زەید مەحمود ماوەی 62 ساڵە یاریی شەترەنج دەكات بەم دواییە نازناوی پاڵەوانی جیهانی بەدەستهێنا

12:50 - 2024-08-27
وەرزش
181 جار خوێندراوەتەوە

هەولێر – رەوەست نەوزاد

زەید مەحمود یەكێكە لەیاریزانە دێرینەكانی یاری شەترەنج لەشاری هەولێر،  ماوەی 62 ساڵە ئەم یارییە دەكات، بەشداریی چەندین پاڵەوانێتی  لە هەولێر و شارەكانی تری عیراق  و وڵاتانی عەرەبیشدا كردووە.
لەو بارەیەوە بەكوردستانی نوێی راگەیاند: من لەساڵی 1962 - ەوە یاری شەترەنج دەکەم، سەرەتا لەشاری بەغدا بەشداری پاڵەوانێتییەكانم دەكرد، ساڵی 1964 كە لە هەولێر نیشتەجێبووین، ساڵی حەفتاكان خۆم بەچەند كەسێك ناساند، لەوانە مامۆستا عەلی و وریا قانیع كە لە سلێمانییەوە هاتبوو، هەروەها لە قاوەخانەی مەچكۆ – ش یاری شەترەنج دکرا، یەكێك لەیاریزانەكان سەمیر عەبدوڵڵا بوو كە مامۆستا بوو، دواتر بووبە سەرۆكی یەكێتی شەترەنجی هەولێر كە زۆر بەیاریكردنی من سەرسام بوو.
روونیشی كردەوە دوای ئەوەی یەكێتی شەترەنجی هەولێر لە ساڵی حەفتاكاندا دامەزرا، یەكەم یاریم ئەوكات بوو، ساڵی 1974 یانەی شەترەنجی بەسرا هاتنە هەولێر و یاریمان كرد، من تەنیا یاریزان بووم یارییەكەی خۆمم بردەوە.
سەبارەت بە بەشدارییكردنە دەرەكییەكانیشی ووتی: لە لوبنان و سوریا و مەغریب بەشداریی پاڵەوانێتییم كردووە و لە زۆربەیاندا سەركەوتنم بەدەستهێناوە، بۆ نمونە لە سوریا ساڵی 1976، پلەی یەكەم و دووەمم بەدەستهێنا، لە لوبنانیش كە هەمان ساڵ بەشداریم كرد و پلەی یەكەمم بەدەستهێنا، لە مەغریبیش لەساڵی 1978 بەشداریی پاڵەوانێتییەکم کرد.
زەید مەحمود یەكێكە لەو یاریزانانەی كوردستان و عیراق كە بەشداری پاڵەوانێتی شەترەنجی جیهانی بەشێوەی ئۆنڵاین دەكات، لەو بارەیەوە ووتی: من ماوەی 3 ساڵە بەشێوەی ئۆنڵاین یاری دەكەم، زۆربەی كات هەفتانە بەشداریی پاڵەوانێتیی شەترەنجە نێودەوڵەتییەكان دەكەم،  لە یەكێك لەپاڵەوانێتیە ئۆنڵاینەكاندا یەكەمی سەرئاستی جیهان بووم، ئەو بردنەوەیەشم لەدوای شەش مانگ یاریكردن بوو كە نزیكەی 300 بۆ 400 كەس بەشداربوون، دواجار لە یاریزانێكی هیندستانم بردەوە بەناوی (سەنگەر شەو) و بە 32 خاڵ بووم بە پاڵەوانی خولەكە.

#ســتادیـۆم

بابەتە پەیوەندیدارەکان