چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی بزووتنەوەی ژنانی عیراق

10:53 - 2024-08-18
دیدار
109 جار خوێندراوەتەوە

سازدانی: نەی نەژاد

دواین کتێبی وەرگێڕدراوی نووسەر و سیاسەتمەدار خاتوو نەرمین عوسمان «چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی بزووتنەوەی ژنانی عیراقە کە لە زمانی عەرەبییەوە وەریگێڕاوە و لەلایەن چاپخانەی کارۆوە چاپ کراوە، سەبارەت بەم کتێبە ئەم دیدارە کورتەمان لەگەڵدا سازکرد:
*بیرۆکەی وەرگێڕانی ئەو کتێبە چۆن بوو و لەسەر چ بنەمایەک ئەو کتێبەت وەرگێڕاوە؟
-بیرۆکەی وەرگێڕانی ئەو کتێبە لەوێوە سەریهەڵداوە کە من بە دوای هەندێک سەرچاوەدا دەگەڕام لەسەر مێژووی ژن بە مەبەستی ئامادەکردنی کتێبێک لەسەر ژن و ئابووری و بەهۆکاری کەمیی سەرچاوەکان لەسەر ژن و ئابووری دکتۆر کاوە مەحمود پێشنیاری وەرگێڕانی ئەم کتێبەی بۆ کردم، لەدوای دەرچوونی کتێبی فێمێنست کە بەڕێزی پێی باش بوو وەربگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی و کتێبەکەی بۆ ناردم، کە لە نووسینی خانم زوهدی-یە و کتێبەکەم بە PDF گەیشتە دەستم و کۆپیم کرد و کەوتمە وەرگێڕانی، پڕۆسەی وەرگێڕانەکە دەتوانم بڵێـم نزیکەی ساڵێکی خایاندووە، بە وەرگێڕان و چاپکردن و هەڵەبڕی و دیزاینەوە، ئەگەر زیاتریش نەبێت، پێش وەرگێڕانەکە لە سەرەتادا وەک هەموو کتێبێک کە وەردەگێڕدرێت کتێبەکەم خوێندەوە و زانیم ناوەڕۆکەکەی چییە دواتر بە پێویستمزانی ئەم کتێبە وەربگێڕدرێت، چونکە مێژووی قۆناغێکی گرنگی  بزووتنەوەی ژنانە لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە ژن چۆن توانیویەتی سەرەتا بێتە دەرەوە و دوای ئەوە مەکتەبی ژنان دروست بکرێت، لە خوێندنی قورئانەوە بچێت بۆ خوێندنی مەکتەب و دواتر چۆن ژن توانیویەتی بچێتە سەرشەقام و بەشداربێت لە وەزیفەکانی حکومەتدا، ئەمانە هەمووی قۆناغێکی دوور و درێژی ویستووە و دواتر بەشداری لە شۆڕشەکاندا کردووە و بەتایبەتی لە شۆڕشی بیستدا بە چڕیی بەشداریکردووە، بۆیە کتێبەکەم بەلاوە باش بوو، دەستمکرد بە وەرگێڕانی، چونکە کتێبێکی سوودبەخشە لە کاتێکدا ئێمە سەرچاوەمان لەسەر مێژووی خەباتی ژنانی عیراق زۆر کەمە و ئەمەش کە باسکراوە راستە بەشێکی زۆری مێژووی ژنانی رابیتەی عیراقییە، بەڵام بەشی زۆری مێژووی بزووتنەوەی ژنانی کوردیشی تێدایە، چۆن ژنان بەشداربوون لە رابیتەکانی عیراق و بزووتنەوە پێشکەوتنخوازەکانی ئەو سەردەمە و خودی نووسەری کتێبەکە خاتوو (خانم زوهدی) ژنێکی کوردی خەڵکی سلێمانی-یە و لەخانەوادەیەکی رۆشنبیری کوردەوە هاتووە و باسێکی چڕوپڕی بزووتنەوەی ژنانی کورد دەکات لە کوردستان و لەبەر ئەم هەموو هۆکارانەی سەرەوە کتێبەکەم لەلا گرنگ بوو.

 

 بزووتنەوەی ژنان بزووتنەوەیەکی واقیعی مەدەنی بێت، لای من گرنگە و دەبێت هەموو لایەک بیزانێت، ئیتر کێ کردوویەتی گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە ژن قۆناغێک بچێتە پێشەوە و دەستکەوتی زیاتری هەبێت

 

 

*ئەم کتێبە تا چەند گرنگە بۆ رەوتی خەباتی ژنان لە کوردستاندا؟
کە باس لە خەباتی ژنان دەکەیت گرنگە تۆ بڕوانیتە مێژووی خەباتی ژنان، بۆچی؟ بۆئەوەی بزانیت بە چەند قۆناغدا تێپەڕیووە و ئەم تێڕوانینە فێرت دەکات، ئەو دەستکەوتانەی کەوتوونەتە دەست ژنی کورد بە ئاسانی بە دەست نەهاتوون، بۆیە دەبێت هەم پارێزگارییان لێ بکات و هەم بەرەوپێشتریشیان بەرێت، چۆن گۆڕانکاری لەو ئازادییە بکەیت کە بەدەستتهێناوە و لەگەڵ واقیعدا هەنگاو بە هەنگاو بیگونجێنیت، بۆیە ئەم کتێبە لە دوو رووەوە گرنگە یەکەمیان بۆ خەباتی ژنان و دووەمیان بۆ پڕکردنەوەی خاڵی لاوازی نێو کتێبخانەی کوردی بە نەبوونی کتێب سەبارەت بە خەباتی ژنان.
خاڵێکی تری گرنگیش ئەوەیە کە خەباتی ژن دەردەخات بە تایبەتی ژنی عیراقیی، بەرز و نزمی زۆر بە خۆیەوە دیوە و ئەم بەرز و نزمییە وای نەکردووە ژنان لە بزووتنەوەکانی خۆیان دووربکەونەوە رەنگە بۆ ماوەیەک سڕکرابن، بەڵام دوای ئەوە جارێکی دیکە کەوتوونەتەوە خەبات و بەردەوام بوون.
* ئەم کتێبە چی بە خوێنەری کورد بە گشتی دەبەخشێت؟
رەنگە کەسانێک هەبن بڵێن بۆتۆ بایەخی زۆرت بە بزووتنەوەی رابیتە داوە، بەڵام ناوەڕۆکی کتێبەکە خۆی بەشێکی زۆری سەبارەت بە چالاکییەکانی رابیتەی عیراقییە کە سەر بە حزبی شیوعی عیراقە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا دەتوانم بڵێـم بزووتنەوەی ژنان بەلای منەوە هەر لایەنێک بیکات بە مەرجێک بزووتنەوەیەکی واقیعی مەدەنی بێت، لای من ئەو بزووتنەوەیە بایەخی خۆی هەیە و گرنگە و دەبێت هەموو لایەک بیزانێت ئیتر کێ کردوویەتی یاخود کێ دەیکات گرنگ نییە، گرنگ ئەوەیە  ژن قۆناغێک بچێتە پێشەوە و دەستکەوتێکی زیاتری هەبێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان