چیرۆک بۆ منداڵان

ئاسکی بەخشندە

12:26 - 2024-08-08
ئەدەب و هونەر
253 جار خوێندراوەتەوە

ئەمین محەمەد

 

لەناو دارستانەکەدا، چۆلەکەیەک لەسەر دارێکی بەرز، هێلانەیەکی خنجیلەی دروستکردبوو، چوار زەڕنەقووتەی دەنوک سووری تێدا هەڵهێنابوو، وردە وردە خەریک بوو گەورەدەبوون، هەر جریوە جریویان بوو، رۆژێک دایکە چۆلەکە دوورکەوتبووەوە خەریکی کۆکردنەوەی خۆراک بوو، لەناکاو مارێکی رەنگاوڕەنگ، لەولاوە هات و بەرەو هێلانەکە بە دارەکەدا هەڵگەڕا، بێچووە چۆلەکەکان زۆر ترسان لەناو هێلانەکەدا باوەشیان بەیەکدا کرد و خۆیان بێدەنگ کرد، قەلەباچکەی دراوسێیان چاوی لێ بوو، بەخێرایی بەرەو هێلانەکە فڕی، بەمارە رەنگاوڕەنگەکەی وت: راوەستە رێگات نادەم بچیتە ناو هێلانەکە و ئازاری بێچووە چۆلەکەکانی دراوسێم بدەی، بەڵام مارەکە پێچاوپێچ خۆی لەدارەکە ئاڵاندبوو، قەلەباچکەکە بەدەنگی بەرز بەناو دارستانەکەدا هاواری کرد: تکایە فریامان بکەون باهێلانە چۆلەکەکەی دراوسێمان بپارێزین، بەخێرایی ژیژک و سمۆرە لەولاوە پەیدابوون، ژیژک بە دڕکە تیژەکانییەوە چووە ژێردارەکە و بەمارەکەی وت: تکایە ئازاری بەچکە چۆلەکەکان مەدە، واز لە هێلانەکە بێنە و وەرە خوارەوە، بەڵام سمۆرە بە خێرایی بە دارەکەدا سەرکەوت و خۆی گەیاندە ناو هێلانەکە، لەو کاتەدا دایکە چۆلەکە بە پەلەپەل خۆی گەیاندە هێلانەکەی و بە پەشۆکاوییەوە وتی: ئەوە چییە هاوڕێیان ئێوە بۆ لێرەن؟ ئەی بێچووەکانم کوان، ئایا هیچ روویداوە؟ سمۆرەکە بە چۆلەکەکەی وت: نانا مەترسە هیچ رووینەداوە، تەنیا ئەو مارە رەنگاوڕەنگە بەدارەکەدا سەرکەوتووە، دەیەوێت بێت بۆ ناو هێلانەکەت، بەڵام رێگریمان کرد و نەمانهێشت، ژیژک وتی: هیچ خەمت نەبێت بێچووەکانت پارێزراون، داوامان لە مارەکە کردووە، واز لە بێچووەکانت بێنێت و بەهێواشی بێتە خوارەوە، بەڵام لەو کاتەدا مارە رەنگاوڕەنگەکە وتی: من نایەمە خوارەوە چونکە زۆرم برسییە، قەلەباچکەکە وتی: مارە رەنگاوڕەنگەکە تۆ خەمت نەبێ بڕۆ خوارەوە، ئێمە خواردنێکی خۆشت بۆ ئامادە دەکەین، سمۆرە وتی: ئا من دەزانم تۆ زۆر حەزت لە شیرە، مارەکە وتی: بەڵێ زۆر حەزم لەشیرە، دە شیرم بۆبێنن دەی، ئینجا دێمە خوارەوە، دایکە چۆلەکە وتی: جا ئێستا لەکوێ شیری بۆ پەیدا بکەین؟ خۆ ئێمە شیرمان نییە، سمۆرە و قەلەباچکە و ژیژک وتیان: ئاسانە ئێستا دەچین بۆ ماڵی دایکە کەروێشک ئەوش شیرمان دەداتێ و بۆی دەهێنین، بەڵام دایکە کەروێشک پێی وتن: ببوورن تەنها بەشی بێچووەکانی خۆم شیرم هەیە، من ناتوانم شیرتان بدەمێ، دایکە کەروێشک بەخشدە و میهرەبان نەبوو، بۆیە هاوکاریی نەکردن، لەوکاتەدا ئاسکە چکۆلە گوێی لە دەنگی کەروێشک بوو دەیووت: شیرتان نادەمێ، بۆیە یەکسەر وتی: وەرن من شیرتان دەدەمێ، لەناو ئەشکەوتەکەی ئەوبەرەوە شەمشەمە کوێرە بەدەنگی بەرز وتی: منیش ئامادەم شیرتان بدەمێ، خۆ منیش شیرم هەیە، هەموویان بەپێکەنینەوە وتیان زۆر سوپاس بەڵام تۆ شیرت کەمە، ئێمە زۆرمان دەوێ، ئیتر کوپێک شیریان لە ئاسکە بچکۆلە وەرگرت و بردیان بۆ مارە رەنگاورەنگەکە، ژیژک، کوپە شیرەکەی گرت بەدەستیەوە و وتی: مارە رەنگاوڕەنگەکە دەی وەرە خوارەوە ئەو کوپە شیرە بخۆرەوە.
 ئیتر مارەکە پێچاوپێچ بەدارەکەدا هاتە خوارەوە و تێری لە شیرەکە خواردەوە و سوپاسی کردن، ئەوانیش وتیان: ئیتر ئێمە هەموومان هاوڕێین، هەرکاتێ برسیت بوو، پێمان بڵێ شیرت بۆ دەهێنین، بەڵام نابێ ئێمە کەسمان ئازاری یەکتری بدەین، دەبێت هەموومان هاوکاریی یەکتر بکەین و ژیانی یەکتر بپارێزین. 

بابەتە پەیوەندیدارەکان