كۆنترین گەڕەكی شارەکەیە

گەڕەكی خانەقای هەولێر 800 ساڵ تەمەنییەتی

10:09 - 2024-08-21
کەلتور
599 جار خوێندراوەتەوە
گەڕەكی خانەقای هەولێر

راپۆرتی/ رەوەست نەوزاد 

 گەڕەكی خانەقای شاری هەولێر كۆنترین گەڕەكی بەشی خوارەوەی شارەكەیە، بە پێی زانیارییەكان مێژووی دروستبوونی ئەو گەڕەكە بۆ سەردەمی حوكمڕانی ئەتابەگییەكان و سوڵتان موزەفەردین كۆكبۆری دەگەڕێتەوە، واتا نزیكەی 800 ساڵ لەمەوبەر دروستکراوە، شوێنی گەڕەكەكەش كەوتۆتە نزیك قەڵای هەولێر و زۆربەی خانووەكانیشی تەمەنیان لە سەد ساڵ تێپەڕی كردووە و كۆڵانەكانیشی وەكو گەڕەكە كۆنەكانی تری ئەو شارە، زۆر تەسكن و تەنیا خەڵكی بە پیادە دەتوانن بە ناویدا گوزەر بكەن، ئێستاش بە هۆی بوونی خانووی كۆن و نەخش و نیگاری دیوارەكانی ئەو گەڕەكە بە شوێنێكی كەلەپووری شارەكە ئەژماردەكرێت، بە پێی وتەی هەندێك لە دانیشتوانەكەی، ناوی گەڕەكەكە بە ناوی مزگەوتی خانەقاكەیەوە کراوە.

كەنعان موفتی

كەنعان موفتی بەڕێوەبەری پێشووتری شوێنەواری هەولێر، كە شارەزای شوێنە دێرینەكانی شارەكەیە، بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە پێشوودا گەڕەكی خانەقا پانتاییەكەی بە شێوەیەك گەورە بوو كە لە شوێنی سینەما حەمرا تا دەگاتە گەڕەكی سەیداوە و لەولاشەوە تا دەگاتە گەرماوی عەلی ئاغا بوو، كە ژمارەی خانووەكانی نزیكەی 2500 خانوو بوو، كە ناوی خانەقا بە مانای شوێنی سۆفیگەری دێت كە وشەیەكی كۆنی كوردی یان فارسییە.
وتیشی: دەوترێت كاتێك مەولانا خالیدی نەقشبەندی لە ساڵانی (1747 – 1748)دا سەردانی شاری هەولێری كردووە، لەوێ ماوەیەك ماوەتەوە. باس لەوەش دەكرێت لە سەردەمی ئەودا ئەو مزگەوتی خانەقایە دروستكراوە بۆ پەرەپێدانی تەریقەتی سۆفیگەری نەقشبەندی، كە تا ئێستاش بنەماڵەی نەقشبەندییەكان سەرپەرشتی دەكەن، بۆیە ناوی گەڕەكەكەش بە ناوی ئەو مزگەوتە كراوە، مزگەوتەكە 3 تا 4 جار نوێكراوەتەوە، بەڵام دیار نییە تەمەنی مزگەوتەكە بۆ دوو سەدە یا هەشت سەدە لەمەوبەردەگەڕێتەوە، مزگەوتەكەش لە كۆندا هەبووە، بەڵام مەولانا خالیدی نەقشبەندی نوێی كردۆتەوە و ئەو بنەماڵەیەی كە ئێستا سەرپەرشتی دەكەن ئەوان دروستیانكردووە و نانیان بە خەڵك داوە.

مێژووی دروستبوونی گەڕەكی خانەقای هەولێر بۆ سەردەمی حوكمڕانی ئەتابەگییەكان و سوڵتان موزەفەردین كۆكبۆری دەگەڕێتەوە

 

تەمەنی خانووەکان
زۆربەی خانووەكانی تەمەنیان 150 ساڵە، ئەو خانووانەی گەڕەكەكە كە ئێستا كۆن بوونە، بە كاریتە دروستكراون و تەمەنیان بۆ نزیكەی 150 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە، دانیشتووانی گەڕەكەكە خەڵكی دێرینی هەولێر بوون و بنەماڵە بە ناوبانگەكانی خانەقاش بریتیبوون لەجامبازەكان، قەسابەكان، سەبزەچییەكان، زەڕەنگەرەكان، سەراجەكان، بەزازەكان)، كەسایەتییەكانیشی بریتیبوون لە (شێخ مەزهەر، حاجی حەسەن بەیڕەم، قەرۆك جامباز، ئیبراهیم پایسكلچی، سدیق زەڕەنگەر، حاجی سلێمان قاورمەچی، ئیبراهیم ئەفەندی، شەریف قادر، خەلیفە برایم بەزاز، ئەلیاس نادر، خدر نادر، مەغدید شاعیر، حاجی رەسول بەزاز، شێخ جونێد كاكی هیرانی، محەمەد كەبابچی، عارف قەساب، محەمەد دەوڵەت، یونس سەبزەچی، جەلال خەلیل، مەلا بیلال، یاسین حەمامچی، محەمەد حەمامچی، مام عیزەت چایچی، عەلی كەبابچی، تاقی چایچی).

