״لەم هەفتەیەدا مووچە دەنێردرێت״

12:03 - 2024-08-14
کوردستان
275 جار خوێندراوەتەوە

تەها عەبدوڵڵا

د. نەرمین مەعروف:
كاری لیژنە پەیوەندیدارەكان تایبەت بە هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینان تەواونەكراوە

 

 
ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایدەگەیەنێت: پێش كۆتایی ئەم هەفتەیە مووچەی مانگی تەمموزی فەرمانبەرانی مەدەنی و خانەنشینان دەنێردرێت.
د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەران بە كوردستانی نوێ-ی راگەیاند: وەزیری دارایی فیدراڵ لەمیانەی ئامادەبوونی لەگەڵ لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەران، هۆكارەكانی نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی روونكردەوە و تەئكیدیشیكردەوە تا رۆژی پێنجشەممە مووچەی فەرمانبەرانی مەدەنی و خانەنشینانی هەرێم دەنێردرێت.
سەبارەت بە ناردنی مووچەی هێزە ئەمنییەكان، وتیشی: ئەوەی پەیوەندیی بە مووچەی هێزە ئەمنییەكانەوە هەیە، تەیف سامی لەكۆبوونەوەكەی لەگەڵ لیژنەی دارایی، وتی ئەوە پێویستی بە رەزامەندیی سەرۆك وەزیرانی عیراق هەیە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی نوێنەران، ئەوەشی خستەڕوو كە لەبارەی هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینانی هەرێم و بەغدا، وەزیری دارایی عیراق پێیڕاگەیاندین تا ئێستا كاری لیژنە پەیوەندیدارەكان لەو بارەیەوە تەواونەكراوە، بۆیە ئەم مانگەش هاوشێوەی مانگەكانی تر خانەنشینان مووچە وەردەگرن.

#مووچە‌

بابەتە پەیوەندیدارەکان