داود جوندی: ئەوەی لەبارەی ئایینی ئیسلامەوە وتراوە، گوزارشت لە ئایینی ئێزدی ناكات

01:08 - 2024-08-12
کوردستان
214 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا



كەسایەتییەكی دیاری ئێزدی، دەڵێت: ئەوەی لەبارەی ئایینی ئیسلامەوە وتراوە، گوزارشت لە ئایینی ئێزدی ناكات و لێدوانی كەسێكە و هیچی تر.
داود جوندی ئەندامی سەركردایەتیی ی.ن.ك و كەسایەتیی دیاری ئێزدی، لە لێدوانێكدا بۆ كوردستانی نوێ، رایگەیاند: ئەو لێدوانەی لەسەر پەیوەندیی ئایینی ئیسلام بە قەتڵوعامی ئێزدییەكانەوە، تەنیا گوزارشتە لە رەئی ئەو كەسە خۆی و بە هیچ شێوەیەك گوزارشت لە ئایینی ئێزدی ناكات، وتیشی: ئەو كاتەی ئێزدییەكان رووبەڕووی كارەسات بوونەوە لەسەر دەستی داعش، هیچ كەسێك یان كەسایەتییەكی ئێزدی، بێڕێزی بە هیچ كەس و ئاینێكی دیكە نەكرد، بەڵام كە ئێستا قسەیەكی لەو شێوەیە دەكرێت، ئەوە رەئی شەخسی ئەو كەسە خۆیەتی و گوزارشت نییە لە رەئی ئێزدییەكان.
ئاماژەی بەوەشكرد خۆشبەختانە هەڵچوونێكی ئەوتۆ نەبینرا لەلایەن هیچ كەسێكەوە و بەهیممەتی كەسانی دڵسۆز و تێگەیشتوو لە هەردوو لایەنی ئێزدی و ئیسلام، ئەو لێدوانە شەخسییە بەبێ ئەهمییەت سەیركرا و جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە هەردوو ئایینەكە لەبنەڕەتدا كێشە و ناكۆكییان ناوێ، كە هەندێك كەس هەوڵی تێكدانی نێوانیان دەدەن بەو جۆرە لێدوانانە.
داود جوندی، ئاماژەی بەوەشكرد كە ئێزدییەكان لەگەڵ پێكەوەژیانن و لێدوانی لەوجۆرە و كاردانەوەكانی، كاریگەرییان لەسەر دروستناكات و هەمیشە جەخت لە پێكەوەژیان دەكەینەوە.

#ئێزدییەکان

بابەتە پەیوەندیدارەکان