كۆڵانی بەلوعە
یەكێك لە شتە سەرنجڕاكێشەكانی ئەو گەڕەكە ئەوەیە كە لە پەنجاكانی سەدەی رابردوودا كۆڵانێكی هەبوو ناوی كۆڵانی بەلوعە بوو، كە ئەویش بە هۆی بوونی بەلوعەیەكی گەورەی ئاو بوو، كە ئەو كات بەهۆی نەبوونی ئاو بە بۆڕی، خەڵكی خانەقا ئاویان لەو بەلوعە گەورەیە بۆ ماڵەكانیان دەهێنا، بۆیە ناویان نابوو گەڕەكی بەلوعە.
سەبارەت بە مزگەوت و خانەقا و قوتابخانەكانی گەڕەكەكەش، مزگەوتەكانی بریتین لە خانەقا، رەشاد، سلێمان، شێخ مستەفای نەقشبەندی، شێخ عەبدوڵڵا (شێخەڵا)، شێخ رەشكە، تەكیەی شێخ عەبدولكەریم، خوێندنگاكانیشی بریتین لە قوتابخانەی (خالیدیە) كە ئێستا نیشتمانە، هەروەها سەرەتاییەكی كچان، شوێنی ئێستای باخی شاریش كە هەر دەكەوێـتە ناو گەڕەكی خانەقا لە ساڵی پەنجاكان باخی خەلیل ئەفەندیان پێدەوت كە شەوانە خەڵكی گەڕەك بۆ دانیشتن سەردانیان دەكرد و دارستانێكی زۆر چڕی لێبوو. 

ئاشی دینگە

لە ساڵی پەنجا و شەستەكانی سەدەی رابردوودا گەڕەكی خانەقا ئاشێكی لێدانرابوو، كە خەڵكی شار پێیان دەگوت (دینگە) یا پێیان دەگوت (دینگەی سلێمان)، كە بریتیبوو لەبەردێكی گەورەی خڕ، دارێكی لێبەسترابوو بە ئەسپێك دەیانسوڕاند و خەڵكی گەنمیان دەبرد و دەیانكرد بە ساوەر لە ساڵی حەفتاكان ئەو دینگەیە بەهۆی دەركەوتنی ئاش نەما، هەر لەناو گەڕەكەكەش 9 حەساری لێبوو، وەكو (حەسارەكانی حاجی سلێمان قاورمەچی، حاجی حەسەن بەیرەم، ئیبراهیم ئەفەندی، شەریف قەماو، سەید ئەحمەد بوون) كە هەر حەسارێك 5 - 6  ماڵی لەخۆدەگرت.

ناڵكردنی ئەسپ
هەر لە ساڵانی پەنجاكان خانێكی لێبوو، بە ناوی خانی مام فەتاح كە لەو خانە وڵاخیان بەكرێ لێ ڕادەگرت و قاچی ئەسپ و گوێدرێژیشیان تێیدا ناڵ دەكرد، هەر لەو زەمانەشدا گەڕەكی خانەقا چەند دوكانێكی لێبوو، كە هی ئیبراهیم پایسكیلچی و شەریف قەماو و ئەحمەد حسێن و محێدین نەجمەدین بوون، زۆربەیان كاری عەتاریان تێدا دەكرد و دەوڵەمەندەكانی خانەقاش بریتیبوون لە (حاجی شەهاب بەزاز، ئەحمەد سەڕاج، حاجی حەسەن بەیرەم، محەمەد كەبابچی)، خەڵكی خانەقا بەگشتی بار و گوزەرانیان باش بوو، چونكە زۆربەیان دوكاندار بوون، هەروەك گەڕەكەكە دوو ئوتێلی لێبوو كە یەكێكیان ئوتێل (سندیباد) بوو كە لە ساڵانی شەستەكان دروستكرابوو، دواتریش و لە ساڵی هەشتاكاندا ئوتێل (مێرگەسوور)یشی لێ دروستكرا، لە ساڵی شەستەكانیشدا ئەحمەد تەبیبی پزیشكی میللی بە ناوبانگی هەولێر و باوكی هونەرمەند فوئاد ئەحمەد بۆ یەكەمجار دوكانی دەرزی لێدان و تیماری نەخۆشی لە گەڕەكی خانەقا كردەوە.

ماڵە مەسیحی 
زۆربەی دانیشتوانی ئەو گەڕەكە موسڵمان بوون و تەنیا یەك ماڵی مەسیحی تێدابوو، كە ژنی ماڵەكە ناوی (هۆرین) بوو، ئەو كاتیش 3 گەرماو لەو گەڕەكە هەبوو كە ئەویش گەرماوەكانی (خانزاد، گەورە، بچووك بوون).
لەپێشوودا مزگەوتی خانەقا لەلایەن شێخ مەزهەر و شێخ رەئوف و شێخ جەمیل بەڕێوەدەبرا، ئێستاش شێخ محەمەد سائیبی كوڕی شێخ مەزهەر سەرپەرشتی دەكات، لە زەمانی زوودا گەڕەكی خانەقا چەند كۆشێكی لێبوو وەكو (قەسری عەتاوڵاغا، قەسری ماڵی عەلی ئاغا، قەسری عەبۆ ئاغا).

لە داهاتوودا نۆژەن دەكرێتەوە

دوای هەشت سەدە لەبەردەوامبوونی ژیان تێیدا ساڵی 2008 وەزارەتی شارەوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای هەولێر گرێبەستێكیان لەگەڵ كۆمپانیایەكی لوبنانی بۆ كاری راوێژكاری ئیمزا كرد كە رێكخراوی یونسكۆی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان سەرپەرشتی گرێبەستەكەی كرد، بە پێی گرێبەستەكە دەبێت گەڕەكی خانەقا و قەڵا و دوو گەڕەكە دێرینەكەی تری شارەكە بە شێوازی كۆنی خۆیان نۆژەن بكرێنەوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە شێوە كۆن و دێرینەكەی بكرێت و لە روخان و لەناوچوون بپارێزرێت، كە پڕۆژەكە ناونرا (بەفەر زۆن) واتا شوێنی پارێزراو، بەڵام تا ئێستا كاری نۆژەنكردنەوەی تێدا نەکراوە.

بابەتە پەیوەندیدارەکان