ئیبراهیم هەورامانی
بەندە بەپێی كارەكەم كە هەوڵدانە بۆ بە دۆكۆمێنتكردنی بەڵگەنامە زارەكیی و وێنەییەكانی نێو دۆسییەی جینۆسایدی گەلەكەمان (دۆسییەی كیمیایبارانی هەڵەبجە) بە درێژایی تەمەنی كاركردنم و ئەزمونی كارم، هیچ ساڵێك هێندەی ئەم ساڵانەی دوایی و هیچ كاتێك هێندەی ئەم ژمارە زۆروزەوەندەی ئێستای نێو توێژی شاهیدحاڵ و رزگاربووەكانی نێو ئەم دۆسیەیە، دۆسیەی كیمیایبارانكردنی هەڵەبجە مەبەستمە، دڵسارد و خەمسارد و بێئومێدم نەبینیوە لەبەرامبەر دەوڵەمەندكردن و پڕ زانست و بەڵگەنامەكردنی دۆسییەكەدا بونیان هەبێت.
ماوەیەكی زۆرە بەهۆی ئەم دڵساردیی و بیئومێدییەی شاهیدحاڵەكانەوە، هەست بە بوونی مەترسییەكی زۆر گەورە دەكەم لەسەر فەوتانی ئەو سەروەتە نیشتمانییەی كە رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو فەوتان و لەناوچوون دەچێت، بەتایبەت بەڵگەنامەی زارەكی كە لە نێو سنگ و یادەوەریی شاهید حاڵەكاندا قەتیس ماوە.
نایشارمەوە بە بڕوای من ئەم دیاردەیەیی كە لە ئێستادا زۆر بەڕوونی هەستی پێدەكرێت، دەتوانم بە درمێكی كوشندەی بشووبهێنم ئەگەر بێت و زۆر بەزوویی فریای چارەسەری نەكەوین، دواجار هیچ پەشیمانییەك بەدەردمان ناخوات و دەستمان دەبێتەوە، لەو هەموو بەڵگەنامە زیندووانەی لای شاهیدحاڵەكانە و دەبێت هەناسەی پەشیمانی هەڵبكێشین و سەیری ناولەپی دەستی سپیمان بكەین. لەڕاستیدا ناكرێت ئەم گرفتە بە شێوەیەكی سەرپێی و سادە لێی بڕوانین، ئەوەتا چەندینجار و ماوەیەكی زۆرە ئێمە هەركەسێك بدوێنین بە مەبەستی بە دۆكۆمێنتكردنی تەواوی ئەو بەڵگەنامە زارەكییانە، لەوەڵامدا وەك بڵێی لە سەرەتای رێگادا وەستا بێت، ئامادەنییە لەگەڵتدا یەك هەنگاو بەرەو كارە سەرەكییەكەت هەنگاو بنێ و پێكەوە ئاواتە نەتەوەیی و نیشتمانییەكە بەدیبهێنین.
كە دەڵێیت دەمەوێت وەڵامی چەند پرسیارێك وەربگرم و ئێوە وەك شاهیدحاڵێك یاداشت و یادەوەرییتان لە رۆژانی كیمیاییبارانی هەڵەبجە بۆمان بگێڕنەوە تا پێكەوە هۆكار بین و رێ لە فەوتانی ئەم بەڵگەنامە پڕلەزانیاریی و زیندووانە بگرن؟ بێ هیچ شڵەژان و راڕایی و وەستانێك پێت دەڵێت: چ سوودێكی هەیە وا بۆتیشم باسكرد؟
تۆ دەتەوێ بیهێنیتە سەرڕێی بڕوا پێ بوون، ئەو بوارت نادات درێژە بە قسەو باسەكەت بدەیت، پێت دەڵێت:
من چیم بۆكراوە؟ كوا ئایا وەزعیەتی منت گەیاندۆتە ئەو ئاساتەی كە دڵم پێی خۆش بێت؟ ئەمە و چەندین بەهانە و هۆكارت بۆ دەهێنێتەوە كە نایەوێت هاوكارت بێت.
ئەمە ئەو راستییەیە كە پێویستە هەمووان دەركی پێبكەین و لێی تێبگەین، كە ئیتر پێویست ناكات لەمە زیاتر لایەنی پەیوەندار بەتایبەت (وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان) و(وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان) بە جدی ئاوڕێك لەم كێشەو گرفتە بدەنەوە و چارەسەرێكی جدی بۆ بدۆزنەوە، ئەوەی نەتوانراوە و پێویستە جێبەجێ بكرێت بیكەنە بەرنامەی كارو ئەوەلیاتی كارەكانی خۆیان.
بەڕاستی شاهیدحاڵەکان مافێكی سەرەتایی خۆیانە، كە پێویستە داوای خۆشگوزەرانی و جێبەجێكردنی داواكانیان بكەن. ناكرێت لەمە زیاتر لایەنی پەیوەندار بێباكانە لە خواست و داوای ئەو شاهیدحاڵانە بڕوانێت بە شكڵێك كە ئەم بێباكییەی لایەنی پەیوەندار بۆتە سەرەتای دروستبوونی كێشەگەورەكەی كە بۆتە كۆسپێكی گەورە لەبەردەم بەجێهێنانی ئەركە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانمان كە هەر لەسەرەتاوە بۆتە تاكە بەرنامەیەك كە بۆ جێبەجێكردنی هەوڵی جدیی بۆ دەدەین.
گرفتەكە لێرەدایە كاتێك دەمانەوێت ئەو سەرچاوە و سەروەتە نەتەوەییە لە فەوتان رزگار بكەین و خۆمان بۆ بە دۆكۆمێنتكردنی ئامادە دەكەین، لەبەرامبەردا كەسی شاهیدحاڵ و سەرچاوەی بەڵگەنامەكان ئامادەیی خۆی دەرنابڕێت و غەمساردانە لەم پڕۆژە بەردەوامەی ئێمە دەڕوانێت، ئیتر لێرەوە گرفتەكە سەرهەڵدەدات و بێ چارەسەر هەموومان لەبەردەمیدا دەستەوەستان دەوەستینەوە.
بەڵێ كاتی ئەوە هاتووە بە هەموومانەوە چ ئێمە وەك نووسەران و توێژەرانی بواری جینۆساید، چ شاهیدحاڵ و رزگاربووان و قوربانیانی تاوانەكانی جینۆسایدیی گەلەكەمان و لایەنی پەیوەندار بەشدار بین بۆ چارەسەری ئەم گرفتە و تەواوی كێشەكان بنبڕبكەین. لەڕاستیدا تا روبەڕووی ئەم بێباكی و غەمساردییە نەبینەوە، هەست بەوە ناكەین ئێمە وەك نەتەوەییەكی زۆرترین زەرەرمەند و قوربانیدەر لەپێناو بەدیهێنانی مافە نەتەوەییەكانمان لەدوارۆژدا دەبینە نەتەوەیەكی دەستسپیی و خاوەن مۆنۆمێنتێكی خاڵی لە بەڵگەنامە زیندووەكان، ئەو بەڵگەنامانەی حەقیقەت و واقیعیەتی ئێمەی كورد وەك نەتەوەییەكی جینۆساید كراو بۆ تەواوی گەلانی جیهان دەخاتەڕوو. بۆیە كاتی ئەوە هاتووە هەموومان دەنگمان بكەینە یەك و ئەم وەستانە لە سەرەتایی رێگادا جووڵەیەكی بەردەوامی پێببەخشین تا دەگەینە دوا هەوار.