تیشکە زیانبەخشەکان و تایبەتمەندیی کیمیایی پێکهاتەی دژەخۆرە بەکارهاتووەکان

10:20 - 2024-08-25
ژینگە
305 جار خوێندراوەتەوە

  

پ. د. دیاری ئیبراهیم                           رەهەند محەمەد

هەرچەندە تیشکی خۆر بۆ ژیان سوودبەخش و سەرەکییە، هاوکات بەرکەوتنی برێکی زۆر لە تیشکی خۆر، کاریگەریی زیانبەخشی تەندروستیی دەبێت، شێرپەنجەی پێست بە نموونە. جۆری جیاواز لە تیشکی خۆر هەیە، خۆشبەختانە بەشێکی نەک هەمووی، لەلایەن چینی ئۆزۆنەوە رێگەی لێدەگیرێت. تیشکی سەرووبنەوەشەیی (UV)، بە پێی وزەکەی، سێ جۆری سەرەکیی هەیە کە بە یوڤی ئەی، یوڤی بی و یوڤی سی ناسراون، دووانیان بەشداریی دەکەن لە پیربوونی پێشوەختەی پێست، شێرپەنجەی پێست و سووتانەوەی پێست. ئا لێرەوەیە پزیشکانی چاودێریی تەندروستیی، بە توندیی جەخت لەسەر بەکارهێنانی دژەخۆر دەکەن بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە خراپەکانی تیشکی سەرووبنەوشەیی. بە نزیکەی %90ی هەموو شێرپەنجەیەکی پێست، پەیوەندیی بەو تیشکە زیانبەخشانەوە هەیە کە بەر پێستمان دەکەوێت. بەداخەوە، لە ئێستادا زیانیاریی نادروست لە میدیا و ئینتەرنێتدا دەسووڕێتەوە سەبارەت بە دژەخۆر، گوایە مەترسیی بۆ تەندروستیی مرۆڤ دروست دەکات. لێرەدا هەوڵ دەدرێت لەسەر بنەمای توێژینەوە زانستییەکان، بیسەلمێنین کە پێکهاتەکانی دژەخۆر، سەلامەتن و نابنە هۆی تێکچوونی تەندروستیی جەستە.
وزەی لە هەموویان زیاترە
خۆر، زۆر جۆری تیشک بڵاودەکاتەوە کە بە پێی وزەکەیان پۆڵینبەندیی کراون، هەروەها بە شێوەیەکی یەکسان دەرنادرێت.  لێرەدا ئاماژە بە سێیان دەکەین. لە %53 ئەو تێشکەی کە دەردەدرێت لەلایەن خۆرەوە، بریتییە لە تیشکی ژێرسوور IR، هەر ئەمیشە سەرچاوەی سەرەکیی گەرمبوونی هەسارەکەمان. هاوکات، تیشکی رووناکیی بینراو  (Visible light)بە رێژەی %39 پێمان دەگات. لە    %8 یشی تیشکی سەرووبنەوەشەییە! تیشکی سەرووبنەوەشەیی لەسەر بنەمای وزەکەی (یان درێژەشۆلەکەی) دابەش دەبێ بەسەر یوڤی ئەی، یوڤی بی و یوڤی سی. یوڤی سی وزەی لە هەموویان زیاترە و یوڤی بیش وزەی لە یوڤی سی کەمترە. خۆشبەختانە، یوڤی سی بە تەواوی لە لایەن چینی ستراتەوسفیرەوە دەمژرێت absorb و ناگاتە سەر زەویی. لە کاتێکدا یوڤی ئەی بە رێژەی لە %95 بەر رووی زەویی دەکەوێت و یوڤی بیش بە رێژەی لە %5 بە رووی زەویی دەگات.
بە پێی وەرزەکان
بڕی تیشکی سەرووبنەوەشەیی بە پێی وەرزەکان، جیۆگرافیی ناوچەکە و رۆژەکان، جیاوازە. لە رۆژەکانی هاویندا، لە کاتژمێر 10ی بەیانیی تا 4ی ئێوارە، یوڤی بی زۆرتریینە، لەکاتێکدا یوڤی ئەی، زیاتر بە پێی وەرز گۆڕانی بەسەردا دێت. سەرباری ئەمانە، تیشکی سەرووبنەوشەیی، لە هێڵی ئیستوا و بەرزییەکاندا، توندییەکەی زیاترە، بە رووکردنە نزمییش، توندییەکەی کەم دەبێتەوە.
هەرچەندە لە ئێستادا نیگەرانییەکی زۆر هەیە سەبارەت بە تەنکبوونەی چیینی ئۆزۆن کە هۆکاری ئەم تەنکبوونەوەیش ماددەیەکە پێیدەگوترێ کۆلۆرۆ – فلۆرۆ - کاربۆن (chlorofluorocarbon  CCl2F2). تەنکبوونەوەی چینی ئۆزۆن، رێگە بۆ هاتنی بڕێکی زۆر لە یوڤی بی بۆ سەر زەوی خۆش دەکات.  بە واتایەکی تر، کەمبوونەوە یان تەنکبوونەوەی ئۆزۆن، یانی کەمتر پاراستنی رووی زەوی لە تیشکە زیانبەخشەکان و گەیشتنی بڕێکی زیاتری یوڤی بی بۆ سەر رووی زەوی.
بە ئەگەرێکی زۆرەوە
توێژینەوەکان دەریان خستتووە کە لە جەمسەری باشوور، بڕی تیشکی یوڤی بی، دەتوانێ دوو هێندە بێ لەماوەی ساڵانەی کونی ئۆزۆندا (during the (annual ozone hole. توێژینەوەیەکی تر، پەیوەندیی نێوان کەمبوونەوەی ئۆزۆن یان تەنکبوونەوەی چینی ئۆزۆن و بەرزبوونەوەی بڕی تیشکی یوڤی بی پشتڕاستکردووەتەوە.
تیشکی سەرووبنەوشەیی خۆر، بە ئەگەرێکی زۆرەوە، زۆرترین زیان بە زیندەوەران دەگەیەنێت. تیشکی یوڤی بی لەلایەن توێژاڵەکانی قژ و پێستەوە هەڵدەمژرێت، هەروەها دەبێتە هۆی سووتانەوەی پێست. هاوکات یوڤی ئەی دەبێتە هۆی نەخۆشی درێژخایەنی پێست، لە چەشنی چرچبوون و وشکبوونەوە. گرنگترین نەخۆشی درێژخایەن کە بە هۆی هەر دوو تیشکی یوڤی ئەی و یوڤی بی (بە کۆی هەر دووکیان دەگوترێ Broad spectrum UV- BSUV)ەوە روو دەدات، بریتییە لە شێرپەنجەی پێست و تێکچوونی دی -ئێن -ئەی DNA، بە دیاردەکەیش دەگوترێ (Photocarcinogenesis). بۆیە بەکارهێنانی دژەخۆر، یەکێکە لە رێگەکانی کەمکردنەوەی مەترسی شێرپەنجەی پێست.

 

بە نزیکەی %90ی هەموو شێرپەنجەیەکی پێست، پەیوەندیی بەو تیشکە زیانبەخشانەوە هەیە کە بەر پێستمان دەکەوێت

 

هۆی پیربوونی پێشوەختە
دژەخۆر، بەرهەمێکی یەگجار گرنگە کە پێستمان دەپارێزێ لە کاریگەرییە زیانبەخشەکانی تیشکی سەرووبنەوەشەیی.  بەرهەمێکی سەرەکییە و لەوشن  Lotion، کرێم، جێڵ و سپرای، شێوە هەمەجۆرەکانییەتی. ئامانجی دژەخۆر، پاراستی پێستمانە و قەڵغانێکە لە بەرامبەر تیشکی یوڤی ئەی و یوڤی بیی، چونکە هەر ئەم دووانەن دەبنە هۆی پیربوونی پێشوەختە و سووتانەوەی پێست، هەروەها مەترسی شێرپەنجەی پێست زیاد دەکات. یوڤی ئەی دەچێتە قووڵاییەکانی پێست و بەشداریی دەکات لە پیربوونی پێست، لەکاتێکدا، یوڤی بیی، کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەسەر توێژەکانی دەرەوەی پێست و دەبێتە هۆی سووتانەوەی پێست! دژەخۆر بە کرداری هەڵمژیین (absorbing)  و بەرپەرچدانەوە (reflecting) پێستمان لە تیشکە زیانبەخشەکان دەپارێزێ.
هۆکاری ئەم رێژە کەمە
کاریگەریی دژەخۆر بە (SPF  sun protection factor) پێوانە دەکرێ کە ئاستی پاراستنی دژەخۆر دابین دەکات، بۆ زانینی ئەوەی تا چەند لە دژ یوڤی بی کار دەکات. تا (SPF)بەرزتر بێت، یانی دژەخۆرەکە زیاتر پارێزگاری لە پێستمان دەکات. SPFی 15، لە %93ی تیشکی یوڤی بیی بڵۆک دەکات، لەکاتێکدا، SPFەکانی 30، 50 و 100، لە %97 و %98 و %99ی تیشکی یوڤی بی بەرپەرچ دەدەنەوە. هیچ دژەخۆرێک ناتوانێ %100 یوڤی بی بڵۆک و بەرپەچ بداتەوە. بۆیە رێنمایی خەڵکی دەکرێ کە دژەخۆری شەبەنگی فراوان بەکاربهێنرێ کە SPFی 30 یان زیاتر بێت!
کەم کەس، کە بە زەحمەت رێژەکەیان دەگاتە %40 لە نێو دانیشتوانی هەر ناوچەیەکی پیشەسازییدا (ساڵی 2016 رێژەکە بەم جۆرە بووە) دژەخۆر بە بەردەوامی بەکاردەهێنن. هۆکاری ئەم رێژە کەمە، بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ زانیاریی نادروستی میدیا و ئینتەرنێت، هەروەها کاریگەری کەلتوریی و خوو!
هەروەها پێوسیتە دژەخۆر لە روانگەی فۆتۆکیماییەوە (photochemically)سەقامگیر بێت، بۆ ئەوەی رێگریی بکات لە دروستبوونی هەندێ ماددەی کارای وەکو (ROS Reactive Oxygen Species ).
لە دونیای ئەمڕۆدا
وەکو هەموومان دەزانین، دژەخۆر لە دوو پێکهاتەی گرنگ پێکهاتووە، یەکێکیان ئۆرگانیکییە و ئەویتریان ئینئۆرگانیکییە. سەبارەت بە پێکهاتە ئۆرگانیکەکە، لە 1920-ەکانەوە لە دژەخۆردا بەکاردەهێنرێ لە ئەمریکا و لە 1930-ەکانیشەوە لە ئەوروپا. پێکهاتە ئۆرگانیکەکان پۆڵێن دەکرێن بەسەر لێوەرگیراوەکانی (پارا - ئەمینۆ - بێنزۆیت derivatives of para-aminobenzoates PABA)، ساڵسیڵەیتەکان C7H5O3 salicylates ، سینامەیتەکان cinnamates C9H8O2، کامفەر camphor C10H16O، بێنزۆفینۆنەکان benzophenones C13H10O، ئەنپرەڵینتەکان anthranilate C8H9NO2، دای - بێنزۆیل - میپانەکان dibenzomethanes C15H12O2. سەبارەت بە پێکهاتە ئینئۆرگانیکەکان، دوو ماددەی سەرەکیی هەیە کە بەرکاردەبرێت لە دژەخۆردا، یان زینک - ئۆکسایدە ZnO، یاخود، تیتانیەم - دای - ئۆکساید TIO2. هاوکات، لە دونیای ئەمڕۆدا، شەریکەکان زیاتر پێکهاتەی زینک - ئۆکساید لە دژەخۆردا بەکاردەهێنن.
لە ساڵانی 1950کان و 1960کان، بە شێوەیەکی فراوان پارا - ئەمینۆ - بێنزۆیت PABA لە دژەخۆردا بەکار دەهات و %100 پێستیشی دەپاراست لە یوڤی ئەی و یوڤی بی، بەڵام دەرکەوت کە دەتوانێ ببێتە هۆی حەساسییەت، بۆیە رێنمایی کرا چیتر PABA بەکار نەیەت. هەر یەک لە پێکهاتەکانی تری وەکو ساڵسیڵەیتەکان و سینامیتەکان و کامفەر و ئەنپرەڵینتەکان ...تاد، بە رێژەی دیاریکراو، پارێزگاریی لە پێست دەکەن لە یوڤی ئەی و یوڤی بی. بۆ نموونە، سینامەیتەکان و بێنزۆفینۆن بە رێژەی %25 و %50 پارێزگاریی لە پێست دەکەن لە دژی یوڤی ئەی و یوڤی بی.
ئەوەی جێگەی تێڕامانە
ئەوەی جێگەی تێڕامانە، پێش ساڵی 2001 مشتومڕ و ناکۆکییەکی توند هەبوو لە میدیا جیاوازەکاندا سەبارەت بە ئۆکسی بێنزۆن کە لێوەرگیراوێکی بێنزۆفینۆنە، پێیانوابوو دەچێتە ناو پێست و دەستوەردان لە ئاستی هۆڕمۆن لە جەستەدا دەکات!  ئەم ترسەیش لە توێژینەوەیەکەوە سەرچاوەی گرت. بە پێی ئەو توێژینەوەیە، بۆ ماوەی چوار رۆژ بە بەردەوامی و بە بڕێکی دیاریکراو لە ئۆکسی - بێنزۆن دەرخواردی مشکی تاقیگەکان دەدرا، لە ئەنجامدا مشکی تاقیگەکە منداڵدانی گەورە بوو، بۆیە پێیانوابوو ئۆکسی - بێنزۆن مەترسیدارە لە دژەخۆردا هەبێت، بەڵام توێژەرەکان ئەم توێژینەوەیان رەت کردەوە، چونکە پێیانوابوو کاریگەرییەکانی خواردنی ماددەیەکی کیمایی جیاوازە لەوەی کە لەسەر پێستت بەکاری بهێنیت! توێژینەوەیەکی تر دەریخست، بۆ ئەوەی ئۆکسی- بێنزۆن کاریگەریی خراپی هەبێت، پێویستە بۆ ماوەی دووسەد ساڵ!  رۆژانە  بە بەردەوامی بەکاری بهێنیت. هاوکات، توێژینەوە بڵاوکراوەکانی تر ئەوەی بەیان کرد کە ئۆکسی- بێنزۆن ئاستی هۆڕمۆن تێکنادات، کارلێک و دەستێوەردان ناکات، بەڵکو تەنها لە رێگەی میزەوە دەردەدرێت. لە توێژینەوەکانی ساڵی 2011 دەرکەوتووە بە بەکارهێنانی بەردەوامی دژەخۆر لەلایەن 1621 ئوستراڵیاوە، رێژەی تووشبووانیان بە شیرپەنجەی پێست بە رێژەی %50 - %73 کەمی کرووە. [1], [2]

سەرچاوەکان:
[1] M. Rajasekar, J. Mary, M. Sivakumar, and M. Selvam, “Recent developments in sunscreens based on chromophore compounds and nanoparticles,” Jan. 15, 2024, Royal Society of Chemistry. doi: 10.1039/d3ra08178h.
[2] K. N. Jallad, “Chemical characterization of sunscreens composition and its related potential adverse health effects,” 2016.
[3]    Exploring Knowledge and Self-Care Practice Toward Skin Aging and Sun Protection among College Students in Sulaimani City-Iraq.

بابەتە پەیوەندیدارەکان