مۆدێلەكانی سەركەوتن

11:27 - 2024-08-08
کەلتور
431 جار خوێندراوەتەوە
# مۆدێلی سەرکەوتنی راستەقینە، جۆرە سەرکەوتنێکە کە هەڵقوڵاوی توانست و پاڵنەرە خودییەکانی کەسی سەرکە

کازم جەباری



مۆدێلەكانی سەركەوتن بریتین لە سوودوەرگرتن و گرتنەبەری ئەو رێگە جیاوازانەی كە دەبن بە شوناس و سیمبوڵ بۆ پەیژەكانی ستوونی سەركەوتن، هەموو سەركەوتنێك رێگەی خۆی هەیە هەر رێگەیەكیش رەنگڕێژی مۆدێل و رێبازێكە لە گرتنەبەری میكانیزمەكانی سەركەوتن، بەو پێیەی مرۆڤ هەڵقوڵاوی ژینگە و هەلومەرجی جیاوازە بۆیە مۆدێلەكانی سەركەوتنیش جیاوازە، ئەوەی نەخشی سەركەوتنەكان بە مۆد دەكات، بریتییە لە رێگەیەكی تایبەت كە ئامانجەكان بە باشترین شێوە دیارییدەكات. ئێمە لێرەدا گرنگی بەدوو رێگەی سەركەوتن دەدەین كە دەشێت وەك دوو مۆدێل سەیر بكرێت، ئەوانیش مۆدێلی سەركەوتنی راستەقینە و مۆدێلی سەركەوتنی ساختەیە.

سەركەوتنی ساختە، سەرکەوتنێکە لەسەر لم دەنووسرێتەوە، بەرگەی شەماڵی راستی و شنەبای دادپەروەری ناگرێت و نمایشێكی دۆڕاوە وەک بڵقی سەر ئاو وایە.

مۆدێلی سەرکەوتنی راستەقینە، ئەستێرەیەك بۆ درەوشانەوە
   مۆدێلی سەرکەوتنی راستەقینە، جۆرە سەرکەوتنێکە کە هەڵقوڵاوی توانست و پاڵنەرە خودییەکانی کەسی سەرکەوتووە. لەسۆنگەی هەوڵدان و تێکۆشانی ماندوکەر و پڕوکێنەرەوە لە چەند وێستگەیەکی ئاڵنگاریی و بێداریی و شەونووخونی و نۆش کردنی تاڵی و تفتیەکانی ژیانەوە هەڵقوڵاوە. یاخود سەرکەوتنێکی متمانەداری بێ منەتانەی ئەو تۆیە، کە رەنگدانەوەی سوودوەرگرتنە لە وزە شاراوەکان و قۆستنەوەی كات و هەل و دەرفەتەكانە و توانای بەکارهێنان و سوودلێوەرگرتن و پەرەپێدانیانە. ئەوەی ئەم سەرکەوتنە بەچێژتر دەکات، ئەوەیە سەرکەوتنێکی شیرینی دوای تاڵییەکانە. ئارامی بە رۆح دەبەخشێت و سەركەوتنێکی راستەقینەی عەدالەتگەرای  موفاجەئەخوازی بەدەستهێنراوە. زۆرجار هێز و گوڕی راستەقینەیی سەرکەوتنەکە ژینگە و جوگرافیای جیاواز تێدەپەڕێنێت و دۆخێکی سەرنج راکێشی گەردونی دروستدەکات و مێژوو وەك بەهرەمەندێك تۆماری دەکات و هەڵایەکی گەورەی ورژێنەر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و سەرکەوتنێکی راستەقینەی عەدالەتخوازە. مۆدێلی سەركەوتنی راستەقینە، جۆرە داهێنانێكە چوون ئەستێرەیەكی درەوشاوەیە بە تەوێڵی شەوی تاریكەوە بە رووناكییەكەی پێ بەپێ مژدەی رێگەكانی سەركەوتنمان پیشان دەدات.

مۆدێلی سەرکەوتنی ساختە، نمایشێكی دۆڕاو وەك بڵقی سەر ئاو
 لەبەرامبەر مۆدێڵی سەركەوتنی راستەقینەدا، مۆدێلی سەرکەوتنی ساختە، فۆڕمێکە لە سەرکەوتن، کە لەبری هۆکارە خودییەکان هۆکارە بابەتییەکان مۆتیڤی سەرکەوتنەکەیە و تەواو پشت دەبەستێت بە دەوروبەر و توانا مادییەکان نەک توانا کەسییەکان دەبەستێت. بەو مانایەی ساختەیی سەرکەوتنەکە لەوەدا دەردەکەوێت، سەركەوتنێكی ناعادیلانەیە و هەڵقوڵاوی تواناکانی خودی تاکەكە نییە. بەڵکو سەرکەوتنێکی بەرخۆر و سیناریۆیەكی ئامادەکراو و نمایشخوازە و پێشتر دووراوە بە بەر کارەکتەرەکەدا. هۆکارگەلی تری وەک سوودوەرگرتن لە کەسایەتی ماددیی و مەعنەوی خێزان و ماڵبات و خزم و خێڵ و حزب...هتد و موجامەلە و بەرتیل و بوونی سەرمایە وەک دەوترێت: (پارە بێنە و مەلا لە مزگەوت دەربکە) بەدەستهاتووە. زۆرجار لە سەرکەوتنی ساختەدا ئامانج تەنها كەشوفش و بەدەستهێنانی سەرکەوتنەکەیە، نەک حیکمەت و فەلسەفەی پشت سەرکەوتنەکە. واتە ماكی سەركەوتنەكە بەشێك نییە لە بەهرە و موفاجەئە و دەستكەوت، بەڵكو توانای خوڵقاندنی داهێنانیشی نییە. چونكە لە بنەڕەتدا كەسی ساختە سەركەوتنەكەی لەسەر بنەمای شەونخونی و ماندوێتی و هەوڵەكانی خۆی بونیاد نەنانەوە.
   خۆ ئەگەر بۆ سەركەوتنی ساختە،  بەدەستهێنانی بڕوانامە(چ بروانامەی خوێندن وخوێندنی باڵا و رێزلێنان و قەڵغانی ڕێز و...هتد) هەموو ئەوانەی ئاماژەمان بۆ سەركەوتن و داهێنان. بە نموونە وەربگرین. ئەوا دەبینین لە سەرکەوتنی ساختەدا بڕوانامە  بۆ خۆهەڵکێشان و دوورخستنەوەی هەستی تەهلوکەی بەرامبەرە، بەشێك نییە لە خودی سەركەوتنەكە. هەربۆیە بەشێك لە عەرابەكانی سەركەوتنی ساختە، سەرمایەدار و سیاسی و خواپێدراوەكانن. ئەو کەسانەن  پێویستیان بە بڕوانامە و لێهاتوویی نییە بۆ دەسکەوتنی هەلی کار و زیادکردنی توانا زانستیەکانیان، بەڵکو بڕوانامە و سەركەوتن لایان شتێکی رەمزیە و جێگەی دڵخۆشی نییە.  کەسەکە خۆی باش دەزانێت سەرکەوتنەکەی ساختە و بۆش و موزەیەفە، وێڵە بەدوای ئەو میکانیزم و رێگە ناشەرعیانەی کە دەیگەیەنێت بەو سەرکەوتنە ساختەیە. یاخود دەوروبەر دەروازەکانی رێگەکەی بۆ واڵادەکەن و هەموو جۆرە ئاسانکاریەکی بۆ دەکەن لەبەرامبەر گۆڕینەوەی بەرژوەندییەکانی نێوانیان(دەوروبەر کارەکانی بۆ رایی دەکات ئەویش پاداشتیان دەکات). كارەكتەر خۆی دەزانێت شایستەی ئەو سەرکەوتنە نییە، بۆیە ئەم سەركەوتنە تەمەنی كورتە و بەئەسپایی و دوور لە هەڵا و زەنا لەبەرچاو ون دەبێت. بەكورتی سەركەوتنی ساختە، سەرکەوتنێکە لەسەر لم دەنووسرێتەوە، بەرگەی شەماڵی راستی و شنەبای دادپەروەری ناگرێت و نمایشێكی دۆڕاوە وەک بڵقی سەر ئاو وایە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان