عیراق لە پەرەپێدانی پاڵێوگەكانی نەوتدا لە ئاستی خۆبژێوی نزیك بۆتەوە

10:12 - 2024-08-20
ئابووری
226 جار خوێندراوەتەوە
پاڵێوگەیەكی نەوت لە عیراق

ئا: كوردەوان محەمەد سەعید


عیراق لە دوای پرۆسەی ئازادی و رووخانی رژێمی بەعسەوە ژێرخانێكی داڕماوی بە میرات بۆ بەجێما و زۆربەی سێكتەرە خزمەتگوزارییەكانی لەكار كەوتن، لەو كاتەوە عیراق لە هەوڵدایە بۆ كاراكردنەوەی سێكتەرەكان، بە تایبەتیش سێكتەری كارەبا و سووتەمەنی، لە بواری كارەبادا عیراق تا ئێستاش كەموكووڕیی زۆری هەیە، بەڵام لە بواری سووتەمەنیدا هەنگاو بە هەنگاو بەرەو پێشەوە دەچێت و لەوە نزیك بۆتەوە كە ئامانجی خۆی بپێكێت.

ئەوەی تا ئێستا عیراق كردوویەتی لە بواری پەرەپێدانی پاڵێوگەكاندا، زۆر باشە، بەڵام هەنگاوێكی دیكەی گرنگ ماوە، كە هەر پەیوەندیی بەو بوارەوە هەیە، ئەویش پەرەپێدانی كارگەكانی پترۆكیمیاییە، بۆ سوود وەرگرتن لە زۆربەی ئەو ماددانەی لە نەوتی خاودا هەن



دیزڵی سوور
عیراق دوای ئەوەی بەرهەمی نەوتی زیادی كرد، پلانی فراوانكردنی پاڵێوگەكانی دەستپێكرد، چونكە دەیەوێ لە كێشەی نەبوونی سووتەمەنی رزگاری بێت، ساڵانێكی زۆر كەمیی سووتەمەنی بارگرانییەكی زۆری بۆ سەر بودجەوە دروست كردبوو، چونكە دەبوو ساڵانە بڕێكی زۆر سووتەمەنی لە دەرەوە هاوردە بكات. ئەمە وای لە عیراق كرد گرنگی بە كەرتی وزە بدات، بە تایبەتیش پاڵێوگەكانی نەوت، هەنگاوەكان بەرەو بنیاتنانی ژێرخانێك بۆ پاڵێوگەكان لەسەرخۆ بوون، بەڵام جێگیر و مكوڕ بوون، تا ئەو رادەیەی لە بەرهەمی دیزڵی سووردا كە جۆرێكی كوالێتی نزمی گازۆیلە ئاستی خۆبژێویی راگەیەنرا و دەستیش كرا بە هەناردەكردنی. ئێستا تێكڕای بەرهەمی پاڵێوگەكان یەك ملیۆن و 215 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە، هەڵبەت هێشتا بەرهەمی پاڵێوگەكانی هەرێمی كوردستانیش ئەژمار نەكراوە.

دابینكردنی خواستی ناوخۆ
پێشتر حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عیراق رایگەیاندبوو، كە وەزارەتەكەیان كار دەكات بۆ فراوانكردنی پاڵێوگەكان، بە جۆرێك كە خواستی ناوخۆیی فەراهەم بكات و ئاستی خۆبژێویی تێپەڕێنێت، ئەوە بوو لە ساڵی 2023دا رێژەی پشتبەستن بە هاوردەی بەنزین %50 كەم بۆوە، دیزڵی سووریش هەناردە كرا.
بە گوێرەی ئامارەكان، لە مانگی ئایاری رابردوودا عیراق 701 هەزار بەرمیل لە بەرهەمە پاڵاوتەكانی نەوتی هەناردەی وڵاتانی دەرەوە كردووە، بە گوێرەی داتاكانی دامەزراوەی (S&P Global) هناردەی عیراق لەم ماوەیەدا بۆ هەریەكە لە كۆریای باشوور، مالیزیا، سعودیە، عومان، ئیسپانیا، بەحرەین، تایلاند، ڤێتنام و سریلانكا بووە.

پلانی بنیاتنانی دوو پاڵێوگەی نوێ
هەرچەندە تا ئێستاش هەندێك لە پاڵێوگەكان كەموكووڕییان هەیە و بە توانای تەواوی خۆیان كار ناكەن، بەڵام خواستی عیراق لەوە فراوانترە و پلانی بۆ بنیاتنانی دوو پاڵێوگەی نوێ هەیە، ئەوانیش پاڵێوگەی پێشكەوتووی فاو كە بە هاوكاری چین دروستكراوە و توانای بەرهەمهێنانی 300 هەزار بەرمیلی رۆژانەی هەیە، هەروەها پاڵێوگەی كەركوك، كە رۆژی حەوتی ئایاری رابردوو رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی بەدەست هێنا و توانای بەرهەمهێنانی 150 هەزار بەرمیلی رۆژانەی هەیە.
پلانی عیراق بۆ پەرەپێدانی پاڵێوگەكانی بەو جۆرەیە كە لە یەك كاتدا، پاڵێوگەی نوێ دروست دەكات و لە هەمان كاتدا پاڵێوگەكانی پێشووی فراوانتر دەكات و بەشیان بۆ زیاد دەكات، وەك زیادكردنی بەشێك بۆ پاڵێوگەی بەسرە كە لە توانایدا هەیە رۆژانە 70 هەزار بەرمیل سووتەمەنی بەرهەم بهێنێت، لە پاڵ ئەوەشدا هەندێك پرۆژەی دیكە پەرەی پێدەدرێت، وەك راكێشانی بۆری لە خەزینەی نزیك پاڵێوگەكەی بەسرەوە بۆ بەندەری خورزوبێر بە مەبەستی هەناردەكردنی دیزڵی سوور.

بۆتە هاندەر بۆ كۆمپانیاكان
هاوكات پەرەپێدانی پاڵێوگەی بێجیش تەواو بووە و لە مانگی شوباتی رابردووەوە بە رەسمی كراوەتەوە، توانای بەرهەمهێنانیشی 150 هەزار بەرمیلی رۆژانەیە.
ئەم پشتیوانییەی حكومەتی عیراق بۆ پەرەپێدانی پاڵێوگەكان، بۆتە هاندەر بۆ هەندێك كۆمپانیای نەوتی جیهانی گەرموگوڕتر بێنەوە مەیدانی كاركردن لە عیراقدا، یەكێك لەوانە كۆمپانیای نەوتی بەریتانیایە كە بەم دواییانە یاداشتێكی لێكگەیشتنی لەگەڵ بەغدا ئیمزا كردووە بۆ پەرەپێدانی پرۆژەی نەوتی كەركوك، پرۆژەكەش كێڵگەی كەركوك بە تەواوی دەگرێتەوە، لەگەڵ سێ كێڵگەی تر كە هەر لە چوارچێوەی ئیدارەی كۆمپانیای نەوتی باكووردان.

دابەشبوونی پاڵێوگەكان
پاڵێوگەكانی نەوتی عیراق دابەشبوون بەسەر سێ ناوچەی باكوور، ناوەڕاست و باشووری وڵاتدا و دیارترین پاڵێوگەش دۆرە لە بەغدا، بێجی لە بێجی، شوعەیبە لە شوعەیبە، نەجەف لە شاری نەجەف، میسان لە میسان، زیقار لە زیقار، سەماوە لە سەماوە، خورمەڵە لە هەولێر، دیوانییە لە شاری دیوانییە، پاڵێوگەی كەركوك، كەسك لە موسڵ، سینییە لە سەڵاحەدین، حەدیسە، گەیارە، پاڵێوگەی كەربەلا لە شاری كەربەلا، فاو، ئەنبار، لاناز لە هەولێر پاڵێوگەی كوت لە شاری كوت.

بە خاویی بەكارهێنانی سنووردارە
نەوتی خاو سەرەتا كە دەردەهێنرێت، بۆ بەكارهێنان گونجاو نییە، یان راستتر بڵێین بەكارهێنانێكی زۆر سنوورداری هەیە، لەبەرئەوە پێویستی بە پاڵاوتن و چارسەر هەیە بۆ بەدەستهێنانی بەنزین و نەوتی سپی كە لە عیراق زۆر بەكار دەهێنرێن. جگە لەو دوو بەرهەمە نەوت زۆر ماددەی دیكەشی تێدایە كە لە بواری جیاجیادا سوودیان لێوەردەگیرێت، گرنگترین ئەو ماددانەش كە لە نەوت دەردەهێنرێن بریتین لە: بەنزین، دیزڵ، سووتەمەنی فڕۆكە و كیرۆسین، سووتەمەنی كەشتییەكان و كارگە و وێستگەكانی كارەبا، غازی جیاجیای وشك و تەڕ، خەڵوزی نەوت، كە بە كوك ناسراوە، قیر، گریس و هەندێك ماددەی دیكە بە رێژەیەكی كەم، هەڵبەت رێژەی هەر یەك لەو ماددانە لە نەوتی خاودا جیاوازە و بە گوێرەی جۆری نەوتە خاوەكەش رێژەكەی دەگۆڕێت.

هەنگاوێكی دیكەی گرنگ ماوە
بە نموونە نەوتی بەردینی ئەمریكا، نەوتێكی سووكە، لەبەرئەوە ئەو ماددانەی كە لێی دەردەهێنرێت و لە رووی ئابوورییەوە سوودیان لێوەردەگیرێت، زیاتر بەنزین و نەفتا و غازەكانن.
ئەوەی تا ئێستا عیراق كردوویەتی لە بواری پەرەپێدانی پاڵێوگەكاندا، بە ئاراستەی گەیشتن بە ئاستی خۆبژێویی لە دابینكردنی سووتەمەنیدا بۆ بەكارهێنانی ناوخۆ زۆر باشە، بەڵام هەنگاوێكی دیكەی گرنگ ماوە، كە هەر پەیوەندیی بەو بوارەوە هەیە، ئەویش پەرەپێدانی كارگەكانی پترۆكیمیاییە، بۆ سوود وەرگرتن لە زۆربەی ئەو ماددانەی لە نەوتی خاودا هەن.
سەرچاوە: ئیقتیساد نیوز، پێگەی ئەلتاقە

بابەتە پەیوەندیدارەکان