دوای وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، پێشوازی لە سەرۆک بافڵ دەکرێت

05:15 - 2024-08-11
کوردستان
599 جار خوێندراوەتەوە

هەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ژمارەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی، لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی پێشوازییان لە بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد دوای ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی کورد و یەکێتی لە وەرگرتنەوەی پارێزگاری کەرکوک بەدەستیانهێنا.
لە میانی پێشوازییەکەدا، سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی سەرۆکی یەکێتی کرا کە سەرباری ململانێ و بەربەستەکانی ماوەی رابردوو، توانی بە هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی خۆی ئەم پرسە نیشتمانییە لە بەرژەوەندیی کورد، تەبایی و پێکەوەژیانی کەرکوک کۆتایی پێبهێنێت.
لە بەرامبەردا سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاسی ئامادەبوانی کرد و رایگەیاند، ئەم هەنگاوە مێژووییە سەرکەوتنی ئیرادەی کەرکوکییەکان بوو و ئیدارەی نوێی پارێزگاکەش بێگومان رەنگدانەوەی ئیرادەی ئەوان دەبێت. وتیشی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان درێژە بە سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلال دەدات، دوور لە جیاوازیی نەتەوەیی و ئایینی، خزمەتی هەموولایەک دەکات و هەوڵەکانی لەپێناو خزمەتی گشتی و یەکڕیزیی نێوان هێز و لایەنەکاندا دەبێت.

#بافڵ جەلال تاڵەبانی

بابەتە پەیوەندیدارەکان