بەرزترین پلەی سەربازییە

ئەفسەرێکی کورد بڕوانامەی قیادە و ئەرکانی لە بەریتانیا بەدەستهێنا

10:00 - 2024-08-19
دیدار
263 جار خوێندراوەتەوە
دانا جەلال لە کاتی خولێکی سەربازیدا

راپۆرتی/ ئالان محه‌مه‌د جه‌زا 

 


عەقید روکن دانا جه‌لال بۆ         : 
لە كۆلێژی شاهانه‌ی به‌ریتانیا دوو بڕوانامەی ماستەرم لە بوارەکانی سەربازی و هونەری بەرگریدا بەدەستهێناوە

ئەفسەرێکی کورد لە کۆلێژی ئەرکانی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا بڕوانامەی قیادە و ئەرکان (روکن)ی بەدەستهێنا.
عەقید روکن دانا جه‌لال، ئەفسەرێکی کوردە و لە كۆلێژی شاهانه‌ی به‌ریتانیا، دوو بڕوانامەی ماستەری لە بوارەکانی سەربازی و هونەری بەرگری بەدەستهێناوە، کە بەرزترین پلەی سەربازییە و بە کوردستانی نوێی راگەیاند: خوێندن له‌بواری سه‌ربازیدا و لەئاستێكی پێشكه‌وتوودا گرنگی زۆری هه‌یه‌، لەبەرئەوەی‌ به‌ زانست و زانیاریی و دیدێكی جیاوازه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ كوردستان، بەهیوام ئه‌م زانسته‌ بخه‌مه‌ خزمه‌تی وڵاته‌كه‌م و خزمه‌تكاری هێزی پێشمه‌رگه‌بم ئه‌گه‌ر ئه‌و شه‌ره‌فه‌مان پێ‌ به‌خشرا.

قۆناغەکانی خولەکە و بڕوانامەکان
دانا جه‌لال سه‌ره‌تا وه‌ك كاندیدی وه‌زاره‌ت، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی هه‌واڵگری سه‌ربازی لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی دیکە لە یەکە و بەشە جیاوازەکانی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم  كاندید کراوە بۆ خوله‌كه‌، بە چەند قۆناغێکی چاوپێكه‌وتن و هەڵسەنگاندندا تێپەڕیوە، لە قۆناغی دواتردا شەش كاندید ماونەتەوە بۆ کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی کورسی خولەکە، پاش تاقیكردنه‌وه‌ی زمانی ئینگلیزی سێ بەربژێر ماونەتەوە، لە قۆناغێکی تردا راوێژكارانی سه‌ربازی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کردوون بۆ هەڵبژاردنی باشترین دوو كاندید، پاش چەند هەنگاوێکی دیکە کە هەموو پرۆسەکە چوار مانگی خایاندووە، لەسەر ئاستی عیراق بووە کاندیدی سەرکەوتوو، بۆ بەشداریکردن لە خولی ئه‌ركان و قیاده‌ی پێشکەوتوو لە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا.
عەقید روکن دانا جه‌لال دەڵێت: كۆرسه‌كه‌ نزیکەی 15 مانگی خایاند و دوو بڕوانامه‌م به‌ ده‌ستهێنا ئه‌وانیش (ماسته‌ر له‌ بواری توندڕه‌وی فکری و هەنگاونان بەرەو بیری تیرۆرستی و لێكه‌وته‌ و هۆكاره‌كانی، ماسته‌ر له‌ بواری هه‌واڵگری و سه‌ربازی و دژه‌هه‌واڵگری و‌ رۆڵیان له ‌پاڵپشتیكردنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی، له‌ شەڕی دژ بە داعش 2014 - 2017، رۆڵی پێشمه‌رگه‌ و هێزه‌ عیراقییه‌كان). 

