رەخنەی سەیری بابەتەکان دەکات، لە هەموو ڕوویەکەوە لێکدانەوە و شرۆڤەی تایبەتی خۆی دەبێت بۆ ژینگەی دەورووبەری و خاوەن بیرکردنەوە و بۆچوونی تایبەتی خۆی دەبێت، ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە کاتێک دروست دەبێت لەلای تاک، کە خوێنەرێکی باش بێت و بەدواداچوون بۆ بابەتی مرۆیی و زانستی و ئایینی و ژینگەیی...هتد بکات، بەم جۆرە گفتوگۆیە ڕای جیاواز دەگۆڕێتەوەو ئەم تاکە دەتوانێت ڕای خۆی بدات و لە بەرامبەر ئەو شتەی، کە رەخنەی هەیە بوەستێت و رەخنە بگرێت و بەم جۆرە پانتایی گفتوگۆیەکە بەرفراوان ببێت و دەرئەنجامی باشتر دەست بکەون و بابەتەکە زیاتر پێش بکەوێت) (قیاس، 2022، Online) هەڵبەتە رەخنە بۆ زیاتر دەوڵەمەندکردنی بابەتەکانە لە ڕووی زانستی و مەعریفییەوە.
سەرچاوەکان
1 -جمال،علی، رەخنە لەنێوان ناوزڕاندن و ڕاستکردنەوەدا https://kurdishdc.org . 16/12/2023.
2 -بەهاری،زانیار، رەخنە و تێڕوانینی ئێمە بۆ رەخنە، https://kurdistanmedia,com.. 16/12/2023
3 -یەعقووبی،عەبدولخالق،رەخنەی ئەدەبی لە دەنگەوە بۆ دیالۆگ، رەخنەی ئەدەبی خوێندنەوە لەپێناو تێڕوانینی نوێدا بەرهەمەکانی دیداری شێخ نووری شێخ ساڵح بۆرەخنەی ئەدەبی، چ1، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی. 2023
4 -قیاس، ڕۆژان بیرکردنەوەی رەخنەیی، https://www.metroo.org. .23/12/2023
5 - بوحفص فهیمة ـــ کارل مارکسمن نقد الدین الی نقد السیاسة ـــ مجلة العلوم الانسانیة، المجلد 31، عدد 2، 2020، ص120، الجزائر. 2020