متمانەی سیاسی و كاریگەریی لەسەر حوکمڕانی

11:20 - 2024-08-13
کوردستان
159 جار خوێندراوەتەوە
# بەرزیی و نزمی ئاستی داهاتی خەڵک، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر متمانەی سیاسی هەیە

سیروان حەمەڕەشید


1-2



متمانەی سیاسی، متمانەیەکی ستونییه بەرامبەر بەدەسەڵاتی سیاسی و دامودەزگاکانی و وادەکات کە هاووڵاتییان گوێڕایەڵی حکومەت بن، لە بەرامبەریشدا پێکەوەژیان و سەقامگیری وڵات دێتە کایەوە.
حکومڕانێتی  ئاستی متمانەی سیاسی  لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتی سیاسی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، کاریگەری رۆڵ و کارایی  بەجێگەیاندنی کارەکانی دەوڵەت دادەنێت، ئەگەر  ئاستی متمانەی سیاسی خەڵک بەرامبەر حکومڕانی لاواز بێت، بێگۆمان حکومەتیش ناتوانێت بە ئەرکەکانی خۆی هەڵبستێت و لەئاست و خواست و داواکارییەکانی خەڵکدا بێت، چونکە حکومەت  متمانە و پێشتوانی خەڵکی  لەدەستداوە، لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆسەی سیاسی دیموکراسی توشی بنبەستی سیاسی و ئیداری دەبنەوە، سات بەسات کۆمەڵگە و دەسەڵاتداریەتی، توشی تەنگەژەباریی و ئاڵنگاری جۆراجۆر دەبنەوە، دەتوانین بڵێین متمانەی سیاسی فاکتەرێکی بنەڕەتی سەرکەوتنی  حکومڕانیی باش و دیموکراتیزەکردنی کایەکانی ژیانی سیاسی و دەوڵەتدارییە، بەشی هەرە زۆری دەسەڵات و حکومڕانە شکستخواردووەکان، لەدەرئەنجامی لەدەستدانی متمانەی سیاسی لەنێوان خەڵک و حکومەت، لەلایەکی دیکەوە لەنێوان گروپ و هێزە سیاسیەکان دەسەڵاتدا دروستبوون. هەڵبەتە هەموو ئەمانە کاریگەری نەرێنی لە ئەدای خراپی حکومڕانی دادەنێت، باشترین نموونەش حکومەتی ناوەندی عێراق و هەرێمی کوردستانە.

متمانەی سیاسی فاکتەرێکی بنەڕەتی سەرکەوتنی  حکومڕانیی باش و دیموکراتیزەکردنی کایەکانی ژیانی سیاسی و دەوڵەتدارییە

چەمکی متمانەی سیاسی 
1-
هەڵوێستێکە  بوناد دەنرێت لەسەر بنەمای ئەو پێشبینیانەی بەرامبەر  کردارەکانی حکومەت هەیە، واتە چاوەڕوانی خەڵکە لەسیستمی سیاسی،  واتە هەستی‌ گشتی‌ خەڵکە بەرامبەر بەسیاسەتی گشتی.
2-کنیز ئەو هەستە ناودەبات کە لای خەڵک سەبارەت بە ئەدای سیستمی سیاسی و سیاسەتمەدارەکان دروست دەبێت، کە دەکرێت رازی یان ناڕازیتربن، گرفت بۆ فەرمانڕەوا دروستبکەن.
 دۆخی تەنگەژەباری چارەسەر نابێت تەنها بەگەڕاندنەوە و بونیادنانەوەی متمانەی سیاسی نەبێت، بونیادنانەوەی ئەم متمانەیەش، لەژێر هەڕەشەدایە بەهۆی شێوازی دابەشکاری سامانە گشتییەکان و سەرمایە کۆمەڵایەتییەکان.
  پردی بەیەکگەیشتن لەنێوان چینی دەسەڵاتداران و هاووڵاتیان هەرەس دەهێنێت، کاتێک چینی سیاسی دەسەڵاتدار کەهەر خۆیان سەرمایەداری گەورەی وڵاتن، توانای بەڕێوەبردنی حکومەت و ئیدارەدانی میللەتیان نابێت، بەهۆی سەرقاڵبوونیان بە پاراستنی بەرژەوەندیی خۆیان و بەدیهێنانی ئامانجە تایبەتەکانیان.
  دروستکردن و بونیادنانەوەی متمانەی سیاسی کاتێک دەبێت کە هاووڵاتیان هەست بکەن، کە بەرنامەی کاری حکومەت لێکەوتەی پێداویستییەکانی کۆمەڵگەیە و هاوتەریبە لەگەڵ خواستەکانیان و بەخێرایی وەڵامیان دەداتەوە، کە ئەمەش بەدەرکەوتنی کەسایەتییەکی کاریزمی دەبێت چ لە لوتکەی دەسەڵاتی سیاسی، چ لە لوتکەی ئیدارەی حکومەتدا، کە شێلگیرانە هەوڵی ئەنجامدانی چاکسازیی و رێگرتن لەگەندەڵی بدات، خەمی سەرەکی بەدیهێنانی ژیانێکی شکۆمەندانە بێت بۆ هاووڵاتیان، ئەگەر نا ئەوا ناکۆکی و کەلێن و کەموکورتییەکان دەبنە هێڵی جیاکەرەوەی نێوان دەسەڵات و جەماوەر، کە ئەم جەماوەرە هەمیشە بەرەو ئاڕاستەیەک هەنگاو دەنێت کە تەواو پێچەوانەی ئاڕاستەی بۆچوونەکانی حکومەتە، کە لەئاستی تێرکردنی داواکارییە رەواکانی جەماوەردا نییە لەو چوارچێوەیەی کە دەستور دیاری کردووە.
متمانەی سیاسی پڕەنسیپ و بنەمایە بۆ ئارامی و سەقامگیری، هۆکاری بەستنەوەیە لە نێوان بەڵێنەکان و جێبەجێکردنیاندا، ئەویش بەوەڵامدانەوەی حکومەتە بۆ پێداویستییەکانی هاووڵاتیان کە گەل و کۆمەڵگە پێکدەهێنن، بە تایبەتی پێداویستییە ژیاریی و ژیانییەکانی رۆژانەیان وەک نان و ئاو و کار و کارەبا و تەندروستی  و پەروەردە وهتد...
‎هەروەها پێویستە لەسەر چینی دەسەڵاتدار کە تابتوانن دووربکەونەوە لەدابەشکردنی سامانی گشتی و بەخشینەوەی کێکی دەسەڵات تەنها بەسەر کەسانی خاوەن پۆستی حکومی و سیاسی و حزبییە باڵاکان و خەمەکانی خەڵک و هاووڵاتیانی سادە بکاتە خەمی خۆی، بەمەش دادگەری کۆمەڵایەتی دەچەسپێنێت و رایەڵەی متمانەی سیاسی بە بەردەوامی و نەپساوی دەهێڵێتەوە لەنێوان فەرمانڕەوا (حاکم) و فەرمانبەراندا (محکومین)

حوکمڕانیەتی باش
  پێری بڵێند (Peri Blind) حوکمڕانیەتی باش پێناسە دەکات بەپێکهاتەیەکی کراوەو کاریگەر بۆ کاروباری گشتی، بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی وڵات و گرەنتی جێبەجێکردنی مافەکانی مرۆڤ.  ئەم چەمکە (حکومەتی باش) هاوشێوەی حکومەتی دیموکراتی کاریگەریی و چالاکە، چونکە دەزگایەکی گشتی بەشدار و بەرپرسیارە.  لەسەر ئەو بنەمایەی سەرەوە پەیوەندییەکی دوولایەنە هەیە لە نێوان حکومەتی باش و متمانەی خەڵک، واتە هەردووک تەواوکەری یەکترین.  بە شێوەیەک کە رێکخراوەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی یارمەتی دروستبوونی حکومەتی شەرعی دەدەن، هەروەها باشی ئەدای دامەزراوەکانیش، متمانەی تاکەکان بەرز دەکاتەوە وا دەکات پشتگیری سیستەمە سیاسییەکان بکەن.
بە واتایەکی تر توێژەرەوان باوەڕیان وایە کە متمانە بە دامەزراوەکان، کاریگەری زۆری هەیە لەسەر سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی.  کەواتە حکومڕانیەتی باش و متمانەی سیاسی دوو فاکتەری تەواوکەری یەکترن، بەشێوەیەک متمانە حکومڕانیەتی باش دروست دەکات و حکومڕانیەتی باش، متمانەی بەرز. لە لایەکی تریشەوە بونیادنانی متمانەی سیاسی بۆ دروستبوونی حوکمڕانیەتی باش، دەوەستێتە سەر شەرعیەتی سیاسی و دەسەڵاتی ئەو وڵاتە، ئەگەر هاووڵاتییان وا بیریان کردەوە حکومەتەکە نوێنەرایەتی ئەوان دەکات و خزمەتی بەرژەوەندی گشتی کۆمەڵگە دەکات و بنەماکانی یەکسانی و دادپەروەری بەدی دێنێت،  ئەوە ئەو کاتە شەرعیەتی سیاسی و حوکمڕانیەتی باش دروست دەبێت و  بناغەی متمانەی سیاسی دادەنرێت، لە هەمانکاتیشدا بوونی متمانەی سیاسی دەبێتە هۆی بونیادنانی شەرعیەتی سیاسی و حوکمڕانیەتی باش. 
یەکێک لە رەگەزە سەرەکییەکانی حوکمڕانی باش، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتییە بە رەهەندێکی دینامیکی متمانەبوون بە حکومەت  و دەسەڵات دەبەخشێت.  هەرکات هۆشیاری تاکەکان لە ئاستێکی بەرز بوو، حکومەت بە شێوەیەکی باش خزمەتگوزارییەکانی دابین دەکات،  متمانە بەرز دەبێتەوە، پێچەوانەکەشی راستە. 
    تۆماس پەین (Thomas Paine)لێرەدا بۆ متمانەی سیاسی جەخت لەسەر سێ رەهەندەی گرنگ دەکاتەوە. 
 یەکەم:  دەبێ خەڵک باوەڕی هەبێت کە دامەزراوەکە توانایەکی باشی هەیە بۆ خزمەتکردن.  
دووەم: متمانەی هەبێت کە دامەزراوەکە پاکە و گەندەڵی نییە.  
سێهەم: دەبێ بتوانێت ئەو ئەرک و راسپاردانەی هەیە بەگونجاوی رایپەڕێنێت تاوەکو ببێتە دامەزراوەیەک کە متمانە بۆ سیستەمەکە دەستەبەر بکات. 

رەهەندی ئابووری
 پەیوەندی نێوان خەڵک و دەسەڵات لە رووی بەرژەوەندی ئابوورییەوە دوولایەنەیە.  لەلایەک حکومەت هەڵدەستێت بە بەدەستهێنانی داهاتی زۆر لە ئەنجامی یاسا و رێساکانی باج و گومرگەکان، لەو لاشەوە خەڵک چاوەڕێی دابەشکاریی داهاتی وڵاتە، لەلایەن دەزگاکانەوە. 
 بەرژەوەندیی ئابووری کاریگەری زۆری لەسەر رەزامەندبوونی خەڵک بە سیستمی سیاسی هەیە.  لەم بارەیەوە دوو ئاڕاستەی جیاواز هەن بۆ باسکردنی پەیوەندی نێوان متمانەی سیاسی بە دۆخی ئابووریی و داهاتی خەڵک، بە شێوەیەک زۆریان بەو دەرئەنجامە گەیشتوون کە بەرزیی و نزمی ئاستی داهاتی خەڵک، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر متمانەی سیاسی هەیە، بە شێوەیەک کە هەر کات داهاتی خەڵک باشتر بووبێ و ئەدای ئابووری حکومەت گۆڕانی ئەرێنی بەسەردا هاتبێت، ئەوا متمانەی سیاسی بەرزبۆتەوە بە پێچەوانەشەوە ڕاستە.  
 لەهەمانکاتدا توێژەرەکان سەلماندویانە کە نیشاندانی گەشبینی ئابووری، کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی متمانەی سیاسی هەبووە لە وڵاتی ئەوروپا و ئەمریکا.  
بەم جۆرە خەڵک لە بارودۆخی ئابووری باشدا، هەڵوێستی ئەرێنی دەبێت لەسەر گۆڕانکارییە سیاسییەکان. لە قۆناغی گواستنەوەی سیاسی و ئابووری، ئەگەر خەڵک سوودمەند بێت متمانە بەرز دەبێتەوە. لەلایەکی ترەوە پاراستنی مافی خاوەندارێتی رۆڵی هەیە لەسەر متمانەی سیاسی، چونکە جۆرێک لە دادپەروەری دێنێتە کایەوەو ئەمەش متمانە بەرز دەکاتەوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان