شاسواری خەونی لاوییم..ماڵئاوا

12:21 - 2024-08-22
ئەدەب و هونەر
964 جار خوێندراوەتەوە

ئێمە یەكجار نامرین، بەڵكو وردە وردە دەمرین، هەر جارەی بەشێكمان دەمرێ لەگەڵ مەرگی هەر خۆشەویستێ، هاوڕێیەك، دۆستێك، ناسیاوێكدا، تەنانەت لەگەڵ مەرگی ئەو كەسانەی لەو سەردەمەدا ژیاون كە ئێمەش تیا ژیاوین، كەسانێك لەوەتی ئێمە هەین ئەوانیش هەبوون، كەسانێك پێش ئێمە هەبوون یان هاوتەمەنی ئێمە بوون یان لە ئێمە بچووكتر بوون، گەلێك كاركتەر هەن كە قەت بەڕاستی نەمان  دیوون و یەكترمان نەناسیووە بەڵام ئامادەییەكی بەهێزیان لەژیانماندا هەیە یان هەبووە و بە مەرگیان بەشێك لەیادەوەری و بوونمان لەدەست دەدەین، ئەو كەسانەش زیاتر هونەرمەند و ئەدیبەكانن، كاتێك یەكێك لەوانە ماڵئاوایی لەژیان دەكەن یادەوەرییەكان زیندوو دەبنەوە، رابردوو بەخەم و خۆشییەكانییەوە گەمارۆمان دەدا، بۆ من یەكێك لەوانە مەرگی ئەكتەری فەرەنسی ئالان دیلۆنە كە لەم رۆژانەدا ماڵئاوایی لەژیان كرد.

دیلۆن لەكۆتایی پەنجاكانەوە لە فەرەنسا بوو بوو بە كازانۆڤای سینەما، بەڵام ئێمە لە حەفتاكانەوە ناسیومانە

تازە قۆناغی مناڵییم تێدەپەڕاند كە بە فیلمی بیانی ئاشنابووم بەتایبەتی فیلمی فەرەنسی و ئیتاڵی ئینجا ئەمریكی، ئەو سەردەمەی ئێمە فیلمی ئەمریكی و هۆلیوود هەژموونی بەسەر سینەما و شاشەی تەلەفزیۆنەكانا نەبوو، هەر لەو سەردەمەوە ئەكتەری فەرەنسی ئالان دیلۆن بوو بە شاسوای خەونی هەرزەكاریم و ئەكتەرە دڵخوازەكەم، هەر لەیەكەم فیلمەوە كە لە سینەمای رەشید بینیم بەناوی (مەلەوانگە) ئیتر هەر فیلمێكی لەسینەماكاندا نمایش بكرایە من لەوێ بووم، لەگۆڤار و تەلەفزیۆنیشەوە موتابەعەی هەواڵەكانیم دەكرد، یەكەمجاریش كە لەگەڵ (دڵشاد) چووم بۆ سینەما بۆ فیلمێكی ئالان دیلۆن بوو بەناوی (پڵنگە برینارەكە)..
دیلۆن هەرچەندە لەكۆتایی پەنجاكانەوە لە فەرەنسا بوو بوو بە كازانۆڤای سینەمای فەرەنسی، بەڵام ئێمە لە ساڵانی حەفتاكانەوە ناسیومانە، شێوازی نواندنەكەی، دڵڕەقی و ئەو تووندوتیژییەی كە لەگەڵ رووخسارە جوان و ناسكەكەیدا نەدەگونجا سیحری لێدەكردین، لەزۆربەی گرتەكاندا بێدەنگ بوو كە ئەشدوا بە ساردوسڕی دەدوا، رۆشتنەكەی، جووڵەو ئەدگارەكانی دەموچاوی كە لە چركەیەكدا لەوپەڕی ساردوسڕی و دڕندەییەوە دەبۆوە بە ئەدگاری مرۆڤێكی شكستخوارد و سەرسوڕماو پرسیار لە چاوانیدا دەمەیی،  هەموو ئەمانە تواناكانی ئەو ئەكتەرەی بەرجەستەدەكرد، ئالان دیلۆن بەوە رایهێناین كە پاڵەوانی فیلمەكانیش مرۆڤن دەشێت بمرن، بكوژرێن، كەم فیلمی هەیە تیایدا نەمرێت، شێوازی مردنی لە فیلمەكاندا سەرنج راكێش و سروتئامێزن ئەو گرتەی مردنانەی لەهەموو شت زیاتر لە یادەوەریماندا ماوەتەوە. 
دیلۆن هەمیشە شانازیی بەفەرەنسی بوونی خۆیەوە كردووە حەزی لەهۆلیوود نەبووە و هۆلیوودیش دوژمنایەتی كردووە، زیاد لە (90) فیلمی هەیە بەڵام تەنیا جارێك خەڵاتی سیزار-ی سینەمای فەرەنسی پێبەخشراوە بۆ فیلمی (چیرۆكەكەمان). 
دوا دەركەوتنی دیلۆن ساڵی2019 بوو كاتێك خەڵاتی فیسڤاڵی كان-ی پێبەخشرا بۆ كۆی بەرهەمەكانی، لەو بارەیەوە وتی: ئەم خەڵاتە پاش مەرگ دەبەخشرێت، بەڵام من ئێستا وەرمگرت بۆئەوەی خۆم سوپاستان بكەم، لەم دوو ساڵەی دواییشدا كە نەخۆشی و پیریی پەكیانخستبوو داوای مەرگی میهرەبانی كردووە بەڵام دواجار بەهێمنی گیانی سپاردووە و هەر سێ مناڵەكەی لەدەور بووە.

#ئەدەب و هونەر

بابەتە پەیوەندیدارەکان