بۆ مسۆگەرکردنی مافەکانیان

کرێکاران داوای یاسایەكی سەردەمییانە دەکەن

10:39 - 2024-08-27
ئابووری
199 جار خوێندراوەتەوە

ئا: تەها عەبدوڵڵا

کرێکارانی هەرێمی كوردستان بە ئامانجی پاراستنی مافەكانیان و دابینكردنی ژیانێكی شایستە، داوای دەرکردنی یاسایەكی سەردەمییانەی تایبەت بەكار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی دەکەن، لەبەر ئەوەی ئەو یاسایانەی لەو بوارەدا كاریان پێدەكرێت لە ساڵانی حەفتا و هەشتاكانی سەدەی رابردوودا دەرچوون و لەگەڵ بارودۆخی ئەم سەردەمە ناگونجێن، ئێستا شێوازی کار و ژینگە و جۆری کار بە هۆی فراوانبوونی شارەكان و تەکنەلۆجیای نوێوە گۆڕانکاریی زۆریان بەسەردا هاتووە و بەهۆی نەبوونی یاسایەکی نوێشەوە كرێكاران رووبەڕووی مەترسی دەبنەوە و بەشێك لە خاوەنكارەكانیش ناچار ناكرێن شوێنی سەلامەتی كاركردن بۆ کرێکاران دابین بكەن، بەهۆی ئەوەشەوە ساڵانە چەندین کرێکار گیانیان لەدەست دەدەن، یان کەمئەندام دەبن.
حەسەن رەمەزان لێپرسراوی راگەیاندنی لقی هەولێری سەندیكای كرێكارانی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: لە ماوەی زیاتر لە 30 ساڵی تەمەنی پەرلەمانی كوردستاندا هیچ یاسایەك دەرنەچووە، تایبەت بێت بە كار و مافەكانی كرێكاران، هەرچەندە هەوڵ هەبووە ‌و پڕۆژەیاسا بۆ ئەو مەبەستە ئامادەكراوە، بەڵام بەهۆكاری جیاواز هەرێمی كوردستان نەبۆتە خاوەن یاسایەكی تایبەت بە كرێكاران.

یەکناگرنەوە
وتیشی: ئەوەی ئێستا كاری پێدەكرێت لە بواری كار و مافەكانی كرێكاراندا سێ یاسان، ئەوانیش: یاسای كاری ژمارە 71ی ساڵی 1987‌ و یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی كرێكارانی ژمارە 39ی ساڵی 1971‌ و یاسای رێكخستنی سەندیكای كرێكارانی ژمارە 52ی ساڵی 1987، ئەوانەش یاسای كۆنن و بە هیچ شێوەیەك لەگەڵ ئەم سەردەمە یەكناگرنەوە، بۆیە ئێمە وەك سەندیكای كرێكارانی كوردستان، چەندین جار داوای دەرکردنی یاسایەكی سەردەمییانەمان بۆ كرێكاران كردووە، کە مافەكانی كرێكاران بپارێزێت.
 ئاماژەی بەوەشكرد: هەر بەهۆی نەبوونی یاسایەكی تایبەت بەكار و مافەكانی كرێكاران، رۆژانە ئەو توێژە تووشی ئاسەنگی زۆر دەبنەوە، لەوانە پێشێلكردنی مافەكانیان لە پێنەدانی هەقدەستی كاركردنیان، نەبوونی شوێنی سەلامەتی كاركردن، جگە لەوەش سەعاتی كاركردنی كرێكاران رەچاو ناكرێت، هەموو ئەوانە وایانكردووە كرێكاران وەك توێژێكی هەژار و كەمدەرامەت بمێننەوە و نەتوانن بەو كارەی دەیكەن، ژیانێكی شایستە بۆخۆیان دابین بكەن.
حەسەن رەمەزان ئاماژەی بەوەشــــكرد: خاڵێكی تر پێویستە ئاماژەی پێبكەین، دەستەبەركردنی زەمانی كۆمەڵایەتییە بۆ كرێكاران، راستە لە یاسا كۆنەكەدا هاتووە بەڵام بە هیچ شێوەیەك لەلایەن كۆمپانیا و خاوەنكارەكانیانەوە جێبەجێ ناكرێت، بۆیە كاتێك كرێكار لەسەر کارەکەی تووشی رووداوێك دەبێت یان توانای كاركردنی نامێنێت هیچ مافێك وەرناگرێت، لەم حالەتەشدا کرێکاران جگە لەوەی خۆیان تووشی گرفتی گەورە دەبنەوە، دەبنە بارگرانیش لەسەر كەسوكاریان، بۆیە ناكرێ ئەو بارودۆخەی كرێكاران بەم جۆرە بەردەوامبێت.
هەر پەیوەست بەو بابەتە نۆژەن ئازاد عوزێری ئابوریناس و خاوەنکار بۆ كوردستانی نوێ دوا و وتی: لەهەر كۆمەڵگەیەكدا مافەكانی كرێكار پێشێلبكرێت و وەك توێژێكی پەراوێزخراو سەیر بكرێن، ئەو كۆمەڵگەیە پێش ناكەوێت و ناتوانێ بۆ جێبەجێكردنی كارەكانی پشت بە كرێكاری ناوخۆ ببەستێت، بۆئەمەش ئێمە لە هەرێمی كوردستان پێویستمان بە یاسای سەردەمییانە هەیە، بە جۆرێك لەگەڵ پێشكەوتنەكانی ئەمڕۆدا بگونجێ.

فراوانبوونی بواری کارکردن
وتیشی: ناكرێت حكومەت لە رێكخستنی پەیوەندیی نێوان كرێكار و خاوەنكاردا تەنیا پشت بە رێنمایی ببەستێت، كە بێگۆمان بەشێكی زۆری جێبەجێ ناكرێت ‌و هەندێك لە خاوەنكارەكان پابەندی نابن، بەڵام لە كاتی دەركردنی یاسایەكی تایبەت بە كار و مافەكانی كرێكاران لە هەرێمی كوردستان‌ و چاودێریكردنی لەلایەن لیژنە پەیوەندیدارەكانەوە، بەشێكی زۆر لەو مافانە بۆ كرێكاران دەگەڕێتەوە.
 ئاماژەی بەوەشكرد: بوارێكی تری كاركردن كە ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان فرەوانبووە، كاركردنە لە ماڵان، یان لە كۆمپانیاكاندا لەو بوارەشدا كەموكووڕیی زۆرمان هەیە، چونكە هیچ یاسایەكی گونجاو نییە بۆ پاراستنی مافەكانیان و جیاكردنەوەی كرێكاری رەگەزی نێر و مێ، بۆیە لە كاتی پاراستنی مافەكانیاندا لە رێگەی یاسایەكی تایبەتەوە، رەنگە لە جیاتی هێنانی كرێكار لەدەرەوە، سوود لە كرێكاری ناوخۆ وەربگیرێت، بەمەش رێژەی بێکاری كەمدەكرێتەوە.
نۆژەن ئازاد عوزێری پێشیوایە: بە گشتی رێكخستنەوەی ئەو بوارە كاریگەریی لەسەر سەرجەم بوارەكانی ژیان دەبێت، لە كەمكردنەوەی رێژەی هەژاری و كرێنشینی و گرفتی نێوان خێزانەكان و رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران کە بەهۆی بێكارییەوە لە زیادبووندایە، هەموو ئەوانە بە باشكردنی رەوشی كرێكاران پاراستنی مافەكانیان دەبێت، ئەویش دەبێ بە یاسا رێكبخرێت، بۆیە ئەركی خولی داهاتووی پەرلەمانە لە ئەولەویەتی كارەكانیدا بایەخ بە دەرکردنی یاسایەكی تایبەت بە كار و مافەكانی كرێكاران بدات.
لەبــــــارەی هۆكارەكــــانی دەرنەكردنی یاسایەكی تایبەت بە كرێكارانەوە لە پەرلەمانی كوردستان، گوڵستان سەعید ئەندامی لیژنەی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بە كوردستانی نوێی راگەیاند: ئێمە لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا كارمان لەسەر ئامادەكردنی پرۆژەیاسایەكی تایبەت بە كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران كرد، بۆ ئەمەش سوودمان لە رێكخراوی كاری نێودەوڵەتی وەرگرت، پرۆژەیاساكە هەموو قۆناغەكانی خۆی بڕی، خوێندنەوەی یەكەم و دووەمی بۆ کرا و دەنگی لەسەردرا، بەڵام لەبەرئەوەی كاتی پەسەندكردنی ئەو یاسایە پەرلەمان لە بۆشایی یاساییدا بوو، تەمەنی یاسایی بەسەر چووبوو، بە بڕیارێکی دادگای فیدراڵیش درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان بە ناسایایی لەقەڵەم درا، بەمەش یاساكە لە (وەقائیعی) كوردستاندا بڵاونەكرایەوە، بۆیە یاساكە نەچووە بواری جێبەجێكردنەوە ‌و كاری پێنەكرا.

دیاریکردنی سەعاتەکانی کار
وتیشی: لەو پڕۆژەیاسایەی لە پەرلەماندا دەنگی لەسەردرا، زۆربەی مافەكانی كرێكاران دیاریكراوە، لەوانە دیاریكردنی سەعاتەكانی کاركردن و شێوازی مۆڵەت وەرگرتن ‌و سەلامەتی شوێنی كاردن و دابینكردنی پێداویستییەكانی كرێكار لەسەر كارەكانیان و چەندین مافی دیکەی كرێكارانی تێدابوو، بەڵام بەداخەوە هاوشێوەی ژمارەیەك یاسای تر كاری پێنەكرا.
ئەوەشی خستەڕوو، دەرکردنی یاسای كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتی دوای ئەوەهات، کە پەرلەمان هەستیكرد بۆشاییەكی یاسایی لەو بوارەدا هەیە، جگە لەوەی چەندین داواكاری و پێشنیازمان لەلایەن رێكخراوە پیشەییەكان و مافی مرۆڤەوە پێگەیشت، كە كرێكاران مافەكانیان پێشێل دەکرێت و ساڵانە ژمارەیەكی زۆریان بەهۆی نەبوونی سەلامەتی شوێنی كاركردنیانەوە دەبنە قوربانی، بۆیە دەنگی خۆمان دەخەینە پاڵ دەنگی هەموو ئەوانەی داوای دەرکردنی یاسایەكی تایبەت بە كرێكاران دەكەن، تا مافەكانیان پارێزراو بێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان