حسێن عەزیز
بەهۆی لێبڕینی 40 %ی مووچەکانیان و پاشەکەوتی 100 هەزار دیناری مانگانە، کرێکارانی ژینگەپارێزی نەخۆشخانەکانی گەرمیان گردبونەوە، چونکە لەکۆی 350 هەزار دیناری مانگانە تەنها 232 هەزار دینار وەردەگرن.
عەدنان بەرزنجی سەرۆکی لقی گەرمیانی سەندیکای کرێکارانی کوردستان، بە کوردستانی نوێ-ی راگەیاند: کرێکارانی ژینگەپارێزی سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیان بۆ داواکردنی مافەکانیان گردبوونەوە، ئەوان لەگەڵ بەشی یاسایی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستییدا گرێبەستیان هەیە کە دەبێت مانگانە 350 هەزار دینار وەربگرن، بەڵام بەو پێیەی لە 1/8/2023وە حکومەت مانگانە 40 % لە کۆمپانیاکان دەبڕێت و کۆمپانیاکانیش 30 % لە مووچەی مانگانەی کرێکارەکان دەبڕێت.
وتیشی: سەرەڕای ئەو بڕەپارەیە ئەوەی جێگەی نیگەرانییە مانگانە بڕی 100هەزاری دیکە لە کرێکاران دەبڕدرێت بەناوی پاشەکەوتەوە بەشێوەیەکی نایاسایی، ئێمە پشتگیری تەواوی داواکان و مافەکانیان دەکەین، بۆئەوەی 100هەزار دینارەکەیان بۆ بگەڕێتەوە. ئەم بڕیارە تەنیا بەسەر ئەو 128 کرێکارەدا جێبەجێکراوە کە گرێبەستیان لەگەڵ بەڕێبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی گەرمیاندا هەیە.