ر‌اهێنانەکانی خولەکە
كۆرسە سه‌ربازییەکان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌رگری به‌ریتانیا، سه‌رپه‌رشتی دەكرێت و ئەفسەری بەشداربوو بڕوانامه‌ی (روكن) بەدەست دەهێنێت له‌و بواره‌دا، هەروەها کۆرسی ئه‌كادیمی ماسته‌ر له‌ بواری هه‌واڵگری كه‌ له‌لایه‌ن كۆلێژی شاهانه‌ی به‌ریتانیا له‌ له‌نده‌ن سەرپەرشتی دەکرێت، ئەفسەری بەشداربوو بڕوانامەی ماستەر بەدەست دەهێنێت لە بواری هونەری جەنگدا.
ئەفسەرە کوردەکە وتی: لە خولەکەدا چه‌ندین راهێنانی تێدابوو وەک هەنگاوەکانی پرۆسەی داڕشتنی پلانی سەربازی بۆ هێرشکردن و وەستاندنی هێزی دوژمن لە پێشڕەویکردن لەسەر هەموو ئاستەکانی بەرەی جەنگ، بەشداری و هەماهەنگی نێوان هێزە جیاوازەکان لەپلانی سەربازی و دۆزینەوەی چەقی قورسایی هێزی دوژمن کە توانیم بە‌ پله‌ی نایاب (A) له‌و بوارە و لە بۆرسه‌ی داڕشتنی ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی به‌ده‌ست بهێنم  .
بەشداربووان جگه ‌له‌خولی نه‌خشه‌ و پلانی ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی و راهێنانی هاوبه‌ش له ‌وڵاتانی یه‌كێتی ئه‌وروپا، ئه‌مریكا، ڤێتنام، پاكستان و جمهوریه‌تی قوبرس(به‌شی ئه‌وروپا) چه‌ندین وانه‌ی سیاسیی و ستراتیژیی و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیان خوێندووە به ‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ ئه‌فسه‌رانی به‌ریتانیا و ئه‌فسه‌رانی هاوپه‌یمانان كه‌ لە 51 وڵاتی جیاوازەوە به‌شداربوون.

پاڵپشتییەکان
عەقید روکن دانا جه‌لال وتی: له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستنیشانكردنم تائێستا قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران پشتگیریی کردوم و لە رێگەی تیمەکەیەوە چاودێریی پرۆسەی خوێندنەکەم بووە. به‌شیاوی ده‌زانم سوپاسی خانه‌واده‌كه‌م بكه‌م كه‌ پاڵپشتم بوون، هەروەها سوپاسی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و سه‌رجه‌م ئه‌و به‌ڕێزانه‌ دەکەم كه‌ پشتیوانییان کردوم له‌ وه‌زارتی پێشمه‌رگه‌، هەروەها نوسینگەی په‌یوه‌ندییه‌كانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم له‌ به‌ریتانیا  بەردەوام پاڵپشتی خۆیان دوپات کردۆتەوە.
سەبارەت بە پاڵپشتییەکانی هاوپەیمانان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەکرد: بە پاڵپشتی ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كان پرۆژه‌ی چاوی ئاسمان پێشكه‌ش‌ به‌ وەزارەتی پێشمەرگە کراوە، کە بریتییە لە چۆنیەتی روماڵکردنی شوێنی دوژمن لە ئاسمانەوە، لەبەر هەندێک هۆکار کە تایبەتە بە حکومەتی ناوەند نەتوانراوە وەک پێویست جێبەجێ بکرێت. هەروەها پرۆژەی ریفۆرم پێشکەش کراوە بە حکومەتی هەرێم، کە خزمەت بە چاکسازی دەکات لەناو وەزارەتی پێشمەرگەدا.

پرۆفایلی عەقید روکن دانا جه‌لال
*دانا جه‌لال سەعید له ‌دایكبووی سلێمانییه‌، خوێندنی ناوه‌ندی و دواناوه‌ندی له‌ سلێمانی ته‌واوكردووە، كۆلێژی یاسا و رامیاری به‌شی یاسا له‌ زانكۆی سەڵاحەدین 2002 - 2003 ته‌واو كردووە.
*كۆلێژی سه‌ربازی لە قەڵاچوالان 2003 – 2004. 
*كۆلێژی سه‌ربازی 2004 – 2006 وه‌ك ئامر فەصیل و مامۆستای قانون العسكري وتۆته‌وه.‌ 
*2006 - 2011 لە یه‌كه‌ی تایبه‌تی فه‌رماندەیی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان خزمەتی کردووە.
*ماسته‌ر له‌ یاسای بەراوردکاری لە زانكۆی فلۆریدا ئەمریكا 2016.
*به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌واڵگریی وه‌زاره‌ت بووە لە ساڵی 2017 – 2022.
*به‌شداریی چه‌ندین خولی پێگه‌یاندنی کردووە له‌بواری دژه‌تیرۆر له‌ ئه‌ڵمانیا له ساڵی 2019 ‌ له‌ سه‌نته‌ری مارشال له‌ ئه‌ڵمانیا.
*ماسته‌ر لە كۆلێژی شاهانه‌ی به‌ریتانیا 2024 له‌ بورای هه‌واڵگری و دژه‌ هه‌واڵگریی، رۆڵیان له‌ پاڵپشتی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی.
 *لە سه‌ره‌تای دروستبوونی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ تا 2024 له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی هه‌واڵگریی سه‌ربازی وه‌ك به‌رپرسی چه‌ندین به‌ش و یه‌كه‌ لە ئەرکدا بووە و لە خزمەت بەردەوامە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان