هێمن ئەحمەد
دوای هەڵبژاردنی رێبوار تەها بە پارێزگاری كەركوك، عەبدوڵڵا میروەیس دەبێتە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە.
لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ كوردستانی نوێ، عەبدوڵڵا میروەیس وتی: بەندە، وەكو ئەندامی یەدەگ دەنگی یەكەمم لەناو لیستی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە، بۆیە لە دوای دەستبەكاربوونی رێبوار تەها وەكو پارێزگار و دەستبەرداربوونی لە ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا، دەچمە شوێنەكەی. وتیشی: دوای گرتنەبەری رێكارە یاساییەكان لەلایەن سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوكەوە، نووسراوێك ئاڕاستەی دادگای كەركوك دەكرێت و سوێندی یاسایی دەخۆم و دەبمە ئەندامی ئەنجومەن.
عەبدوڵڵا میروەیس، بەڵێنیدا خزمەتكاری خەڵكی كەركوك دەبێت بەبێ جیاوازی و ئەو بەڵێنانەی هاوپەیمانیی كەركوك هێز و ئیرادەمانە بە كەركوكییەكانی دا بەئەنجامی دەگەیەنن و بە دەنگ هەمووانەوە دەچن و خزمەتگوزارییەكان دەگەیەننە گشت گەڕەك و كۆڵانەكان و ئەوەی خەڵك پێویستی پێی بێت، بۆیان دابین دەكەن و داواكارییەكان لەچوارچێوەی یاسادا جێبەجێ دەكەن و وتی: ئێمە خوێندكاری سەرۆك مام جەلال-ین و بڕوامان بە پێكەوەژیانە لە شارەكەدا و پەیامی ئاشتی و ئاوەدانی دەگەیەنینە هەمووان.