کوردستانی نوێ هاوڕێی گەشتێکی شاخەوانی

لە گەرمیانەوە بۆ لوتكەی هەڵگورد

10:10 - 2024-08-26
ڕاپۆرت
199 جار خوێندراوەتەوە
لوتكەی هەڵگورد 3607 مەتر بەرزە لە ئاستی رووی دەریاوە

راپۆرتی/ حسێن عەزیز


بەرەبەیانی رۆژی هەینی 16ی ئاب، بە كۆڵەپشتێكی ئامادەكراو لە خۆراكی سووك، كیسەخەوێكی سەوزی سەربازی، پاش قاوەڵتییەكی زوو، بەڕێكەوتم بۆ شوێنی دیاریكراوی كۆبوونەوەی ئەو شاخەوانانەی بڕیارە گەشتێكی دوور و درێژیان لەگەڵ بکەم بۆ سەر لوتکەی هەڵگورد.
محەمەد مەجید ئەندامی کارای کۆمەڵەی هەردەوانی گەرمیان بە کوردستانی نوێی وت: لە گەرمیان کاردەکەین لەسەر بە کەلتورکردنی هەردەوانی، شاخەوانی و مەلەوانی، تەمەنیش رێگر نییە لە وەرزشی شاخەوانی، بە دەلیلی ئەوەی ئەندامێکمان خانەنشینە و گەیشتە لوتکەی هەڵگورد، ئەوەی رێگرە لەم وەرزشە هەندێک نەخۆشییە.
پاشان 24 شاخەوان کۆبووینەوە و بە پاسێک بەڕێکەوتین، لەناو پاسەکە گفتوگۆی گەرم لەسەر بابەتی جیاجیا و نوكتە و پێكەنین، لەگەڵ كزبوونی تینی خۆردا، لە قەزای چۆمان دابەزین و دووری رێگە و تەنگەبەری ناو پاسەكە قاچەكانی پێوە نەهێشتبووین، ئیتر سەردەمی پاس كۆتایی هات، سێ ئۆتۆمبێلی جۆری نیسان پاترۆڵ چاوەڕوانیان دەكردین، بۆ ئەوەی بە سەختە رێی شاخدا هەڵمانزنێنن و بە رێگای خۆڵ و خاكی پێچاوپێچدا سەركەوین.
هێمن ئەمین سکرتێری فیدراسیۆنی شاخەوانیی کوردستان بە کوردستانی نوێی راگەیاند: باشترە هیچ کەسێک بەبێ شارەزای شاخەوانی نەچێتە شاخ بۆئەوەی گەشتێکی ئامانجدار و تەندروست و سەرکەوتوو مسۆگەر بکەن.

گەیشتن بە دامێنی شاخی هەڵگورد
پاش یەک سەعات رۆیشتن بە ئۆتۆمبێلی پاترۆڵ لەگەڵ ئاوابوونی خۆری رۆژی هەینی گەیشتینە زەوییەكی كەمێك تەخت و نەرم، كانییەكی بچووك، دەشتێکی سەوز و ئاوێكی ساردی سازگار، بەناوی (بێرمەسارد)لە كۆتایی (شاخی بەردەبووك)، لە تەنیشت کانییەکە کامپی شەو مانەوەمان دانا و چادرگەیەكی بچكۆلانەمان چێكرد و ئاگرێكی گەورەمان كردەوە.
سالار ئیسماعیل شاخەوانێکی تەمەن 37 ساڵە و نزیکەی 17 ساڵە شاخەوانی دەکات و خاوەنی تیمی شاخەوانی هەڵگوردە بە کوردستانی نوێی راگەیاند: لەپێناو گەیشتن بە تەندروستی دەروونی و جەستەی تێگەیشتن لە نهێنیە شاراوەکانی سروشت شاخەوانی دەکەین،  شاخەوانی شێوازێکی ژیانکردنە دوورە لە هەموو کۆت بەندێکی مۆدێرنە و شارستانیەت و گێڕانەوەی مرۆڤ بۆ سادەیی و تێکەڵبوونەوە لەگەڵ سروشت و پشت پێبەستنی هۆکاری گەشبینی و ئەرێنی.
نانی ئێوارەمان نۆشكرد و هەركەسەو لە كیسەخەوی خۆی و لە ژوورە بچكۆلەكەیدا راكشا بۆ ئەوەی ماندوێتی 12 سەعاتی رێگە لە گیانی دەربچێت و سەرخەوێك بشكێنێت، زۆری نەبرد بایەكی سارد خانەی هەموانی لەراندەوە وردە وردە پلەی گەرما دادەبەزی تا گەیشتە 13 پلە هەموو سەرمامان بوو.
محەممەد مەجید ئەندامی کارای کۆمەڵەی هەردەوانی گەرمیان دەڵێت: شاخەوانی وەرزشە و مرۆڤ بۆ چێژ وەرگرتن دەیکات، بۆیە پێویستە لەسەر کەسی شاخەوان ئاگادار بێت و ژیانی خۆی نەخاتە مەترسییەوە، لەکاتی نەگونجانی گەشتێک ئیتر بەهۆی کەش و هەواوە بێت یان هەر هۆکارێکی تر گەشتەکە دوابخات بۆ کات و ساتی گونجاو.

