حەسەن زیرەکم چۆن ناسی و چۆن بردم بۆ رادیۆی کوردی بەغدا؟

08:02 - 2022-06-26
کوردستان
1280 جار خوێندراوەتەوە

مام جەلال
بەهار و هاوینی ساڵی خوێندنی 1953-1954 لەگەڵ هاوڕێی دێرینم کاک مستەفا قەرەداغی کە تازە لە ئەمریکا هاتبوەوە، پێکەوە لەژوورێک دەژیاین، لە ئوتیل(شیمال الکبیر)ی خوالێخۆشبوو کاکە حەمە، لەو ئوتێلەشدا حەسەن زیرەک وەک کرێکار کاری دەکرد، منیش ئەوسا وەک لاوێکی چەپی خۆ بە مارکسیست زان عەوداڵی هۆشیارکردنەوە و رێکخستنی رەنجدەران و کرێکاران بووم، بۆیە دۆستایەتیم لەگەڵ پەیداکرد، کە زانیم کوردی کوردستانی ئێرانیشە ئیتر ترسم لێی رەوییەوە کە سیخوڕی عیراق بێت، بۆیە زووتر  لەگەڵیا چومە ناو باسەکەوە و لەڕێی کوردایەتییەوە رامکێشا بەلای خۆمدا، تا وای لێهات ئەو بڵاوکراوانەی نهێنی، چی هی خۆمان و چی هی حزبەکانی تر، لای ئەوم دادەنا و ئەویش لە ژوورەکەی سەرەوەی ئوتێلەکە بۆی دەشاردمەوە،
شەوانیش ناو بە ناو کە ئیشی کەم دەبوو دەهاتە لام لە ژوورەکەم تا رۆژێکیان بە سەریدا چووم گۆرانی (کیژان دەچنە مێرگوڵان)ی
دەگوت، منیش تاوێک هەستم لێڕاگرت و گوێم لێگرت زۆر بەلامەوە خۆش بوو،
ئیتر پیرۆزباییم لێکرد و تەشویقم کرد، شەویش کە دەهاتە ژوورەکەمان داوام لێکرد گۆرانییەکەم بۆ بڵێتەوە، بەڕاستی زۆرم بەلاوە خۆش بوو، ئەویش هەندێ گۆرانی تری فۆلکلۆری کوردی بۆ گوتین، کە لە ناویاندا (دەسماڵ حەریری سوورە)شم زۆر بەلاوەخۆش بوو، ئیتر لەگەڵ کاک حەسەن زیرەکی هەڤاڵ و دەنگ خۆشدا تا دەهات بەینمان خۆشتر دەبوو، ئەویش شەوان درەنگ کارەکانی لە سەر سووک دەبوون، دەهاتە لام لە ژوورەکەمان و گۆرانی خۆشی بۆ دەگوتین، پاش ماوەیەک دیتم دەنگی خۆشە و بە تایبەتی شارەزاییەکی باشی هەیە لە گۆرانی فۆلکلۆری کوردیدا، بۆیە کەڵکەڵەی گەیاندنی ئەو دەنگەیم بەڕادیۆ کەوتەسەر، بۆیە هەڵسام چوومە لای کاک عارف تاڵەبانی خزممان کە ئەوسا موفەتیش ئیداری بوو لە وەزارەتی ناوخۆ و زۆر دۆستی مدیری ئیزاعەی کوردی بەغداد بوو، لە لای کاک عارف باسی حەسەن زیرەک و گۆرانییەکانیم بۆ کرد، ئەویش بەلایەوە باش بوو کە بیبەینە ئیزاعەی کوردی بەغدا، هەر بۆیەش لە بەر چاوی خۆم قسەی لەگەڵ مدیری ئیزاعەی کوردی کرد و ئەویش رازی بوو، داوای کرد من حەسەن زیرەک بەرمە لای و ئەوانیش تاقی بکەنەوە، ئەوە بوو منیش چووم بۆ ئوتێل و مژدەکەم دا بە حەسەن زیرەک ئەویش لە خۆشیدا قاچی ئەرزی نەدەگرت، بۆ رۆژی دووەم کە بردم لەگەڵ خۆم بۆ ئیزاعەی کوردی زۆر لەسەرخۆ لەتاقیکردنەوەکاندا بەشداری کرد و سەرکەوتوو بوو، لەو رۆژەوە وەرگیرا بە گۆرانیبێژ، بەو شەرتەی هەفتەی جارێک بچێت گۆرانی بڵێت و هەر جارەی 3 یان 4 دیناری بدرێتێ، ئەوەش ئەوی رۆژی زۆر زۆر بوو، چونکە ئەو لە ئوتێلەکە جگە لە خواردن و نووستن تەنها 3  دیناری وەردەگرت، بەمجۆرە حەسەن زیرەک بوو بە گۆرانیبێژ لە رادیۆی کوردی بەغدا، وەزعی مالیشی باش بوو، هەر لە سایەی خەباتگێڕیشدا بە کاک حەسەنە سوورم ناساند کە ئەویش کرێکار بوو لای کاک ئیبراهیمی مسەوەر، هەردووکیانم لە شانەیەکدا کۆکردەوە، هەر دووکیانیش بوون بەهەڤاڵ، پاشان حەسەن زیرەک خوشکی حەسەنە سووریشی هێنا.
هەرچەند ئەم راستییانەی سەرەوە وا بۆ یەکەمینجارە بڵاو دەکرێتەوە بەڵام خانمی حەسەن زیرەک لێی ئاگادارە،
خوالێخۆشبوو خۆشی جارێکیان باسیکردووە، بەڵام چونکە لە زەمانی شادا نەی دەوێرا ناوی من بهێنێت دەڵێ یەکێک ئەوی بردوەتە رادیۆ کە پێیان دەگوت مام.

#مام جەلال

بابەتە پەیوەندیدارەکان