 

ئەندامێکی کارای کۆمەڵەی هەردەوانی گەرمیان:
شاخەوانی وەرزشە، پێویستە لەسەر کەسی شاخەوان ئاگاداربێت و ژیانی خۆی نەخاتە مەترسییەوە

 

ماڵە رەوەندەکان لە دامێنی شاخەکە
هەرچۆن بوو ئەو شەوەمان بەڕێکرد، بڕیار بوو رۆژی شەممە 17/ ئاب سەعات چواری بەیانی سەركەوین بۆ سەر شاخ، بەڵام سەرما نەیهێشت هەندێكمان سەر لە چادرەكان دەركەین، تا تیشكی خۆر فەرمووی لێكردین، چارەكی دەویست بۆ حەوتی بەیانی، بەرەو لووتكەی شاخی بەرز و بڵندی هەڵگورد بەڕێكەوتین، بە كوێستانی شیوێزایێ و سەرچاڵدا، دوو رێنیشاندەری شارەزا یەكێك پێش و ئەویتریان دوامان كەوتن و دوور و نزیك قەتارەی رۆژێكی نوێمان بەست بۆ سەر بەرزترین لوتكەی شاخی كوردستان.
لە دامێنی هەڵگورددا، ماڵە رەوەند و رانەمەڕ سەرنجی گەشتیار و شاخەوانەكان رادەكێشێت و ژیانی سادە و دوور لە شار و ئاوەدانییان هەڵبژاردووە، بۆ گەڕان بەدوای لەوەڕگادا، ئیسماعیل عەزیز كوڕێكی تەمەن 28 ساڵی شوانكارەی عەشیرەتی هەرووتی لە كوێستانی شیویزا وتی: لە باپیرانمانەوە سەرقاڵی ئاژەڵدارین و مەڕ و بزن بەخێو دەكەین، چەندین ساڵە بە رەوەندی دەژین، سەرەتای مانگی شەش نزیكەی 12 ماڵ روو دەكەینە كوێستانی هەڵگورد تا مانگی نۆ، هەندێک ساڵ ژمارەی ماڵ و خێزانە رەوەندەكان زیاترن.
لە بارەی رۆڵی ژن لە ژیانی رەوەندەكاندا، ئیسماعیل عەزیز وتی: ژن و پیاو لێرە وەك یەك ئیش دەكەن و تەواوكەری یەكترن. رۆژانە مەڕ و بزنەكان دەدۆشن و دەیكەنە پەنیر و كەشك و رۆن و لۆر دروستدەكەن، جگە لە ئیشەكانی تری پەیوەست بە ماڵ و منداڵ بەخێوكردن. ئامادەی دەكەن بۆ فرۆشتن و ساغكردنەوەی لە بازاڕدا، هەندێک کەس و گەشتیاریش راستەوخۆ لە خۆمان دەیکڕن.

بڕینی شاخەکە و گەیشتن بە لوتکەی هەڵگورد
تەنها ئێمە نەبووین گروپی شاخەوانی دیکەش لەوێ بوون و لە شاری جیاوازەوە هاتبوون، شوانکارەکانمان جێهێشت و تا دەهات هەوراز سەخت و تاشەبەرد تیژ، كۆڵە پشتەكان لار و لاسەنگ دەبوون. رێگەی باریك، بەڵام بڕیارە و هەر دەبێت سەركەوین و رۆژێكی مێژوویی لە یادەوەریماندا ببێتە حیكایەتی شاخەوانی.
سالار ئیسماعیل سەرۆکی تیمی شاخەوانی هەڵگورد وتی: شاخەوانی بەبێ ژینگەپارێزی هیچ مانایەکی نییە، ماڵی یەکەمی ئێمە ژینگەیە بۆیە شاخەوانان دوژمنی سەرسەختی ئەو وێرانکارییانەی سەر ژینگە و سروشت و چیاکانن.
وتیشی: شاخەکان کەمترین نیشانە و هێمای رێگەیان بۆ دانراوە، هەندێک لە بناری چیاکان تائێستا بەمینڕێژکراوی ماون و مەترسین بۆ سەر ژیانی مرۆڤ و شاخەوانان.
هێشتا بەفر هەرماوە، شاخ بەردێكی رەش و خاكێكی رەش، رووەكێكی سەوزی دڕكاوی تا ناوقەدی داپۆشین پێ دەڵێن(جوینی) جۆرێكی تریش (چەورە)یان پێدەگوت ئاژەڵ دەیخوارد، هاژەی ئاوی دۆڵە قووڵەكە دامێنی هەڵگورد دەگەشتە ئاسمانی شاخەكە.
محەمەد مەجید ئەندامی کارای کۆمەڵەی هەردەوانی گەرمیان وتی: زۆر لەلامان گرنگە ئەندامی کۆمەڵەکەمان ژینگەپارێز بێت، لە گەشتەکانماندا پاشماوەی پلاستیک فڕێ نادرێت و لە رێگە ئەو پلاستیکانەش کۆدەکەینەوە کە گەشتیاران فڕێیانداوە، زیانمان بۆ هیچ گیاندارێکی کێوی نابێت و درەخت و سەوزایی لای ئێمە پارێزراوە، هاوکات سەدان نەماممان لە شوێنە جیاوازەکاندا رواندووە.
هەر دەڕۆشتین و رێگە سەخت، سەوزتر و ساردتر، دەبێت بە ئاگایی هەنگاو  بنێیت و  گۆچانەكەت لە زەوی گیر بكەیت. دوای نزیكەی پێنج سەعات و هەندێكمان درەنگتر گەیشتینە ئاڵایەكی كوردستان و تابلۆیەكی سێ گۆشە بە سێ زمان لە سەری نووسراوە لوتكەی هەڵگورد 3607 مەتر. پێشوازی لە سەر و قژێكی ئاڵۆزكاوی ژێركڵاوی چەندینجار بابردوو دەكرد، سەدان وێنەی یادگاریمان لە پاڵ خەونی خۆشیدا چركاند و پڕ بەچاومان لە چواردەوری چیای هیوامان روانی، پاشخواردنی نانی نیوەڕۆ، سەر بەرەوخوار كشاینەوە بە توولە رێگەی پێچاوپێچدا، هاتنەخوارەوە لە شاخ ئاسانتر و خێراترە، بەڵام مەترسی كەوتن و خلیسكانی زیاترە، بە سێ سەعات گەیشتینە دامێنی چیاکە و بەڕێکەوتینەوە بۆ گەرمیان، رۆژی گەیشتن بە شاخی هەڵگورد خۆش و گەشە لە یادەوەریماندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان